هێلکەیەکی 1000 ساڵە لەئیسرائیل دۆزرایەوە

هەمەڕەنگ

10/06/2021‌ 732 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بەگوێرەی پێگەی I24NEWSی ئیسرائیلی، لەدۆزینەوەیەکی شوێنەوارێكى دەگمەندا، زانا شوێنەوارناسەکانی ئیسرائیل لەشاری یافنی لەناوەڕاستی ئەو وڵاتە هێلکەى مریشکێکیان دۆزیوەتەوە کە تەمەنی دەگاتە 1000 ساڵ.

زانا ئیسرائیلییەکان باسیان لەوەکردووە، جگە لەو دۆزینەوەیە، لەو پێگەیە سێ بوکەڵەی یاریکردنیان دۆزیوەتەوە کە لەئێسکان درووستکراون‌و بۆسەردەمی شارستانێتی ئیسلامیی دەگەڕێنەوە.

لەوبارەیەوە بێری گالن خانمە توێژەری ئیسرائیلی وتویەتی:"لەماوەکانی ڕابردوودا پارچەی توێکڵی هێلکەی کۆن لەجیهاندا دۆزراوەتەوە، بەڵام بەهۆی ناسکیی توێکڵی هێلکەوە هەرگیز ڕووینەداوە هێلکەیەکی تەواو ساغ بدۆزرێتەوە، بۆیە ئەو دۆزینەوەیە لەسەر ئاستی جیهان بەدەگمەن هەژمار دەکرێت".

بەقسەی گالن لەماوەی 2300 ساڵ پێش زاینەوە لەناوچەکەدا پڕۆژەی بەخێوکردنی پەلەوەر هەبووە.

وتوشیه‌تى:"ئەو هێلکەیەی دۆزراوەتەوە لەبەشی خوارەوەیدا درزێکی داوە، بۆیە بەشی شلەکەی ناوی دزەیکردۆتە دەرەوەو تەنیا کەمێک زەردێنەی تێدا ماوە".

خانمە توێژەرە ئیسرائیلییەکە دەڵێت:"هەرچەندە لەکاتی پرۆسەی دەرهێنانی هێلکەکەدا بەوپەڕی ئاگادارییەوە کاری لەسەرکراوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هێلکەکە تووشی درزدان بووە، بۆیە ئێستا لەتاقیگە کار لەسەر چاککردنەوەی ئەو زیانانە دەکرێت کە بەریکەوتووە".

و: ئاکۆ ئاڵی