شارپرێس:
ئاهو ناڵەی نەخۆشان لەنەخۆشخانەکانی تایبەت بەشێرپەنجەوە بەرزدەبێتەوەو هەموان خەمساردانە تەماشای مەرگییان دەکەن، نەبونی دەرمانو بەرزبونەوەی ئامارەکانی توشبون تەنگی بەهەناسەکانی هیوا هەڵچنیوەو حکومەت بێباکانە مامەڵە دەکات.
ڕەنگە سەرقاڵبوون بەژیانی ڕۆژانەو پرسە سیاسییو ئابوورییەکان وایکردبێت، هاووڵاتیان لەهەرێمی کوردستان نەپەرژێنەسەر ئەوەی، بەتەنگ تەندروستی خۆیانەوەبن، یان ئاگاداری ئەو نەخۆشیانەبن، کە ئێستا لەوڵاتانی جیهان خەڵکیی بەوریاییەوە مامەڵەی لەگەڵدا دەکەن، بۆ نمونە هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان ئەگەر لەنێوان وەرگرتنی هەواڵی موچەو ئەنجامدانی پشکنینی نەخۆشی شێرپەنجە سەرپشکبکرێن، بەئەگەری زۆرەوە ڕەنگە یەکەمیان هەڵبژێرن.
بەپێی سەرچاوە زانستیەکان پیسبوونی ژینگە، خواردنی ناتەندروست، قەڵەوی، وەرزشنەکردنو جگەرەکێشان، دیارترینو سەرەکیترین هۆکارەکانی پشت تووشبوونی مرۆڤن بەنەخۆشی شێرپەنجە، هەرچەندە ستانداردی جیهانیی بۆ نەخۆشی شێرپەنجە بەردەوام ئاماژە بەهەڵکشانی ژمارەی توشبوون دەکەن، بەڵام نابێت هەڵکشانی بەرچاویڕێژەی تووشبوون بەشێرپەنجە لەکوردستان نادیدە بگرین کە ناوبەناو بەرپرسانی تەندروستی ئاماژەی ترسناک دەدەن بەگوێی هاوڵاتیاندا.
لەشەش ساڵی ڕابردوەوە نەخۆشخانەکانی تایبەت بەشێرپەنجە لەهەرێمی کوردستان دەستیانکردووە بەتۆمارکردنی داتایەکی وردی توشبووان، بۆیە لەنەخۆشخانەی نانەکەلیو سەنتەری شێرپەنجە لەنەخۆشخانەی ڕزگاری لەشاری هەولێر، 16 هەزارو 237 تووشبووی نوێی شێرپەنجە تۆمارکراون.
لەسلێمانیش، پزیشکانی تایبەتمەند بەشێرپەنجە پێیانوایە ئاماری پێنج مانگی سەرەتای ئەمساڵ زەنگێکی مەترسیدارە، چونکە تەنیا لە5 مانگی ئەمساڵدا لەسلێمانی 1517 تووشبووی شێرپەنجە تۆمارکراونو لەمانگێکیشدا 213 تووشبوو، واتە بۆ هەر ٢٤ کاتژمیرێک ٧ توشبوو دەستنیشانکراون، لەو ژمارەیەش لەسەدا ٧یان منداڵو مێردمنداڵن.
ئێستا ڕۆژانە زیاتر لە500 کەس سەردانی نەخۆشخانەی هیوا دەکەن بۆ ئەنجامدانی پشکنینی شێرپەنجە، بەگشتی باوترین جۆرەکانی شێرپەنجە لەهەرێمی کوردستان شێرپەنجەی مەمکەو لەسەدا ١٨ی توشبوان پێکدەهێنێت، لەکاتێکدا لەجیهاندا 11% بۆ 12%ـە، لەکوردستان ڕێژەکە زۆر زیاترە، بۆ پیاوانیش، شێرپەنجەی پرۆستات، سییەکان، پاشانیش شێرپەنجەی قۆڵۆنو گەدەو جۆرەباوەکانی دیکەیە.
با کەمێک لەداتاکانی شێرپەنجە دوربکەوینەوەو باس لەهۆکارە ژینگەییەکانو خۆراکی کوالێتی خراپ بکەین لەهەرێمی کوردستان، کە پشکی شێریان هەیە لەتوشکردنی خەڵکی بەو نەخۆشییە.
بەهۆی چاوچنۆکیو پیسخۆری بازرگانانی سوتەمەنییو بەتایبەت بەنزین لەهەرێمی کوردستان، کە بەماددەی شێرپەنجەیی کوالێتی بەنزینەکەیان بەرزدەکەنەوە، مەترسییەکی گەورە بۆ ژینگەی هەرێمی کوردستان دروستبووە، سەرئەنجامیش هاووڵاتی بەشێرپەنجە باجەکەی دەدات، یەکێکی دیکە مەترسییەکان کارگە گەورەکانن بەتایبەت کارگەکانی ئاسنو چیمەنتۆو پاڵاوتگەکانی نەوت کە زۆرێکیان شەوانە فیلتەری کارگەکانیان دەکوژێننەوە بۆ ئەوەی ئاستی بەرهەمیان زیادبکەن ئەو دوکەڵە ژەهراوییەدەکەن بەقوڕگو گەدەی هاوڵاتیاندا.
تەماشاکردنی دیمەنی ناحیەی بازیان لەدوورەوە ئەوڕاستییە ڕونتر پیشاندەداتو هیچ دودڵییەک ناهێڵێتەوە لەوەی کە یەکێک لەهۆکارەکانی توشبوون بەشێرپەنجە لەوێوە سەرچاوەیگرتوە.
ساڵانە هەزاران تۆن خواردن لەدەرەوە هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکرێت، هەیانە هەر لەڕێوە خۆراکی شێرپەنجەییەو هەشیانە ماوەی بەسەرچوونەکەی نزیکەو هاووڵاتییەکی بێ موچەو هەژاری ئەم هەرێمە دەکاتە نێچیری خۆی.
د. یاد نەقشبەندی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا هەواڵێکی ناخۆشی بۆ هاووڵاتیان پێبوو، بەڵام گەیاندنی هەواڵێکی ناخۆش، بەتایبەت لەو جۆرە هەواڵە، لەنەگەیاندنی پێویستترە، بەقسەی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکە "پێشبینیدەکرێت ژمارەی تووشبووانی شێرپەنجە زیادبکات، هۆکارەکانیش زۆربوونی ڕێژەی دانیشتووانو گۆڕانکاریی ژینگەیین".
یەکێک لەو گرفتانەی تووشبووانی شێرپەنجە بەدەستیەوە دەناڵێنن، نەمانی دەرمانی تایبەت بەچارەسەری شێرپەنجەیە، بەگەواهیدانی تووشبوانی شێرپەنجە، نەخۆشخانەکانی تایبەت بەتوشبوانی شێرپەنجە درێغیان نەکردووە لەدابینکردنی دەرمان بۆ چارەسەری تووشبووان، بەڵام وەک ئەو تووشبووانە دەڵێن، بێباکییو کەمتەرخەمییەکە لەحکومەتی هەرێمەوەیە کە سندوقێکی بەناوی سندوقی شێرپەنجە دروستکردووە، نە کەس دەزانێ پارەکەی چەندە، نە کەسیش دەزانێت لەکوێ هەڵدەگیرێت، تەنانەت لەکاتی قەیرانی دارایدا حکومەتی هەرێم پڕکێشی کردو دەستی بۆ دەرهێنانی پارەی ئەو سندوقەش برد.
لەئێستاشدا کە لەنەخۆشخانەکانی تایبەت بەشێرپەنجە دەرمانی پێویست نەماوە بۆ نەخۆشەکانو ناچار بەدەربرینی ناڕەزاییو هاوارو بێدادیکردن داوای بەهاناوەچوون دەکەن، هۆکارەکەی دیسانەوە بۆ کەمتەرخەمیو بێباکی حکومەت دەگەرێتەوە بەجۆرێک کە حکومەت ئامادەنییە پارەی ئەو کۆمپانیانانە بدات کە دەرمانی پێویست دابیندەکەن بۆ نەخۆشەکانو لەبەرامبەردا کۆمپانیاکانیش هێنانی دەرمانیان ڕاگرتوە.
دوو جۆری دەرمان لەنەخۆشخانەی هیوا نەماونو نەخۆشیش ناتوانێت لەدەرەوەی نەخۆشخانە دەستیبکەوێت، ئەگەر هەشبێت نرخەکەی لە1200 دۆلار بۆ 3200 دۆلار دەبێتو کوالێتییەکەی باش نییە، حکومەتی هەرێمیش وەک زۆر مەترسی دیکەی کەڕوبەڕووی هاووڵاتیەکانی دەبێتەوە، بەرامبەر بەنەمانی ئەو دەرمانانە بێباکە.
حکومەتی هەرێم ئێستا لەبەردەم بەرپرسیارێتیەکی گەورەو هەستیاردایەو لەسەریەتی هەرچی زوە هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەی ئەو نەخۆشخانانە بداتو ئاهێکی ئارامبکاتەوە بەبەر ئەو هەناسانەی کە لەچاوەڕوانی گەیشتنی دەرمانی پێویستدا چرکەکانی ژیانیان دەژمێرن.
تووشبوون بەشێرپەنجە ئەگەرێکی مەترسیدارەو لەپێش هاوڵاتیاندایە، بەڵام هۆشیاربوون بەرامبەر شێوازی ژیانکردنو خواردن، دەکرێت دوو گرنگترین دیوارە بەهێزەکەی ڕوبەڕوبونەوەی شێرپەنجەبن.