پارتى و یەکێتى بۆ یەکخستنەوەى هێزى پێشمەرگە گوێ لە ئەمریکاو ئەوروپا ناگرن

ڕاپۆرت

13/06/2021‌ 1002 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

هێزی پێشمەرگە، هەمیشە و لە هەمو قۆناغەکانی شۆرشی کوردستاندا، ئامرازی سەرەکی و بنچینەیی شەڕی ناوخۆ بوە، شەڕ لە هەمو کات و شوێنێکدا، بە هێزی چەکدار دەکرێت و لە کوردستانیش بە هێزی پێشمەرگە.

هەر کاتێک هێزە کوردیەکان، باسی ئاشتی و یەکریزی و تەباییان کردبێت، یەکخستنی هێزی چەکداریان کردۆتە خاڵی سەرەکی، هەموش هەوڵیان داوە، کە هەندێ خاڵی لاوەکی جێبەجێ بکەن و خۆیان لە خاڵە سەرەکییەکە بدزنەوە، کە یەکخستنی هێزی پێشمەرگە بوە.

هێزە سەربازییە سەرەکیەکان لە هەرێمی كوردستان بەسەر هەریەک لە یەکێتی نیشتمانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستاندا دابەش بون، ئەوانیش کردویانن بە یەكەکانی٧٠ و ٨٠ کە هەریەکەیان خاوەندارێتی یەکێک لەو دوو هێزە دەکات.

بەدرێژایی مێژوی ٤٠ ساڵی رابردوی پارتی و یەکێتی چەندین لێکتێگەیشتن و رێککەوتن و بریاری دوو لایەنە هەبوە بۆ یەکگرتنی هێزی پێشمەرگەو کۆتایی هێنان بە بونی دوو هێزیی، بەڵام ئەوەی دەبینرێت نەک دوو هێزەکە یەک نەخراون بەڵکو بونەتە چەند هێزێک و هەریەکەیان چەند لق و پۆپێکی تری لێ بۆتەوە.

 لەگەلمان بن پێگەوە چاوێک دەگێرین بە ناو ئەو رێککەوتن و بڕیارانەی کە بۆ یەکخستنی هێزی پێشمەرگە دراون و تا ئەم ساتە هەموویان بی ئەنجام ماونەتەوە.

لە ٧ ی نۆڤەمبەری ١٩٨٦ دا مام جەلال و ئیدریس بارزانی ریککەوتن لەسەر یەکخستنی هێزی پێشمەرگەو دروستکردنی سوپایەکی تۆکمە لە پێشمەرگەی هەردوو لا.

دوار و لە بەرنامەی کاری بەرەی کوردستانیدا لە ٣ی ٥ ی ١٩٨٨ دا بڕیاری بە تەواوی یەکخستنی هێزی پێشمەرگە درا.

لە بەرنامەی سەرجەم کابینەکانی حکومەتی هەرێم لە هەولێر و سلێمانی و دوایش لە کابینەی هاوبەشدا، باس لە یەكخستنەوەی هێزی پێشمەرگە کراوە و تا ئێشتاش هەمان باس دەکرێت.

پەرلەمانی کوردستان چەند جارێک باسی یەکگرتنی هێزی پێشمەرگەی کردوە، بەڵام وەک زۆر بڕیاری تری پەرلەمان، تەنها وەک بڕیار ماوەتەوە و جێبەجێ نەکراوە، بۆنمونە، بڕیاری ژمارە ١٩ لە ٢٣ ی تەموزی ٢٠١٤ دوای دەستپێكردنی جەنگی دژ بە "داعش" بو کە تایبەت بوو بە یەکخستنی هێزی پێشمەرگەی کوردستان.

لە بڕگەی چوارەمی بڕیارەكەی پەرلەماندا هاتووە  پێویستە لەسەر حكومەتی هەرێم هەموو هێزەكانی پێشمەرگە لەماوەی ٦ مانگ لە دەرچوونی ئەم بڕیارەوە لەچوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگەدا وەك هێزێكی نیشتیمانی یەكبخات، بەتایبەتی یەكەكانی ٧٠ و ٨٠ی هێزی پێشمەرگەی كوردستان کە دوو هێزن لە یەکێتی و پارتییەوە ئاراستە دەکرێن.

هەر دەربارەی بڕیاری جێبەجێنەکراوی یەکخستنی هێزی پێشمەگە، سەرۆكی ئەوكاتەی هەرێمی كوردستان مەسعود بارزانی، لە ١٤ی كانونی یەكەمی ٢٠١٤ دا  ٧ بڕیاری دەركرد بەمەبەستی یەكخستنەوەی هێزی پێشمەرگەی كوردستانو ئەویش جێبەجێ نەکرا.

لە خاڵی چوارەمدا ئاماژە بەوەكراوە: "پێویستە هەرچی زووترە هێزی پێشمەرگەی كوردستان بە رێكوپێكی یەكبخرێتەوە، بەشێوەیەك كە نابێ حزبایەتی تێدا بێت"

لە خاڵی حەوتەمی بڕیارەكەشیدا ئەوە خراوەتەڕو هەر هێزێك لە دەرەوەی وەزارەت هەبێت، بەنایاسایی دەژمێردرێت ‌و كەس بۆی نییە هێزی تازە لە دەرەوەی وەزارەت دروست بكات

لە نیسانی ٢٠١٧، جەعفەر شێخ مستەفا، فەرماندەی یەکەی ٧٠ لە میانی بەشداریکردنی لە فێستیڤاڵێکی عەشیرەتی مەردۆخی لە شارۆچکەی قەرەداغ، راگەیاند، بەهۆی کێشەکانی کوردستان و  قەیرانی دارایی، تاوەکو ئێستا نەتوانراوە یەکەکانی ٧٠ و ٨٠ ی یەک بخرێن، ئەو فەرماندەیە رایگەیاند، کە سەرەڕای کێشەکان، ”بەرنامەیەکی بەهێز بۆ یەکگرتنەوەی هێزی پێشمەرگە دانراوە و هێزی پێشمەرگە یەک دەگرێتەوە و دەبێتە سوپای کوردستان.  

لە ساڵی ٢٠١٧ ەوە هێزەکانی هاوپەیمانان پرۆژەیەکی چەند خاڵییان ئامادەکردوە بە مەبەستی یەکخستن و ڕێکخستنی هێزەکانی پێشمەرگەو هەردوو هێزی دەسەلاتداری چەک بەدەست ڕازی بونی خۆیان بە بریار و پرۆژەکەی هاوپەیمانان دووپاتکردەوەو هیچکامیان بە گوتەی خۆیان لاریی نەبو لە پرۆژەکە، بەڵام ئەوەی بینرا تا ئێستاش دۆخەکە هەر وەک خۆیەتی و پرۆژەکەش هیچ ئاسەوارێکی نەماوە.

سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێم لە کارنامەی کابینەکەیدا ئاشکرای کرد کە یەکێک لە خاڵە گرنگ و جەوهەریەکانی کارنامەکەی بریتی دەبێت لە یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگەو هەنگاوی یەکەم لە هێزەکانی ٧٠ و ٨٠ دەستپێدەکەن.

به‌پێی‌ ڕاگه‌یاندراوێكی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، نیچیرڤان بارزانی‌ ڕۆژی دوو شەممە ١١ی نۆڤەمبەری ٢٠١٩ له‌گه‌ڵ فه‌رمانده‌ی‌ گشتیی‌ هێزی‌ پێشمه‌رگه لەگەڵ وەزیری پێشمەرگە و فەرماندە سەربازییەکان کۆبووەوە و جه‌ختی له‌ پرۆسه‌ی‌ چاكسازی‌ له‌ وه‌زاره‌تی‌ پێشمه‌رگه‌ و رێكخستنه‌وه‌ی‌ پێشمه‌رگه‌ کردەوە.  

بەردەوام و لەو ماوەیەدا بەرپرسانی باڵای حزبی و حکومی، ئەمینداری وەزارەتی پێشمەرگەو فەرماندە سەربازیەکان بانگەشەی هەولەکانی یەکخستنی هێزی پێشمەرگەیان کردوەو تا ئێستاش هیچ دیاری نییە.

هاوپەیمانان، هاوکاری هەمەجۆری هێزی پێشمەرگە دەکەن، بە چەک و جبەخانە و مەشق و موچەی مانگانە و جۆرەها هاوکاری سەربازی و سیاسی تر، بەڵام ئەوەی کە خەڵکی کوردستان پێویستێتی و زۆر گرنگە وئەوان نایکەن،  هەوڵدانی جدیە بۆ یەکگرتنی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و رزگاریکردنی ئەو پێکهاتە گرنگ و هەستارەیە لە دەستی حزب و شەخسی ناو حزبەکان.

چاودێران دەڵێن تا ئەم دوو هێزە سیاسیە، ئەم دوو یەکە سەربازیەیان هەبێت، ئاسۆی زیندەبەچاڵکردنی شەڕی ناوخۆ، لە ئارادا نیە و هەڵگیرسانی شەڕی کوردی – کوردی لە ئاسمانی کوردستاندا بە رونی دەبینرێت وە کەوەی لە چەند ساڵی رابردودا ناوبەناو بینیومانەو گوێمان لێبوە کە هەر یەکەیان بە هێزی پێشمەرگە هەڕەشەی لەوی تر کردوەو نە سڵەمیونەتەوە لە نانەوەی ناکۆکی و نزیک بوون جارێکی تر شەری ناوخۆ و برا کوژی دروست بکەنەوە.