کێن ئەوانەی ئاگری شەڕی براکوژی خۆشدەکەن و دەهۆڵی جەنگ دەکوتن؟

ڕاپۆرت

14/06/2021‌ 2723 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

شەری برا کوژی بە درێژایی مێژوی کورد نەفرەتی لێکراوەو بە کارێکی حەرامکراو ناوبراوە، بەلام بەردەوامیش ئەو شەرە بونی هەبوەو ناو بەناو و لە قۆناغە جیاوازەکاندا سەریهەڵداوەو نەوەکانی نیشتمانی کردۆتە قوربانی و جەرگی دایک و باوکی کوردی سوتاندوەو لە دوای قوربانیەکانیش منداڵ و نەوەی بێناز بە جێماوە.

زۆر کات قسەی بەرپرسێکی نا ئاگا و هەلپەرست یان میدیایەکی بەرژەوەند خواز، یان گروپێکی سیاسی رق لە دڵ بونەتە خۆشکەری ئاگری شەری برا کوژی لە قۆناغە جیاوازەکاندا.

ئێستا کە سوپای تورکیا بە درێژایی و قولایی چەندین کیلۆمەتر هاتۆتە نێو خاکی هەرێم و جەنگێكی نا بەرامبەر لەگەڵ پارتی کرێکارانی کورستان بەڕێوە دەچێت، گرژییەک هاو تەریب لەگەڵ ئەو شەرە لە نێوان پارتی کرێکارانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستاندا هەیە کە لە چەند رۆژی رابردودا چەند بەریەککەوتنێک ڕویداو لە ئەنجامدا  ژمارەیەک پێشەرگە شەهید و بریندار بوون.

ئەوەی جێی سەرنجە لە کاتی بونی ئەو گرژیانەو دوای گرژیەکانیش ژمارەیەک لە بەرپرسانی سیاسی وسەربازیی بە ئاشکراو بە ڕۆژی ڕوناک کنەی هەستو سۆزی پشمەرگەو رای گشتی و هێزە سیاسیەکانیان دەدا بۆ دروستکردنی دو بەرەکی و سەرهەڵدانی شەرێکی نوێی ناوخۆ لە نیوان پارتی کرێکاران و پارتی دیموکراتی کوردستاندا کە بەناوی حکومەتی هەرێمەوە چۆتە ئەو بەرەیەوە لە کاتێکدا کە هێزەکانی تری بەشدار لە حکومەت وەک ئەوەی بێدەنگن لەوەی بەناوی ئەوانەوە شەر ڕادەگەیەنرێت لە هەمان کاتیشدا بێدەنگن لە بەشدارییان لەو شەڕە.

هاوشانی قسەو لێدوانی بەرپرسانی بەشێک لە میدیاکانیش رۆلێکی خراپ دەگێرن لە نانەوەی دوو بەرەکی و سەرهەڵدانی شەری ناوخۆ بە جۆرێک بەشێک لە میدیاکان بە ئاشکراو بە شێوەیەکی راستەوخۆ هەوڵی نانەوەی پشێوی و دروسکردنی دوو بەرەکی و ڕق ئەستورکردنی کەسوکاری قوربانیان و رایگشتی دەدەن لە ڕێگەی جوڵاندنی هەست و سۆزی بەشداربوانی بەرنامەناکانیانەوە.

بەشێک لە بێژەرو پێشکەشکارانی ئەو میدیایانە بە ئاشکرا هەوڵی راکێشانی میوانەکانیان دەدەن بۆ هێرشکردنە سەر لایەنی بەرامبەر و دەربرینی ڕق و بە دوژمن زانین، بەلام زۆر کات میوانەکانیان کە کەسوکاری قوربانیان و شەهیدانی شەری براکوژین  ناچنە ژێر باری ئەو هەوڵەو دور دەکەونەوە لە تەوەری خوازراوی بەرنامەکەو پێشەکەشکارەکان و بە زمانێکی بەرپرسیارانە وەلام دەدەنەوە کە زۆر کات بەرپرسانی سیاسی و سەربازیش ناتوانن بەو زمانە وەلام بدەنەوە یان نایانەوێت بەو جۆرە وەلام بدەنەوە.

کەسوکاری قوربانیان لەبەر ئەوەی خۆیان بەشێکن لە قوربانیەکانی شەری ناوخۆ و برا کوژی بەو پەری بەرپرسیارێتییەوە مامەڵە لەگەڵ دۆخەکە دەکەن و بە زمانێکی تەواو پێچەوانەی ئەو میدیایانەوە ئاشکرای دەکەن کە لە شەری کور و کورد تەنها دوژمن دەیباتەوەو دڵی دوژمنان خۆش دەکەن، ئەوەتا لە بەرنامەیەکی راستەوخۆدا کە تەنها چەندکاتژمێرێك دوای شەهید بونی برایەکی یەکێک لە میوانەکانی بەرنامەکە لە وەلامی ئەو پرسیارەدا کە ئایا ئێوە لەمرۆوە لایەنی بەرامبەر بە دوژمنی خۆتان دەزانن، زۆر بە سادەیی و بە ویقارەوە بە دەم زەردەخەنەوە وەلامی پێشکەشکارەکەی دایەوەو وتی من وەڵامی ئەو پرسیارە بە یەک دێر دەدەمەوە ئەویش ئەوەیە کە دەوڵەتی تورکیا ئەمشەو بە ئیسراحەت سەر دەنێتەوە چونکە کور و کوردی بە شەرداوە.

لە بەرنامەیەکی تردا کە میوانداری کچە شەهیدێکی شەری ناوخۆ کرابوو لە وەلامی پرسیارێکدا وتی، من هیچ کات شانازی بە شەهید بونی باوکمەوە ناکەم و ئەو حەقەش بە خۆم و باوکم نادەم کە بەشەهید ناوی بهێنم، چونکە باوکم لە شەری برا کوژیدا بوەتە قوربانیی.

پێشکەشکارەکە ئەم رایەی زۆر پێ سەیر بوو هەوڵیدا لە گفتوگۆکاندا وەڵامی ئەو کچە بە جۆریکی تر بگۆرێت و وەلامێکی تری دڵخوازی خۆی دەست بکەوێت، بەڵام دیسانەوە کچەکە سوربونی خۆی لەسەر قسەکەی دووپاتکردەوەو جارێکی تر وتی باوکی من  و هەموو ئەوانەشەی لە شەری براکوژیدا بونەتە قوربانی شەهید نین چونکە بە دەستی براکانیان بونەتە قوربانیی.

قسەی ئەم دوو کەسە نزیکەی قوربانیەکان ئەو راستیە دووپاتدەکاتەوە کە هیچ کات شەری ناوخۆ نابێتە فریاد رەسی هیچ کەس و لایەنێک و هەر کەس هەوڵی دروسکردنی شەرێکی لەو جۆرە بدات، هەر میدیاو بەرپرسێکی سەربازی و سیاسی دەهۆڵی شەری برا کوژی بکوتێت لە بەردەم ئێستاو ئایندەدا بەرپرسیار دەبێت و نەوەکانی داهاتوو هاوشێوەی ئەم دوو کەسە قوربانییە لە رابردوی خۆیان و باوک و حزبەکایان دەروانن.