کێ پلانی کوشتنەکەی داڕشت؟
کەمال قادر لەم دیمانەیەى شارپرێسدا چیرۆکى هەوڵی کوشتنى زەعیم سدیق دەگێڕێتەوە

کوردستان

09/06/2021‌ 4491 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
کەمال قادر کەسایەتى و بەڵێندەرە ناسراوەکانى شارى سلێمانى لەم چاوپێکەوتنەى شارپرێسدا دەڵێت، چیرۆکى یەکەم هەوڵی کوشتنى زەعیم سدیق دەگێڕێتەوە و باس لە چۆنییەتى پلانەکەو ئاشکرابوونى خۆی و دەستگیرکردنەکەى دەگێڕێتەوە.

 کەمال قادر کە ساڵی ١٩٣٨ لە سلێمانی لەدایک بووە هەر لەسەر دەمى لاوییەتیەوە سەرقاڵى کارى بازرگانى و بەڵێندەرایەتى بووە، ئێستا ئەو لە تاراوگەو لە سوید دەژیت،ئەو باس لە پەیوەندی خۆى بە هێزى پێشمەرگەو بەتایبەت مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد دەکات کە چۆن لەسەر داوای ئەو چەند چالاکی لەناو شارى سلێمانى کردوە.

 زەعیم سدیق ناوی تەواوی سدیق مستەفایە و خەڵکی موسڵە. سەرەتا سەربازیێی ئاسایی بووە، لە دوای رووداوەکانی 14ی تەموزی 1958، پلە سەربازییەکەی بەرزدەبێتەوە. دوای بەرزبوونەوەی پلە سەربازییەکەی، بۆسەرکووتکردنى جوڵانەوە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکان رەوانە ئەو شارە کرا.

شارپرێس:دەمانەوێ لەو پرسیارەوە دەست پێبکەین کە بیرۆکەى کوشتنی زەعیم سدیق لەچییەوە سەرچاوەى گرتبوو بیرۆکەی خۆت بوو یان پلانی بۆ دانرا بوو؟
کەمال قادر: هەر لە خۆمەوە نەمکرد، من ڕەفیقی عەریفێکی زەعیم سدیق بووم، لەگەڵیدا سواری سەیارەکەی ئەبوو. ئەو پیاوە ئەهاتە چایخانەی سۆلاڤ. چەند جارێک کە هات بۆ ئەوێ، من پارەی چایەکەم بۆ ئەدا، لەوێوە نزیکەی بووین بە برادەر. هەندێک قسەی ئەکرد، منیش تەنیا گوێم لێ ئەگرت، وەڵامی قسەکانیم نەئەدایەوە، بە خۆمم ئەگوت، نەبا کابرا ئەو قسانە بە نەوعێک بکات. ئەم گوت، ئەم پیاوە ڕەفیقی کابرایەکی زاڵمە کە هەموو سلێمانیی کردۆتە کونەوە. دوایی کەوتینە قسە، ئینجا هەندێک قسەی ئەکرد. ڕۆژێک وتی ئەم زەعیم سدیقە زۆر غەدر لە خەڵکی سلێمانی ئەکات، نازانم، ئایا کەسێک نییە ئەو کابرایە بکوژێت؟ وتی، من ناتوانم هیچ بکەم، کەسم لە پشت نییە، من لەگەڵ ئەو تەنیا سواری سەیارەکە ئەبم. من ئەم قسانەی کابرام بۆ مەسولەکەم نووسی، ئەویش گەیاندییە مامۆستا برایم ئەحمەد. ئەویش پێی گوتبوو، با کەمال پەیوەندیی لەگەڵدا بهێڵێتەوە. ئاخر من لە خۆمەوە کاری وام نەئەکرد. ئیتر ئێمە خەریکی چاک و چۆنی بووین. جگە لەوە من بیستبووم کە لە دەرەوە فیشەکی سیمینۆڤ پەیدا بوو بوو، دەیان گوت ئەوە سیلاحێکی تازەی ڕووسییە پەیدا بووە. ئەو کاتە کڵاشینکۆڤ نەبوو، هەروەها لە دەرەوە فیشەکیان زۆر کەم بوو، منیش ڕۆژێک وتم، "فڵانە کەس"، فیشەکی سیمینۆڤت هەیە؟ وتی بۆچیتە؟ وتم حەزم لێیەتی، نەختێکم بۆ بێنە. بە پارەش بێت قەیناکات. ئەویش وتی، مەگەر لە ڕەفیقەکانی خۆمی بکڕم بۆت، یەکی بە چل، دە دانە بە هەشت پەنجایی. ئەو نەیئەتوانی زۆر بهێنێت. من ئەو فیشەکانەم لێ ئەکڕی.

شارپرێس: لەو کاتەدا ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتیی ناو شار بەتایبەتی ڕۆژانی پێش منع تەجەولەکە چۆن بوو خەڵک چۆن دەژیان؟

کەمال قادر: ژیانەکە هاکەزایی بوو، خەڵکەکە ئەوەی فەقیر بوو، ڕاهاتبوو بەو مەعیشەتەی کە هەیبوو، ئیتر ئەوە کرێکار بوو، ئەوەیان وەزیفەی هەبوو، هەموو لەگەڵ ژیانەکە ڕاهاتبوون. ئەوەی کەمی هەبوو، بەقەد بەڕەی خۆی پێی ڕائەکێشا. ئیتر کە مەنعلتەجەولەکە هات، زۆر کەس هیچی نەبوو، ئەچوون بۆ دەرەوە، بۆ دێهاتەکان، چواردەوری شاریش هەمووی ڕەبایە بوو، بە بەینی ڕەبایەکانا ئەچوون بۆ دێهاتەکان، کاتی دروێنەش بوو، ئیتر جاری وا هەبوو کابرا ڕبەیەک گەنمی دەستئەکەوت، یان شتێکی تر، ئاخر کات ٩ ی شەش بوو، یانی ٩ ی حوزەیران.

شارپرێس: ئەوەی باسی دەکەیت ساڵێ چەند بوو؟
کەمال قادر: ساڵی ١٩٦٣ بەیانی زوو بە مکەبەرە جاڕ درا کە کەس نەیەتە دەرەوە، مەنعلتەجەولە؛ مکەبەرە ئەگەڕا، دەنگەکە ئەیگوت، هەر کەس بێتە دەرەوە، ئەیکوژن. دوای ئەوە کەوتنە خەڵک گرتن. زۆر کەس گیران. کاکم و جەلالی براشم گیران. ڕەفیقی پورزام گیرا، بە محەمەوی برامم وت، محەمەو ڕاکە، با نەمانگرن، ئەو وتی، وا قوەتەکە لە سەربانەکان تەوزیع بوون، وتم وەرە ڕاکە، ئەچینە ئەو کۆڵانەی ئەوبەرەوە، لەوێوە دەرئەچین. ماڵمان لە برایم پاشا بوو. ڕامانکرد، هەر چەند هاوار هاوار، نەوەستاین، باش بوو تەقەیان نەکرد، ئێمەش دەرچووین. وەزعی سیاسی هیچ باش نەبوو. ئەگەڕان بە دوای خەڵکا، ئەوە کە ناوێکی هەبووایە، یان ئیخباری بکرایە، یان ئیشێکی کردبایە، ئیتر ئەگەڕان بەدوایا و ئەیانگرت. سەرەڕای ئەوە مەنعلتەجەولەکە هەمووی ڕەشبگیر بوو، گوێیان نەئەدایە ئەوە کە ئەمە کێیە، چییە، ئەوە زابتە، دکتۆرە، یان ئەوە وەزیفەی هەیە، ئەوە کاسبە، هەمووی ئەگرتن و ئەیخستنە ئەستەبڵەکەوە. ئەستەبڵەکەش گەرم بوو، مانگی شەش بوو، بەچکەی چۆلەکە لە هێلکە هەڵهاتبوون، دەیانوت هەندێک کەس لە برسانا بەچکە چۆلەکەی ئەخوارد. زۆر کەس تووشی سکچوون بوون، هەندێک مردن، ئاخر شۆر ئەبوون، دنیا زۆر گەرم بوو، شوێنەکەش زۆر پیس بوو، ئاوێکی گەرمیان بۆ خواردنەوە ئەدانێ، لەگەڵ شۆربایەکی هاکەزاییا بۆ خواردن کە لە شۆربا نەئەچوو، زۆر کەس سکی پێی ئەچوو، زۆر کەس ڕەنگی پێوە نەمابوو. ئەم هەواڵە گەیشت بە عەبدولڕەحمان عارف. ئیتر ئەوە بوو وردە وردە کەوتنە خەلک بەردان.

شارپرێس: پلانى کوشتنەکە پلانی بوو یان کەسانى تر؟
کەمال قادر: نەخێر پارتی هیچ پلانی دانەنا، تەنیا ئەوەندەیان وت کە من پەیوەندیم لەگەڵ کابرا بهێڵمەوە. ڕۆژێک کابرا وتی، ئەگەر جەماعەتێک هەبێ، ئەتوانین ئەو کابرایە (زەعیم سدیق) لەناوبەرین. ئێمە خۆمان حەرەسی ئەوین و لەگەڵیداین. منیش هەروا پرسیم، زەعیم سدیق کابرایەکی بەدەسەڵاتە، چۆن لەناوی ئەبەن؟ وتی ئێمە خۆمان شەش کەسین و شەو حەرەسین، ئەو سیقەی بە کەس نییە، من لەگەڵ ئەوم، مورافیقی ئەوم و لەگەڵیا سوار ئەبم، چەند جوندییەکی تریش هەن. بەڵام من ئەوانم نەئەناسی. ئەویش وتی کە من نابێت ئەوان بناسم، نەوەکا یەکێکیان ئیخباریم بکات. ئەو ویستی من تەنیا لەگەڵ ئەودا پەیوەندیم هەبێ.
ئەوە عەمەلییەیەکی چەند مانگی بوو کە من بەکورتی ئەیگێڕمەوە. کە نامەم بۆ دەرەوە نارد، وتیان کەمال لەگەڵی بە، ئەو دۆستی خۆمانە. من باسی مامۆستا برایم ئەحمەد ئەکەم. ئێمە جارێکی تریش هەر بە ئیعازی مامۆستا برایم ئەحمەد ڕۆیشتین مەرکەزی سەرکارێز بگرین. عومەری سەید عەلی لە ژیانا ماوە. عومەری سەید عەلی بوو، خوا عافوی بکات جەلالی برام بوو، پیاوێکی تریش بوو کە چووین بۆ گرتنی ئەو مەرکەزی شورتەیە. خەنجەرێک و تاپڕێک و دەمانچەیەکمان پێ بوو.

شارپرێس: ئەو پیاوە عەرەبە کێ بوو؟ رۆڵی شۆفێرەکەی زەعیم سدیق چی بوو؟
کەمال قادر: سایەق نەبوو، عەریفێک بوو کە مورافیقی بوو، لە پێشی سەیارەکەیا سوار ئەبوو، بۆ پاراستنی، ناوی فەیزوڵڵا بوو، خەڵکی مەندەلی بوو، ئەیوت کوردی مەندەلییە، عەرەب نەبوو. بەڵام بە عەرەبی قسەی ئەکرد. من ئەوانی ترم نەبینی، نازانم عەرەب بوون یان نا. تەکبیرمان کرد، وتی ئەمانەوێت بیکوژین. بە مەسئولەکەم وت، کە ئەوان شتێکی وایان بەدەستەوەیە، ئەویش وتی، چییان ئەوێ لەگەڵیاندا بە. فەیزی وتی باش ئەبێ ئەگەر هێزێک هەبێ و یارمەتیمان بدات. منیش وتم کەسی وا نییە و کەسم پێ نەناساند. وتم نەبا شتەکە کەشف ببێ و خەڵکی تر تووش ببێ. وتم با پەیوەندییەکە لە بەینی هەردووکماندا بێ. فەیزی وتی پێویستیان بە یارمەتیی من هەیە. منیش بڕیارم دا لەگەڵیان بم، پێم وت، لەگەڵیان ئەڕۆم بۆ حامیە، بەڵام بە مەرجێک کە جلی عەسکەریم بەنێ. ئەویش ڕازی بوو، پۆستاڵ و جلی عەسکەریی بۆ هێنام. منیش چواردەخۆڕێکی سیبارم هەبوو.
ئیتر ئەوە بوو فەیزی لە حامیە شوێنی بۆ دانام، وتی دەوری دوانزە بۆ یەک، کاتێک کە حەرەس ئەگۆڕرێ، عەمەلییەکە ئەکەین و ئەڕۆین، دەرئەچین. وتی زۆر ئاسانە، دەرئەچین، خۆمان شەو بە دیاریییەوە حەرەسین. ئەوان خۆیان لەناو حامیەدا بوون، تەنیا من پێویست بوو بۆ ئەوێ بڕۆم و بچمە ژوورەوە. وتی لەو شوێنە تایبەتەی خۆمان داتئەنێین تا دەست بە عەمەلییەکە ئەکەین.
من بەتەما بووم بە کێردێکی قەسابی بیکوژم. بە تەقە بمانکردایە، کەسمان دەرنەئەچووین، بۆیە ئەبوو کوشتنەکەی بێ تەقە بێت. ئەوان سیلاحیان پێ بوو، منیش هەمبوو، بەڵام نەئەبوو لەگەڵ خۆم بیبەم بۆ حامیە. بە فەیزەم وت، کە ئەو کابرایە بە سیلاح، بە تەقە، ناکوژرێت، ئەبێ بە حەربە و چەقۆ بیکوژین. وتم فەیزە با ئەم چەقۆیە لای من نەبێت، با لای تۆ بێت تا دێم بۆ حامیە. زۆر تیژ بوو، ئەتتوانی ڕیشی پێ بتاشیت. وتم سڕ ئەللەیلی حامیەم پێ بڵێ، ئێوە لەوێن و کە تاریکی کرد، دێم بۆ ئەوێ. وتی ژوورێکی تایبەتیمان بۆ خۆمان حەرەسەکان داناوە، کەس نازانێت تۆ لەوێیت.

شارپرێس: پلانەکەتان چۆن دانا؟
کەمال قادر: وا بڕیار بوو من بە جلە عەسکەییەکانەوە بڕۆم بۆ حامیە. لەو بەینەیا من بە واسیتەی مەسئولەکەمەوە خەبەرم نارد بۆ دەرەوە، ئەویش دوایی وتی، چەند کەسێکتان بۆ دائەنێین، کە شەو بێن بۆ باخەکەی جولەکان، بۆ شوێنی حەرەسەکە، بۆ ئەوەی یارمەتیتان بدەن و دەرتان بکەن ئەگەر عەمەلییەکە ناجیح بوو.
منیش کوڕێکیان دامێ ناوی فەتحوڵلا بوو، لەگەڵما بوو، کوڕێکی زۆر لێهاتوو بوو، ئێستا عەمری خوای کردووە، لە حەیاتا نەماوە، وتیان با فەتحوڵلات لەگەڵدا بێت. وا بڕیار بوو فەتحوڵڵا بچێت لە باخەکە چاوەڕوان بکات تا جەماعەتی پێشمەرگە دێن و شەو وەک حیمایە دەرمان ئەکەن. منیش جلە عەسکەرییەکە و دەمانچەکەم بردە ماڵی برادەرێک، لای مەیانی ماستەکە. یەک دوو جاری تر کە ئەچووینە ئەو ناوە، حسێن هەیە، باوکی میدیای حاجی حسێن، میدیای گۆرایبێژ، یەک دوو جار کە لە چایخانەکەی ئەو دائەنیشتین و شتی ئەیامێ، ئەموت فەیزە تۆ لێرە دانیشە، ئێستا ئەڕۆم، هەندێک ئیشم هەیە و زوو دێمەوە.
من شتەکانم لە ماڵی ئەو برادەرە دانا، بەبێ ئەوەی کەس پێی بزانێت. ئێوارە، نازانم شەوی ٣٠ یان ٣١ی دە بوو، من چووم جلە عەسکەرییەکان لەبەر بکەم. لەگەڵ فەتحوڵایا بەلای سینەما سیروانا ڕۆیشتین بۆ لای مزگەوتی گەورە، وتمان لەوێوە ئەڕۆینە خوارەوە، کە شۆڕبووینەوە، بینیمان ئەو ناوە هەمووی بە عەسکەر گیرا بوو. وتم فەتحوڵڵا لە من دووربکەوەرەوە، نەوەکا ئەمە موئامەرە بێت بۆ ئێمە، وتم تۆ وردە وردە بڕۆ و لێم دوور بکەوەرەوە. ئەو ڕەنگێکی هێنا و ڕەنگێکی برد. وتم فەتحوڵڵا هیچ ڕەنگی خۆت تێک نەدەیت. عەسکەرەکان دەوری منیان گرت و بانگیان کردم، وتیان "تعال، انت کمال؟" وتم بەڵێ ناوم کەمالە. یەکسەر تێیان سرەواندم، لە تەپڵی سەرمیان دا و خستمیانە ژێر لۆرییەکەوە. کە گیرام، خستیانمە جێبێکی ڕووسییەوە، لەسەر سنگ دایاننام، زۆر عەزێتیان دام. کە کردیانم بە حامیەدا، یەکسەر بردیانم بۆ ژوورەکەی زەعیم سدیق.

شارپرێس: چۆن دەستگیر کران دەستى کەسى لە پشتەوە بوو؟
کەمال قادر: جەماعەتی حەرەسەکانی زەعیم سدیق کە شەش حەرەس بوون، ئیعترافیان کردبوو. ئیتر نازانم کامیان بوو ئیعترافی کردبوو. کە چوومە حامیە و کردیانم بە ژوورا، ئەو کێردە کە لای فیزە دامنابوو، بینیم لەسەر مێزەکەی زەعیم سدیقە. ئیعترافم لەسەر کرابوو. کە گەیشتینە ئەوێ، یەکێکیان وتی: "سیدی جابلنا"، وتی ئەوە هێنامان، کردیانم بە ژوورا، ئەویش لە ژوورەکەدا پیاسەی ئەکرد، چەقۆکەی لەسەر مێزەکە دانابوو، تەماشای کردم و لێی پرسیم: "های السچینە مال مین؟"، وتم: "سیدی نازانم". دوو سێ جار هەمان پرسیاری تکرار کردەوە و تووڕە بوو. ئینجا چەقۆکەی گرت بە دەستەوە و هاتە نزیکمەوە، دەستی بەرز کردەوە، خوا عالمە ئەمە کە ئەیڵێم ڕەنگە بڕوام پێ نەکەن، هەر دەستی بە چەقۆکەوە بەرزکردەوە و لە سەرسنگی دام، مەچەکیم گرت، ئەوە نەبووایە ڕەنگە تا سەردڵم بچوایەتە خوارەوە. خوێن فیچقەی کرد. ئیتر هێز لە گیانما نەما. وتم ئەم کابرایە لەسەر هیچ زەلام ئەکوژێ، جا وەرە کەسێک ویستبێتی ئەو خۆی بکوژێ، بە چەقۆ بیکوژێ، ئیتر ئەبێ چی لێبکا؟ نازام کامیان ئیعترافی کردبوو. لەوێ زوبات دانیشتبوون، بەر ژوورەکە بە حەربەوە گیرابوو، یەکێکیان ئەیگوت "سیدی خللی ..."، ئەیوت ئێستا لەتوپەتی ئەکەین، چۆن وێراوێتی موئامەرە لە زەعیم بکات؟ هەر بیکەیتە دەرەوە سەیدی، بۆت لەتوپەت ئەکەین. عەریف سمایلێکی لێ بوو زۆر خراپ بوو، دەیوت سەیدی نەیەڵیت جوندییەکان بێنە ژوورەوە. چەقۆکەی دانایەوە. تەماشای کرم و وتی "اعترف"، وتم ئاگام لە هیچ نییە. بە عەریف سمایلی وت تێڵاکە بێنێت. عەریف سوبحی هەبوو کە عەرەب بوو (ئەم دوانە سلێمانییان کردبووە کونەوە)، ئەویان خەڵکی مەندەلی بوو، ڕەئیس عورەفای ئەو لیوایە بوو، ئەم بێناموسەشیان ئینزیباتی لیوای بیست بوو. لیوای بیست زۆر خراپ بوو. کە ئەیانوت ئەوا عەریف سمایل هات، خەڵک خۆیان لێ ئەشاردەوە. ئەوەندە بێناموس بوو.

شارپرێس: کەواتە هاوشێوەى مولازم موحسین بووە؟
کەمال قادر: لەو خراپتر بوو. جا سمێڵ زلێک بوو، خەڵکی مەندەلی و خانەقین و ئەو ناوە بوو. ئیتر ئەوە تێڵایەکیان بە حەبلێکەوە هێنا و خستیانە قاچم، جەڕانیان تا هێزیان تیا بوو، ئینجا بەو تێڵایە لە بنی پێمیان ئەیا و دووبارە ئەیانوت: اعترف. هیچ فایەی نەبوو، وتم ئاگام لە هیچ نییە. وتی "ئەی فیشەکەکان؟ تۆ ئەوەندە فیشەکت بۆ هاتووە!". ئەوە هەر خۆیان بوون کە ئیعترافیان کردبوو. ئیتر نازانم لەو شەش کەسە کامیان بوو لە ترسا ئیعترافی کردبوو. بەتەواوی ئەیانزانی چەند فیشەک بوو.

شارپرێس: لە سەرسنگی دایت؟
کەمال قادر: بەڵێ چەقۆکەی دانایەوە، دوایی چەقۆکەی هەڵگرتەوە و ئەمجارە ویستی لە قوڕقوڕاگەمی بات، لێی نەیا، چەقۆکەی دانایەوە، وتی ئەبێ پێمان بڵێێت کە کێت لەگەڵایە، ئەبێ ناوی هەموویانم پێبڵێیت. وتم سەیدی من نازانم ئەمە چییە، موئامەرەیە یان چی. وتی ئەم شتانە نییە، موئامەرە نییە، هەمووی ئیسپاتە و ئەبێ ئیعتراف بکەیت، فیشەکیشت بۆ هاتووە، فیشەکەکان لای کێن و داوتن بە کێ؟ هەموو زانیارییەکانی لابوو.

شارپرێس: ئەی چۆن بوو نەیکوشتیت؟
کەمال قادر: ئەیکوشتم، بەڵام جارێ ئیشی پێم بوو. وتی بەیانی ئەبێ بچیت بۆ ئەو چایخانەیە، کە لەوێ فەیزە لەگەڵم دائەنیشت. چیخانەکەی ناو بازاڕ، لای بەلەدییە کۆنەکە. ئیتر ئەوە بوو لەوێوە چووینە خوارەوە. من ئەوەم پێ خۆش بوو، وتم دەرفەت هەڵکەوێ ڕا ئەکەم لەدەستیان. بەڵام فێڵەکەیان ئەوە بوو کە جلە عەسکەریەکەیان لەبەر کردم، جووتێک پۆستاڵی گەورەیان دامێ، ڕەقەمەکەی زۆر لە قیاسی قاچی خۆم گەورەتر بوو، قەیتانەکەشیان زۆر توند کردبوو کە نەمئەتوانی بیکەمەوە. قۆڵیشیان کردبوو بە قۆڵما، بە حساب برادەرمن و پیاسەم لەگەڵ ئەکەن، تا کەس هەست بە هیچ نەکات. کە گەیشتینە ئەوێ، وتیان ئەو کەسە کێیە، پێشانمان بە، وتم کەس ناناسم. ئەوە بوو کردیانمەوە بە حامیەیا، لەوێ چینێکی تریان لێیام، تا تاقەتیان چوو، ئینجا وتیان هەستە با بچین بۆ ماڵتان. کە چووینە ماڵەوە، لەوێ چەند مودەڕەعەیەک و سێ زیلی عەسکەری بڵاوەیان کرد، هەموو سەربانەکانیان گرت، پەیژەیان دانا و چوونە سەربان. من لە جێبەکەیا بووم، زۆر عەزێتیان دابووم و بێتاقەت بووم. لە دەرگەی ماڵەوەیان دا، دایکم خوا عافوی بکات دەرگەکەی کردەوە، کابرا وتی "نرید کمال". دایکم نەیئەزانی کە من گیراوم، وتی کەمال ناومان نییە، ئەوانیش پاڵێکیان بە دایکمەوە نا و خۆیان کرد بە ژوورا. پێشتر بەیانمان بۆ هاتبوو کە دایکم لەژێر نوێنەکانا هەڵیگرتبوون. هەموویان دۆزینەوە، دوو شەدە، منیش ئاگام لە هیچ نییە، دەرمانیشیان گرتبوو کە هینی کاکم بوون، وایان ئەزانی هینی دەرەوەن. چووینەوە بۆ حامیە، کردیانم بەژوورا. زەعیم سدیق وتی، تۆ بە هەموو تاوانێک تاوانباریت و ڕەمی ئەکرێیت، بەڵام وەعدی شەرەف بێ بەس شوێنی مەتبەعەکەمان پێ بڵێ، ناتکوژین.

شارپرێس: ئەو شوێنە کە بەیاننامەکانى لێ چاپ دەکرا؟
کەمال قادر: بەڵێ. وتم ئاگام لە بەیان نیە، ئەوە خۆتان داتان ناوە. کە وام ئەووت، خوشقی ئەبوون. زۆر هەوڵیان دا، سوودی نەبوو. وتی بڕۆن هەڵیواسن تا ئیعترافی پێئەکەن. هەردوو دەستیان لە دواوە بەستمەوە و لە ژوورێکی بچووکا لە سجنی عەسکەری بەستیانمەوە. دەرگەیان لەسەر داخستم و حەرەسی تایبەتیان بۆ دانام. شەو زۆر خەریک بوون کە ئیعتراف بکەم، وتم ئاگام لە هیچ نییە. وتیان بیهێڵنەوە، مۆڵەتی تا سبەینێ یان دووسبەی بدەنێ تا ئیعترافی پێئەکەین. کاتی مەلا بانگان بوو، یەکێک دەرگەکەی کردەوە، حەبلەکەی لە دەستم کردەوە، وتی "انت خلص من الاعدام"، وتی زەعیم سدیق بە خۆی و لیواکەیەوە ڕۆیشتووە بۆ بەغا. داوایان کردبوو کە لیوای بیست بە عەجەلە بگاتە بەغا. کابرا بەتانییەکی بۆ هێنام، دۆلکەیەک چا و دوو سێ سەموونی بۆ هێنام. پیاوی ئاوا باشیشیان تیابوو. کابرا عەرەب بوو، ناوی سەید کامیل بوو، وا بزانم عەریف بوو، وتی من سەید کامیلم، خەڵکی لای شامیەی نەجەفم، وتی تۆ تازە ناتکوژن. نازانم، لە بەغا ئینقلاب کرا بەسەریانا، نازانم چی بوو. ئەو دەمە ناوی بەعسی پەیا بوو بوو، نازانم حەرەس قەومی بوو چی بوو، نازانم چی بوو پەیا بوو بوو. داوای لیوای بیستیان کردبوو، لیوایەکی زۆر دڕ بوو و بردیانەوە بۆ بەغا. ئەو کاتە کەریمی قەرەنی موتەسەریفی سلێمانی بوو، حاکم بەکریش کە خەڵکی کۆیە بوو، ڕەئیسی مەحکەمەی سلێمانی بوو. هەردووکیان زۆر محاوەلەیان کرد کە قەزیەکەم بخەنە شورتە، لە حیزبیشەوە زۆر هەوڵیان دا قەزیەکەی من بخەنە شورتە. من ٥٤ شەو لە ژوورەوە مامەوە، لە حامیە. دوای دوو سێ ڕۆژ کە لەوێ بووم، حسێنی چایچییان هێنا، باوکی میدیای گۆرانیبێژ، لەگەڵ حەسەن داڵاش کە چەخماخساز بوو لای سەراجەکان. ئەوانیش گیرابوون، نازانم حەسەن لەسەر چی گیرابوو، بەڵام حسێن ئەیگوت کە گیرابوو لەسەر ئەوەی ئێمە لە چایخانەکەی دانیشتووین و چامان خواردۆتەوە. من نەمهێشتبوو کەس پێ بزانێت، بزانێت کێ رەفیقمە، قەد نەمئەهێشت کەس لە نزیکەوە بیناسن، ئەموت ئەگەر شتەکە ئاشکراش ببێ، با هەر خۆم تیا بچم. ئیتر کە ٥٤ ڕۆژ لەوێ ماینەوە، دوایی قەزیەکەیان لە عەسکەری نەهێشتین و خستیانە شورتە و بردیانین بۆ سجنی سەرەوە. کە چووینە ئەوێ، کوڕێک گیرابوو، کامیلی حاجی قایەری قەرەچۆغانی ی بەر خانەقا، ئێستا لە بازاڕی دۆلارەکە محەلی هەیە، لە حەیاتا ماوە، ئینسانێکی چاک بوو. ئەویش گیرا بوو، پێیان وتبوو تۆ کامیل قادری برای کەمال قادریت. تەلەبەش بوو. هەر ناوی باپیرمان لەیەک ئەچوو. ئەوەندیان لێدابوو، لەتاوانا لەژێر تەعزیبا ئیعترافی کردبوو کە برای منە. کە چووینە سجن، محەمەوی برام لەوێ بوو، کاکم خوا عافووی بکات لەوێ بوو. ڕوویان کردە کامیل و وتیان ئەوەش براکەی ترتە، وتم ئەو لە برا زیاترە، باوەشم پیا کرد. ئیتر پاش فەترەیەک هەر چواریان بردین بۆ دائیرەی ئەمن، دوان دوان بە یەکەوە کەلەپچەیان کردبووین، بردیانین بۆ ئەوێ بۆ ئەوەی کامیل جیا بکەنەوە و بەری بەن، وتم ئەم برای ئێمە نییە، ئەم قەرەچۆغانییە، باپیری من ئەمەیە و باپیری ئەو ئەوەیە، ئێمە خەڵکی ئێرەین و ئەو خەڵکی ئەوێیە. ئیتر ئاوا. بەڵام هەر بەریان نەیام. وتیان توهمەی تۆ زۆر گەورەیە. کە موتەسەریفی بەغاش کوژرا، وتیان تۆ دەستت لە کوشتنی ئەویشا هەیە. ئاگاشم لێ نەبوو، بۆم دروستکرابوو. ئەوە کوڕێکی سلێمانی بوو موتەسەڕیفی بەغای کوشت. وتم من ئاگام لەو شتانە نییە. هێنایانینەوە بۆ سجن. ئیتر پاش ماوەیەک موفاوەزات دەستی پێکرد. وتیان هەرچی سجنی سیاسی هەیە بەرئەبێ. هەر کە ناوەکان خوێنرانەوە، خوا عالمە، یەکەم کەس کە بانگیان کرد من بووم، وتیان کەمال قادر رۆستەم، وتم فەرموو، وتی ئەوە موفاوەزات هەیە، هەرچی سجنی سیاسی هەیە بەرئەبێ. ئیتر لە سجن لەخۆشیا بوو بە هەڵپەڕکێ. دوای چەند ڕۆژێک خەلک بەردان دەستی پێکرد، بەڵام منیان هێشتەوە، حیجزیان کردم، وتیان توهمەکەی تۆ بە هیچ نەوعیك لێبوردن نایگرێتەوە، دەبێت حیجز بکرێیت. ئەوە بوو لە حیزبەوە، لە حاکمەوە زۆر هەوڵ درا کە بەرم بدەن، وتیان بە کەفالەت بەری بدەن، ئیتر نازانم، نزیکەی دە ڕۆژ یان دوو هەفتە دوای ئەوان بەریاندام بە کەفالەت. وتیان میرزایەک هەیە پێشمەرگەیە، ئەیکەین بە کەفیلت، بە کەفالەتی هەزار دینار. دوایی هەر شتێک بوو، هەردووکتان لەگەڵ میرزایا ڕابکەنە دەرەوە. ئیتر ئەوە بوو بە کەفالەتی میرزا بەردرام.

شارپرێس: ئەی سەربازە هاوکارەکانت چییان بەسەر هات؟
کەمال قادر: ئەوەیان کە لەگەڵ منا بوو، بەستبوویانەوە، هەردوو دەستیان لە پشتەوە بەستبۆوە. ئەشکەنجەیان دابوو. نازانم چیی بەسەر هات، ئەویانم نەبینییەوە. هەر لەحزەیەک بوو، دەرکەوت و نەمبینییەوە. ڕاستییەکەی دوایی کەسیانم نەبینییەوە.

شارپرێس: دوای گەڕانەوەی باڵی مەکتەبی سیاسی، حیزبییەکان، هەر لە حیزبدا مایتەوە؟ لە شار چەکدار بوویت یان گەڕایتەوە بۆ ژیانی خۆت؟
کەمال قادر: من لە سەرەتاوە پێشمەرگەی داخلی بووم. جگە لەوە کە گیرام، زۆر لەوانە کە منیان ئەناسی، بە شەو ڕۆیشتن، وتیان نەبا ئیعترافمان لەسەر بکا. ڕایانکردە دەرەوە، یان خۆیان شاردەوە. وتبوویان تازە کەمال گیراوە و تەحەمولی لێدانی ئەو کابرایە ناکات، هی زەعیم سدیق. هەر ئیعترافی پێئەکەن.
ماوەیەک ڕەئیس خەلیەی پێشمەرگەش بووم. پێشمەرگەم هەبوو، خەلیەی لاوانم هەبوو. خەلیەی حیزبیم هەبوو. هەتا چەند کەسێک، ناویان ناڵێم، ئێستا لە حەیاتا نەماون، بەناکانیش، ئەمانە لای من تەنزیمی بوون. ئینجا کە بەیانێک بهاتایە، ئەمبردە پشتی خەستەخانەکەی ئێستاوە، شوێنی مەحکەمە، ئەو ناوە هەمووی چۆڵ بوو، لەوێ دائەنیشتین، بەیانەکەمان ئەخوێندەوە و مەسەلەکەمان بۆ یەک باس ئەکرد. یان ئەگەر بیروڕایەک هەبووایە، پرسیارێک هەبووایە، لە یەکتریمان ئەکرد. یان گەر یەکێکیان پێشنیارێکی هەبووایە، ئەمگەیانە شوێنی خۆی.

شارپرێس: ئەی کەی بەتەواوی وازتهێنا و چوویتە سەر ئیشی خۆت؟
کەمال قادر: تا ٢٠٠١ من هەر ئیشم کردووە و یارمەتیشم داوە. ئینجا ئیشێکی گەورەیان پێکردم، ئەوەی بەغا. لە ئەلعەمەلیات الزرقا، ٦/٦/١٩٩٦، من ئیشتراکم کرد، من ئەو شتانەم بۆ ماددە نەکردووە، تا ئەمڕۆش داوای نە ماددە و نە مەنسەبم نەکردووە. ئەمە کە من باسی ئەکەم، دوو کەڕەت لە ئیزاعەکان باس کراوە، یەکێکیان حسێن و ئەویتریان عومەری سەید عەلی باسی کردووە. دوو سێ جار پێیان گوتم باسی بکەم، نەم کرد، نەچووم خۆم هەڵبکێشم و باسی بکەم.

شارپرێس: با لایەنی ماددی بخەینە ئەولاوە، شکور تۆ پێویستت پێی نەبووە و تۆ یارمەتی ئەوانت داوە، بەڵام ئەوان هیچ وەفایەکیان بۆ تۆ نەبوو.

  کەمال قادر: بەڵێ، چاکیش یارمەتیم داون.

شارپرێس: بەڵام هیچ نەبێت لە لایەنی مەعنەوییەوە، دەبوو شتێکیان بکردایە.
کەمال قادر: برادەرێک کە ئەندامی مەکتەبی سیاسی بوو، ڕۆژێک کە چووم بۆ مەڵبەند، وتی "وەستا، چاکت ئەناسین، ئێمە هەموو کە ئەمڕۆ مەنسەبمان هەیە، بەرهەمی ئێوەیە ئەیخۆین. ئەوەی ئێوە کردووتانە، کەس نەیکردووە". ئیتر بڵێم چی، کەسان هەن زۆریان کردووە، کەچی ونن، ئەوەش کە سنگی دەرپەڕاندووە و هیچی نەکردووە، ئەوە بە دەرەوەیە.

شارپرێس: ئەو پارتانە دەبوو ئەوانەیان لەبەر چاو بوواوە، ئاخر لەوانە بوو تۆ لەناوبچیت؟
کەمال قادر: ئەیچۆن، دوای مەنعلتەجەولەکە چەندەها خەڵکم دەرکردە دەرەوە. یەکێکیان شەفیق ئاغا بوو، یەکێکی تر ئەحمەد ئاغا بوو. شەفیق ئاغا پێی وتم، بەشکم کاک مەحمویشمان (دکتۆر مەحمود سۆرانی) بۆ دەربکەیت، گیری خواردووە و ناتوانێت دەربچێت. دەرمکرد، بردم تا وێڵەیەر. بڕوا بکە یەک سەفتە پارەیان بۆ ئەو دەرکردنە دەرهێنا، یەک فلسم لێوەرنەگرتن. وتم پارەم ناوێ، من ئێوەم بەناو ئەم هەموو ئاگربارانەیا دەرکردووە، بۆ پارەم نەکردووە. ئاخر کەس نەیئەوێرا هاتووچۆ بکا. یان قەڵادزەییەکان، ئەحەی مەلا تەیب و چەند قەڵادزەییەکی تر، هەموویانم دەرکرد. جاری وا بوو ئەگەڕامەوە بۆ ماڵەوە، ئەمبینی لەوێ خەڵک دانیشتوون و چاوەڕوانی من ئەکەن. بە خوا هەموو ئازایان ئەلەرزی. دایکیشم ئەیوت، بە خوا کەمال تۆ وا بکەیت، تۆش شەوێک تیا ئەچیت. منیش ئەم گوت دایە، چییان لێ بکەم، پەنایان بۆ لای ئێمە هێناوە، ئەیانەوێ بڕۆنە دەرەوە. سالاری حەمە ئاغا خوا عافوی بکات لەوانە بوو. ئەوە شاسواری برای لە ژیانا ماوە و شایەتە.