گوندی خەوتوان.. دانیشتوانی گوندێکی کازاخستان لەپڕ دەکەونە خەوێکی قوڵی چەند ڕۆژەوە

هەمەڕەنگ

14/06/2021‌ 629 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

گوندی کالاچی کە 300 کیلۆمەتر لەشاری ئاستانای پایتەختی وڵاتی کازاخستانەوە دورە، خەڵکەکەی لەپڕدەکەونە ناو خەوێکی قوڵەوەو بۆ چەند ڕۆژێک بەئاگا نایەنەوە، هەر ئەمەش وایکردووە گوندەکە ناوبنرێت، "گوندە خەوتووەکە"، بزانە چیرۆکەکەی چییە؟

بەگوێرەی پێگەی "مێنتاڵ فلۆس"، لەساڵی 2013 بۆ یەکەمجار نەخۆشییەکە تووشی هه‌شت کەسی گوندەکە بوو کە ژمارەی دانیشتووانەکەی نزیکەی 640 کەس دەبێت، دوای چەند ڕۆژێکیش کاتێک بەئاگا هاتنەوە، هیچ شتێکیان لەیاد نەمابوو.

دواتر، خەڵکی گوندەکە، بێ لەبەرچاوگرتنی شوێن یان کارەکەیان، یەک لەدوای یەک دەکەوتنە ناو ئەو خەوە قوڵەوە.

ڤیکتۆر کازاچینکۆ خەڵکی گوندی کالاچییە، ویستی بۆ ئەنجامدانی کارێک بچێتە شارۆچکەیەکی نزیک لەگوندەکەیان، بەڵام لەجیاتی ئەوە دەکەوێتە ناو خەوێکی قوڵ‌و دوای تێپەڕبوونی چوار ڕۆژ بەسەر ڕووداوەکەدا، لەنەخۆشخانەدا بەئاگا دێتەوە، بەڵام ئەمە بەلای ئەوەوە شتێکی نامۆو سەیر نەبوو، لەبەرئەوەی ئەوە یەکەمجار نەبوو ئەو حاڵەتەی بەسەرهاتبوو.

کازاچینکۆ بەڕۆژنامەی "گاردیان"ی بەریتانی وتووە، جارێکی تریش کەوتۆتە ناو ئەو خەوە قوڵەوە، بەڵام لەجارەکەی تردا سێ ڕۆژ لەسەریەک خەوتووە.

ئەوکەسە هاوشێوەی ئەو 152 حاڵەتەکه‌ی تر کە لەگوندەکە تۆمارکراون، دوای تووشبوونی بەنەخۆشییەکە بۆماوەی نزیکەی شەش هەفتە تووشی سەرلەگێژەوەهاتن‌و سەرئێشەی توندو لەبیرچوونەوەو بەرزبونەوەی پەستانی خوێن هاتوون.

ئەم دۆخە وای لەحکوومەتی ئەو وڵاتە کردووە، هەوڵبدات لەڕووی زانستییە هۆکاری حاڵەتە نامۆکەی گوندی کالاچی بدۆزێتەوە، دواجارو دوای 700 ڕۆژ لەگەڕان‌و لێکۆڵینەوەی زانستیی، حکومەتی کازاخستان مەتەڵەکەی ئاشکراکرد.

بەگوێرەی ڕۆژنامەی "گاردیان"ی بەریتانی، توێژەران دوای شیکردنەوەی پشکنینی پزیشکیی سەرجەم دانیشتووانی گوندەکە، بەو ئەنجامە گەیشتن کە خەوی کتوپرو قوڵیی خەڵکی ئەو گوندە بۆ بەرزی ئاستی یەکەم ئۆکسیدی کاربۆن‌و هایدرۆکاربۆنات لەهەوای گوندەکە دەگەڕێتەوە.

حکومەتی کازاخستان ده‌ڵێت: سەرەڕای داخستنی کانەکانی یۆرانیۆم لەناوچەکەدا، بەڵام هێشتا ئاستی یەکەم ئۆکسیدی کاربۆن لەهەوادا بەرزەو ئاستی ئۆکسجین کەمە، کە ئەوەشیان وەک هۆکاری ڕاستەقینەی خەوە نامۆکەی گوندی کاڵاچی هەژمارکردووە.

و: ئاکۆ ئاڵی