بۆ ژنان زۆر لەبەر ئاوێنەدا دەمێننەوە؟

هەمەڕەنگ

08/06/2021‌ 115 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ژنان کە وردە وردە دەچنە تەمەنەوە دابەش دەبن بۆ دوو دەستە؛ جۆری یەکەمیان، هەموو بەیانییەک لە ئاوێنەکەدا بەدیار خۆیەوە دەمەێت، ئەو خەت و وردە چرچە نوێیانە دەژمێرێت کە لە ڕوخساری کەوتوون... خۆی دەخواتەوە، لێوی دەکرۆژێت، ئەوەندە لە خۆیدا دەمێنیتەوە، دونیا لە خۆی دەکاتە دەرەوە، هەندێ لەم ژنانە وردە وردە دەگوڕێن بۆ کائینێکی بوغزن...

هەرچی جۆری دووەمە مينۆريتێتن {کەمینەن}؛ وردە وردە لەگەڵ خۆیاندا ڕادێن، هێورن، میهرەبانن، ئەگەرچی لەبەردەم ئاوێنەدا دەوەستن، بەڵام لۆچە تازەکانی ڕوخساریان وەک مژدەی کەماڵ تێ دەگەن، ئەمانە لە ژیانی خۆیاندا نیانتر دەبن، زۆرتر سەری یارمەتیدانی خەڵکیان دەپەرژێ، لەیەکەم نیگایانەوە، نورێک سەر دەکات، ئیشراقێک لە دڵیاندایە هەر لەخۆوە خەڵک خۆشی دەوێن..

ئۆسکار وایڵد وتبووی: "خودا بە ئامانەت جوانی دەدات بەژن." بەڵام ئامانەت خۆی چییە؟ ئامانەت واتە شتێک کە بۆ هەتاهەتایە نابێ بە هی خۆت، بۆ هەتاهەتایە لات نییە... ڕۆڵی ئامەنەتەوان؛ هەمیشەیی نییە، ئیشێکە لە دۆخێکدا وەریدەگری و لە پڕێکدا لێت دەستێننەوە... ئەوجا سەختی ئامانەت لە پاراستنەکەیدایە، بۆیە ژنان ناحەقیان نییە نزیکەی نیوەی تەمەنیان لەبەر ئاوێنەدا سەرف بکەن، چونکە ئەوان نایەنەوێ ڕووزەردی لای خودابن.
توانا ئەمین