بەپێی ئەنجامی راپرسییەک: ئەوروپییەکان تورکیا وەک گەورەترین دوژمن سەیر دەکەن

جیهان

13/06/2021‌ 1188 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەگوێرەی رۆژنامەی "زەمان"ی تورکی، ئەنجامی راپرسییەکی نوێ ئەوەی دەرخستووە کە دانیشتووانی یەکێتیی ئەوروپا نەوەک وەک هاوبەش یان هاوپەیمانێکی ستراتیژی سەیری تورکیا  ناکەن، بەڵکو ئەو وڵاتە وەک گەورەترین دوژمن و مەترسیی بۆسەر یەکێتییەکە دەبینن.

ئەو راپرسییە کە لەمدواییەدا لەبەرژەوەندی ئەنجوومەنی ئەوروپا بۆ پەیوەندییە دەرەکییەکان (ECFR) کراوە، دەریخستووە کە ئەوروپاییەکان پێیان وایە تورکیا لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و چین زیاتر مەترسییە بۆسەر یەکێتیی ئەوروپا.

باس لەوەکراوە کە بەشداربووانی راپرسییەکە نەوەک تورکیا وەک هاوبەش یان هاوپەیمانێکی ستراتیژی یەکێتیی ئەوروپا نابینن، بەڵکو وەکو دوژمنێک لەو وڵاتە دەڕوانن، لەکاتێکدا رووسیا و چین وەک هاوبەشی ستراتیژی هەژمار دەکەن و نایانخەنە خانەی وڵاتە نەیارەکانەوە،

ئەوەی جێگای سەرنجە ئەوەیە کە بەشی هەرەزۆری بەشداربووانی راپرسییەکە لەسەرجەم وڵاتە ئەوروپاییەکاندا تەنیا تورکیایان وەک دەوڵەتێکی دوژمن هەژمار کردووە.

لەراپرسییەکەدا دەرکەوتووە کە لەسەدا ٥٣ ی فەڕەنسیەکان و لەسەدا ٥٢ ی ئەڵمانییەکان تورکیا وەک دوژمنی سەرەکیی یەکێتیی ئەوروپا سەیر دەکەن، لەکاتێکدا لە هۆڵەندا لەسەدا ٤٥ و لە دانیمارک لەسەدا ٤٢ و لە سوید لەسەدا ٤٠یان تورکیا وەک دوژمنی سەرەکیی هەژمار دەکەن.

تورکیا ناوبەناو کارتی پەنابەران و کردنەوەی سنوورەکان وەک هەڕەشەکردن دژ بە یەکێتیی ئەوروپا بەکاردەهێنێت و هەوڵ دەدات لەوڕێگایەوە یەکێتییەکە ناچار بکات داواکارییەکانی جێبەجێ بکەن، جگە لەوەی لەرووی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و زیادبوونی سەرکووتکارییەکان ئەو وڵاتە رووبەرووی رەخنەی توندی ئەوروپاییەکان دەبێتەوە.

ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی