ئەو شەقازلەی لەبناگوێی سەرۆكی فەرەنسایان سرەواند

مەلەفی تایبەت

13/06/2021‌ 1288 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ئەو تۆمەتەم (دەستدرێژیكردنەسەر فەرمانبەرێكی دەوڵەت) زۆر بەدڵ بوو كە ئاراستەی ئەو گەنجە فەرەنسییە كرا كە زلەكەی لەسەرۆكی فەرەنسادا...


دامیان تارێل تەمەن 28 ساڵ كە ئەو تۆمەتەی دراوەتەپاڵ، ئەمڕۆ ئازادكرا، ئەمەش دوای ئەوەی پارێزەرەكانی لەبەردەم دادگا وتیان كە ئیمانوێل ماكرۆن هەڵەیكردووە بەوەی دەبوو وەك ڕێوشوێنێكی خۆپارێزی تەندروستی لەكۆرۆنا ماوەی یەك مەتر لەو تۆمەتبارەوە دوربایە. 

ئەو زلەی لەماكرۆن درا
كاتێك گوێبیستی ئەو تۆمەت بووم كە دراوەتەپاڵ دامیان تارێل، شۆك بووم، نەمزانی نەپێبكەنم نە بگریم، بەزەییم بەئەقڵە پوچەكەی خۆمان هاتەوەو تەواو دڵتەنگ بووم، دڵتەنگی زۆرم لەوە دڵنیایی كردمەوە كە هەمیسان ئەوە دووبارە بكەمەوە كە ئێمە خەڵكانێكین شایستەی ژیانكردن نین، بەهۆی پوچی عەقڵمانەوە شایستەی ئەوەین هەموو شتێكمان بەسەربێت، بۆیە پێویستە ڕۆژئاواییەكان دووبارە بمانكەنەوە كۆیلەو كەسیش بۆی نییە لۆمەو سەرزەنشتیان بكات.

فەڕەنسییەكان تۆمەتی (هەوڵی تیرۆركردنی سەرۆك‌و سەرەوژێركردنی سیستەمی حوكمڕانی‌و پلانگێڕیی بەفیتی بێگانە) یان نەدایەپاڵ ئەو گەنجە، پێیانوانەبوو كابە كەچ بووە، پێی  تەنگەتاو نەبوون، داوای گێڕانەوەی ئابڕوومەندی‌و قەرەبووی مادییان نەكرد، فڵان‌و فیسار ڕیشسپی‌و پیاوماقوڵیان نەهێنانە سەرخەت، نە دۆو دۆشاویان تێكەڵاو كردو نە كردیانە شەوی شێتەی، بەڵكو فەرەنسییەكان ڕووداوەكەیان وا لێكدایەوە كە تەنها دەستدرێژییە بۆ سەر فەرمانبەرێكی دەوڵەت.

ئەمما ڕووداوەكە بۆ ئێمە ڕویەكی تەواو پێچەوانەی هەیە؛ ئەگەر خوانەكردە شتێكی لەم بابەتە لەهەر وڵاتێكی عەرەبی قەوماباو یەكێك لەفیرعەونەكانی وڵات دەستدرێژیكرابایەسەر، ئەوكات هیچ تۆمەتێكیان ئاراستەی گەنجەكە نەدەكرد، دەزانن بۆ؟ چونكە هەر ئەوكات بەفیشەك جەستەیان دەكردە ڕەشكەو بێژینگ بەشێوەیەك كەس نەیدەناسییەوە.

وتەبێژێكی فەرمی دەوڵەتمان لێ قوتدەبۆوەو بەزمانێكی سەقەت‌و كرچوكاڵ بەیاننامەكەی وەزارەتی ناوخۆی لەوبارەوە دەخوێندەوەو دەیفەرموو: گەنجە تۆمەتبارەكە سەر بەتابووری پێنجەمەو پلانی دژ بەنیشتمانە ئازادو دیموكراسییەكەمان گێڕاوە كە لانەی خۆشگوزەرانیی‌و بەختەوەریی‌و ئازادیە، ئەو ناپاكە ویستویەتی سەركردەی وڵاتەكەمان (ڕەزای خوای لێ بێت)  تیرۆربكات كە بەدەرە لەهەموو كەموكورتییەك‌و مرۆڤی بێ هەڵەو ئاسمانی بێ پەڵەیە، تائێستا كۆپییەكی وەك ئەو لەدایك نەبووە…!!

پیلانگێڕییەكە بەفیتی لایەنێكی دەرەكییەو سەرەتایەكە بۆ ڕوخاندنی ڕژێم‌و دەستگرتن بەسەر دەسەڵاتدا…‼، ئینجا شانۆگەرییە باوەكەو قەوانە كۆنەكەیان لێدەدایەوەو تاك بەتاكی تیرەو هۆزی گەنجەكەیان (مام، خاڵ‌و خاڵۆژن‌و پورو داپیرەو باپیرە…هتد) بەئامانج دەگرت‌و لەهەموو كارو فه‌رمانێكی حكومی بێبەشیان دەكردن كە پەیوەست بێت بەسەرخان‌و ژێرخانی وڵاتەوە، تا دەسەڵاتداریش لەژیاندا بێت، دەبوو هۆزو تیرەی گەنجەكە تا هەتایە بەسەرشۆڕی بژین‌و لەكەیەك بێت بەناوچاوانیانەوە، ئەمە جگە لەدەیەها مێژونوسی قارەمانی پڕۆفیشناڵ كە بەزرینگەو خشەی پارەو سامان دەكەوتنە هەلەكەسەماو ئەو ڕووداوەیان وەك ئەفسانەو شاكارێكی مێژویی تۆماردەكرد.

ڕووداوەكەی فەرەنسا بۆ ئێمەی كۆنەپارێزی دواكەوتووی ئەقڵی‌و ڕۆشنبیریی‌و شارستانی دەبێت ببێتە پەندو ئامۆژگاریی‌و لێیە فێربین‌و لێی هەڵێنجین؛ دەبێ فێری ئەوەبین كە ئەوكەسەی پۆستێكی دەوڵەتی لەبواری خزمەتگوزاری گشتی بەڕێوەدەبات، تەنانەت ئەگەر سەرۆك كۆمار یان سەرۆك وەزیرانیش بێت، دەكرێت لەبەرامبەر حوكمڕانییەكەیدا سەركۆنەو سەرزەنشت بكرێت، كەچی ئێمەی عەرەب لەبری ئەوە هەر خەریكی هونەرسازی داڕشتنی یاسای تاوانە ئەلەكترۆنییەكانین تاوەكو دەسەڵاتدارەكانمان بەپەرژینێكی خودایی دەورەدەین.

درودو نەمری بۆ ئەو زلەیەی لەبناگوێی سەرۆكی فەڕەنسایان سرەواند كە شەقازلەیەك بوو بۆ هەموو دەسەڵاتدارێكی ملهوڕى عەرەبی كە هێشتا چێژ لەنەزانی‌و دواكەوتوویی‌و نۆكەرایەتی بۆ ئەم‌و ئەو وەردەگرێت‌و گەرەكیەتی بۆ هەتاهەتایە بمانكاتە كۆیلەو دەربار.

پێگەی ئەلیكترۆنی: ئەلشیراع
نوسینی: د.خالید ئەلمواجدە
وەرگێڕانی: لوقمان حاجی قادر