سوپای ئەمەریکا سیستەمێکی نوێی دژە ئاسمانی لەعێراق جێگیر دەکات

عیراق

11/06/2021‌ 791 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەگوێرەی سەرچاوەیەکی ئەمنیی عێراقیی، هێزەکانی ئەمەریکا سیستەمێکی نوێی دژە مووشەک و دژە درۆنی خۆکوژیان لە بنکەی ئاسمانیی عەین ئەسەد لە رۆژئاوای عێراق جێگیر کردووە.


ئەو سەرچاوە ئەمنییە بە پێگەی "مەعلوومە"ی راگەیاندووە کە سوپای ئەمەریکا لەپێناو پاراستنی بنکەی ئاسمانیی عەین ئەسەد لە هێرشە مووشەکیی و هێرشی دڕۆنە کامیکازییەکانی گرووپە چەکدارییە شیعییەکانی لایەنگری ئێران، سیستەمێکی دژە ئاسمانیان لەو بنکەیە جێگیر کردووە.

بە وتەی ئەو سەرچاوە ئەمنییە، سیستەمەکە بەشێوەیەک کار دەکات کە هەر تەنێک بەسەر ئاسمانی بنکەکەدا بروات بەئامانجی دەگرێت و دەیخاتە خوارەوە، روونیشی کردۆتەوە کە جێگیرکردنی ئەو سیستەمە دژە مووشەک و دژە دڕۆنە خۆکوژییە لەچوارچێوەی هەوڵەکانی سوپای ئەمەریکادایە بۆئەوەی سنوورێک بۆ ئەو هێڕشانە دابنێت کە دەکرێتە سەر هێزەکانی ئەمەریکای نیشتەجێی ئەو بنکەیە.

ناوبەناو لەڕێگای مووشەک و فرۆکەی بێفڕۆکەوانی خۆکوژیی هێرش دەکرێتە سەر بنکەی ئاسمانیی عەین ئەسەد لە ناحیەی بەغدادیەی سەر بە پارێزگای ئەنبار، کە دواین جاریان رۆژی یەکشەممەی رابردوو،  6ی حوزەیرانی 2021، لەرێگەی دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە هێرشکرایە سەر بنکەکە، کە بەقسەی شانەی راگەیاندی ئەمنیی عێراقیی، هەردووک دڕۆنەکە خراونەتە خوارەوە.

ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی