پەڕلەمانی ئەوروپا ڕێکخراوی گورگە بۆرەکانی تورکیای خستە لیستی تیرۆرەوە

جیهان

09/06/2021‌ 1613 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا بڕیاریداوە ڕێکخراوی نەتەوەیی توندڕەویی "گورگە بۆرەکان"ی تورکیا بخاتە لیستی یەکێتیی ئەوروپا بۆ  ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان، ئەویش دوای نزیکەی هه‌شت مانگ لەقەدەغەکردنی لەفەڕەنسا.


ناچو سانشێز ئەموری په‌رله‌مانتاری ئیسپانی پەڕلەمانی ئەوروپا کە پڕۆژەی بەتیرۆرناساندنەکەی ئامادەکردوە به‌ئاژانسی هه‌واڵى "مۆنتی کارلۆ"ی فەڕەنسیی وتوه‌، "ئەوە بابەتێکی سروشتییە کە ڕەوەندێکی بیانیی لەئەوروپادا خاوەن کاریگەریی بێت، بەڵام کێشەکە لەوەدایە کە ڕێکخراوی گورگە بۆرەکان بەشێوەیەکی سیاسیی ڕەفتار دەکەن‌و ڕاستەوخۆ فەرمان لەئەنكەرەوە وەردەگرن".

لەماوەی چەند مانگی ڕابردوودا ئەندامانی ئەو ڕێکخراوە كه‌ نزیکه‌ لەدەسەڵاتدارانی تورکیا لەچەندین ڕووداوی توندوتیژییەوە تێوەگلاون، بەشێوەیەک لەمانگی تەمموزی ساڵی 2020 ئەندامانی سەر بەو گروپە توندڕەوەی تورکیا بەدارو بەردو مۆلۆتۆف هێرشیانکردەسەر خۆپیشاندانێکی ئاشتیانەی کوردەکان لەڤییەننای پایتەختی نەمسا.

هەروەک لەمانگی ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردوو، ئەو گروپە هێرشیانکردەسەر ڕەوەندی ئەرمەنی لەفەڕەنساو مۆنۆمێنتێکیان شکاند کە ئاماژەی بەکۆمەڵکوژی ئەرمەنەکان دەکرد، جگەلەوەی ئەو سیاسییە ئەوروپاییانەی ڕەخنە لەڕەفتارەکانی تورکیا لەسەر گۆڕەپانی نێودەوڵەتیی دەگرن، لەلایەن ئەندامانی ئەو ڕێکخراوە لەتۆرە کۆمەڵایەتییەکاندا ڕووبەڕووی هەڕەشەو تەنگ پێهەڵچنین دەبنەوە.

بۆ قەدەغەکردنی ڕێکخراوی گورگەبۆرەکانی تورک، یەکەمجار فەڕەنسا دەستپێشخەریی کرد، هەروەک دواتر ژمارەیەک په‌رله‌مانتاری ئەڵمانی‌و نەمسایی داوایان لەحکومەتی وڵاتەکانیان کرد کە هەمان هەنگاوی فەڕەنسا هەڵبێنن.

چاودێران دەڵێن، "ئەو قەدەغەکردنە تەنها گرنگییەکی سیمبوڵی هەیە"، بۆئەوەش دیبلۆماتکارێکی ئەوروپایی بەگۆڤاری "لێکسپرێس"ی فەڕەنسایی وتوە، "گورگەبۆرەکانی تورک نوسینگە یان دۆخێکی یاساییان لەناو وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپادا نییە، بۆیە خرانە ناو لیستی تیرۆرەوە واناکان چالاکییەکانیان ڕابگیرێت، بەڵکو زیاتر چاودێریان دەخرێتەسەر".

و: ئاکۆ ئاڵی