بەشی زۆری دۆلاری فرۆشراوی بانکی ناوەندی دەبرێتە دەرەوەی وڵات

عیراق

14/06/2021‌ 1192 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بەگوێرەی لێدوانی ئەندامێکی پێشووی لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەران، ڕۆژانە 150 بۆ 180 ملیۆن دۆلاری ئەو پارەیەی بانکی ناوەندی دەیفرۆشێت، بەپاساوی هاوردەکردنی کاڵاو شمەکی بیانییەوە، بەقاچاخ دەبرێتە دەرەوەی وڵات.

ڕەحیم دەڕاجی ئەندامی پێشووی لیژنەی دارایی لەلێدوانێکدا بەپێگەی "IQ NEWS"ی وتووە، "پاساوی بانکی ناوەندیی‌و وەزارەتی دارایی عێراق بۆ دابەزاندنی بەهای دینار بەرامبەر بەدۆلار بریتیبوو لەپاڵپشتیکردنی بەرهەمی ناوخۆیی‌و ڕێگرتن بەقاچاخبردنە دەرەوەی دراوی قورس"، بەڵام بەوتەی دەڕاجی لەڕاستیدا ئەو هەنگاوە تەنها بۆ پڕکردنی گیرفانی کەسانی گەندەڵکار بووە.

دەڕاجی ئه‌وه‌شى وت:"بانکی ناوەندی ڕۆژانە زیاتر لە207 ملیۆن دۆلار دەفرۆشێت، بەراورد بەپێشوو جیاوازییەکی گەورەی هەیە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لەو پارەیە تەنها 20 ملیۆن دۆلاری دەکەوێتە بازاڕەکانەوەو ئەوەی تری بەپاساوی هاوردەکردنەوە بەقاچاخ دەبرێتە دەرەوەی وڵات".

چەند ڕۆژێک لەمەوبەر بانکی ناوەندی عێراق ڕایگەیاند، بەپشتبەستن بەو ئاستە باشەی لەدراوی قورس هەیانە، فرۆشتنی دراوی بیانیان بەرزکردۆتەوە، هەروەک جەختیشیکردەوە، بەهۆی ئەو ڕێکارانەی بانکەکە دەیگرێتەبەر، نرخی گۆڕینەوەی دینار بەرامبەر بەدۆلار لەبازاڕەکاندا جێگیردەکەن.