هیچ بەرەوپێشچونێک لە دانوستانەکانی نێوان تورکیا و میسر بەدینەهاتووە

جیهان

13/06/2021‌ 207 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بەگوێرەی راپۆرتێکی ئاژانسی "تاس"ی رووسیی کە پشتیی بە سەرچاوەیەکی باڵای میسری بەستووە، تاوەکو ئێستا دانوستانەکانی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان میسر و تورکیا هیچ بەرەوپێشچوونێکی ئەوتۆی بەخۆوە نەیبینیوە.

ئاژانسە روسییەکە باسی لەوەکردووە کە هەردوو لایەنی تورکی و میسری لە گفتوگۆ سەرەتاییەکانی ماوەی رابردوویاندا دیدگای خۆیان بۆ ئایندەی پەیوەندییەکانی هەردوولا خستۆتەڕوو، بەڵام لەوکاتەوە هیچ بەرەوپێشچوونێک لە دۆسییەکەدا نەهاتۆتە دی، بەوپێیەی میسرییەکان ئەو هەڵوێستەی لەسەرەتاوە دەربارەی تێروانینیان بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ تورکیا رایانگەیاندبوو جێگیرە و هیچ گۆڕانکارییەکی بەسەردا نەهاتووە.

بەوتەی سەرچاوەکە، لایەنی تورکی بۆ وەڵامدانەوەی داواکارییەکانی میسر وەک پێشمەرجی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ تورکیا هیچ کارێکی نەکردووە، کە یەکێکیان بریتییە لەوەی دەبێت ئەنقەرە هێزە سەربازییەکانی لە وڵاتی لیبیا بکێشێتەوە.

لەمانگی ئازاری رابردوو، تورکیا رایگەیاند کە پەیوەندییە دیبلۆماسییەکانیان لەگەڵ میسر دەستپێکردۆتەوە، جگە لەوەی داوایان لە میدیاکانی سەر بە ئیخوان موسلیمین لە تورکیا کرد کە هێرشەکانیان بۆسەر دەسەڵاتدارانی میسر رابگرن.

هەروەک لە ٥ و ٦ی ئایاردا، شاندێکی تورکی بەسەرۆکایەتی سادات ئۆناڵ جێگری وەزیری دەرەوەی تورکیا گەیشتە قاهیرە کە لە ساڵی ٢٠١٣ وە یەکەم سەردانی شاندێکی باڵای تورکیا بوو بۆ میسر، کە تێیدا لەگەڵ شاندی میسری بەسەرۆکایەتیی حەمدی سەنەد لۆزای جێگری وەزیری دەرەوە کۆبوونەوە.

ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی