توركیا ناسنامەی وڵاته‌كه‌ى به‌دانیشتوانى شارێكى سوریا ده‌دات

جیهان

08/06/2021‌ 2008 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

حكومه‌تى توركیا له‌سوریا ده‌ستیكردوه‌ به‌پێدانى ناسنامه‌ به‌دانیشتوانى ناوچه‌یه‌ك‌و ڕۆژنامه‌یه‌كى ڕوسیش ورده‌كارییه‌كه‌ى ئاشكراده‌كات.

ڕۆژنامەی "کۆمێرسانت"ی ڕوسیی لەڕاپۆرتێکدا باسی لەو هەنگاوە مەترسیدارانە کردووە کە تورکیا به‌مەبەستی بەتورککردنی ناوچەکانی پارێزگای ئیدلبی سوریا پەیڕەویان دەکات، کە دواترینیان بریتییە لەدەرهێنانی ناسنامەی تورکی بۆ دانیشتووانی ناوچەکە.

بابەتەکە کە لەلایەن ماریانا بیلینکایا ئامادەکراوە باس لەوەدەکات، وردە وردە ئەگەرەکانی گەڕانەوەی ناوچەکانی باکورو باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا بۆژێر کۆنترۆڵی حکومەتی دیمەشق کەمدەبێتەوە، بەشێوەیەک تورکیا لەدواین هەنگاویدا دەستیکردووە بەدەرهێنانی ناسنامەی تورکی بۆ دانیشتووانی ئەو ناوچانە، کە ئەمەش توڕەیی‌و بێزاریی دیمەشقی لێکەوتۆتەوە.

ڕۆژنامەکە وتویەتی:"هاوکات لەگەڵ ئەوەدا، حکومەتی تورکیا بەپارەی تورکی دەستیکردووە بەنۆژەنکردنەوەی نەخۆشخانەکان‌و کردنەوەی لقی زانکۆ تورکییەکان لەشارەکانی ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی خۆی لەباکوری سوریا، بەشێوەیەک لەمانگی شوباتی ڕابردوو، کۆلێژی پزیشکی یەکێک لەزانکۆ تورکییەکان‌و لقی یەکێک لەپەیمانگاکان لەناوچەکە کرایەوە، لەمدواییەش دەسەڵاتدارانی تورکیا ڕێگە بەخوێندکارانی ئیدلب نادەن لەناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی ڕژێمی دیمەشق تاقیکردنەوەکان ئەنجامبدەن".

لەبەشێکی ڕاپۆرتەکەی ڕۆژنامە ڕوسییەکەدا باس لەوەکراوە، لەمانگی ئایاردا لەناو تورکیاوە کارەبا گەیەنرایە ئیدلب، لەمانگی ئازاری ڕابردوو تەنها سێ هەفتە دوای ڕیککەوتنی نێوان تورکیاو ڕوسیا بۆ گەیشتنە ڕێککەوتنی ئاگربەست لەئیدلب، گرێبەستێک واژۆکرا بۆئەوەی وێستگەیەکی کارەبا لەسەر سنوری تورکیاو سوریا دروستبکرێت.

لەو چوارچێوەیەدا، کیریل سیمۆنۆڤ پسپۆڕ لەئەنجومەنی ڕوسیی بۆ کاروباری نێودەوڵەتیی بەڕۆژنامەی "کۆمێرسانت"ی وتوە:"بەبەرچاومانەوە دەبینین کە چۆن سوریا ئیدلب لەدەستدەدات، مادام هیچ سازانێکیش لەسەر ئایندەی سیاسیی سوریا بوونی نەبێت، ئەوە ئەو ناوچانە ناگەڕێنەوە بۆ ژێر کۆنترۆڵی دیمەشق".

لای خۆشییەوە، مۆسکۆ ناڕازییە بەوەی وڵاتانی ڕۆژئاوای ئامادەنین لەڕێگای دیمەشقەوە هاوکارییە مرۆییەکانیان بگەیەننە ئیدلب، هەروەک ڕوسیا بەوە دڵخۆش نییە کە ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا 240 ملیۆن دۆلاری بۆ پێداویستییە مرۆییەکانی سوریا تەرخانکردووە، مادام هیچ لایەنێک ئامادەنەبێت پارە لەپێناو دوبارە ئاوەدانکردنەوەی سوریا بداتە حکومەتی دیمەشق.

و: ئاکۆ ئاڵی