فیکرو فەلسەفەی ئەفلاتون

مەلەفی تایبەت

15/06/2021‌ 1635 جار خوێندراوه‌ته‌وه

فیکرو فەلسەفەی ئەفلاتون
د.محەمەد تۆفیق زەکەریا
وەرگێڕانی: ئەردەڵان عەبدوڵڵا


ئەفلاتون «یان وەکو بە زمانی لاتینیی  پێی دەڵێن پلاتۆن» لە ساڵی  427 پ.ز لەدایک بووەو لە ساڵی 347 پ.ز کۆچی دواییکردووە. ئەفلاتون  یەکێکە لە باشترین خوێندکاری سوکرات، هەروەها مەزنترین بیرمەندە لە مێژوودا، جگەلەوەش  ئەو یەکەمین زانکۆ» ئەکادیمیا»ی دامەزراند، کە تێیدا خوێندکارەکان دانیشتن و کۆبوونەوەکانی سوکراتیان  وەکو وانەی زانستی دەخوێند.

ئەفلاتون لە ئەسینا لە بنەماڵەیەکی ئەرستۆکراتی لەدایک بووە، ناوی راستەقینەی خۆی «ئەرستۆ کلیس» پاشتر ناویان لێناوە» پلاتۆن، ئەفلاتون»، چونکە لە رووی جەستەییەوە کەسێکی چوارشانە و بەهێز بووە، ئەو سەرباز و زۆرانبازێکی بەهێز بووە و لە تەمەنی لاوێتیدا، چەندین خـەڵاتی وەرزشی بردۆتەوە.

دیارە زۆر زەحمەتە جیاوازی لە نێوان فەلسەفەی سوکرات و ئەفلاتوندا بکەیت، بەڵام دەتوانین بڵێین کە فەلسەفەی ئەفلاتون زیاتر میتافیزیکی و سۆفییگەری بووە تاوەکو فەلسەفەی سوکرات.

کۆمارەکەی ئەفلاتون
لەکتێبی کۆماردا، ئەفلاتون ئەفسانەی «هاوڕێیانی ئەشکەوتی» بەکارهێنا، کە ئەویش بریتییە: باسی کۆمەڵێک زیندانی دەکات کە هەر بە منداڵی بە زنجیر دەبەسترێنەوە و لە بەردەم دیوارێکدا لەناو ئەشکەوتێکێدا زیندانی دەکرێن، ئەوانیش لە رەوشێکی زۆر خراپدان، هیچ ئاگـایان لـە دۆســـت و خزم و بنەمـــاڵەکانیان نییە  و نازانن چی لــە دەرەوەی ئەشـكەوتەکە دەگوزەرێت.

لەپشتیشیانەوە ئاگرێک کراوەتەوە کە لە سەر شوێنێکی بەرزەوە دەگەشێتەوە، لە نێوان ئاگرەکە و زیندانییەکانیش  رێگەیەکی بەرز هەیە کە دیوارێکی بچکۆلانەی لەسەر بنیاتنراوە.  لەسەر تەواوی دیوارەکەش، کۆمەڵێک پیاو وەستاون، هەندێك شتیان هەڵگرتووە کە لە بەرد و دارو شتی تر دروستکراوە. ئەوکاتە زیندانییەکان تەنها ئەو تارماییانەیان دەبینی کە ئاگرەکە لەسەر دیوارەکەی بەرامبەریان دروستیکردبوو.

ئەگەر زیندانییەکانمان ئازاد بکردایە بۆئەوەی ئەشکەوتەکە بەجێبهێڵن، ئەوا رووبەروی تیشکە بەهێزەکانی رووناکی دەرەوە دەبوون و بەمشێوەیەش نەیاندەتوانی تەنانەت تارمایی ئەو شتانەش ببینن کە پێشتر لە ناو ئەشكەوتەکەدا دەیابینیی و لەسەری راهاتبوون، پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە، ئایا بەمشێوەیە باشە یان زیندانییەکان هەر لەناو ئەشكەوتەکەدا بمێننەوە؟!

ئەگەر فشارمان بخستایەتە سەر زیندانییەکان کە دەبێت  بێنە پێشەوەو لەبەر رۆشناییی  رووناکی ئاگرەکە سەیری شتەکان بکەن، ئەوا بە دڵنیاییەوە چاوەکانیان ئازاریان دەکێشا و  رایاندەکرد و دووبارە  دەگەڕانەوە سەیری سێبەری  تارمایی  شتەکانیان دەکرد، چونکە بەمشێوەیە ئاسانتر و  باشتریش شتەکانیان هەست پێدەکرد تاوەکو لەبەر رۆشنایی رووناکی ئاگرە بەهێزەکە. جێگەی ئاماژەیە ئێستا زانستی نوێ، راستیی و دروستیی ئەم تێزەی ئەفلاتونی  سەلماندووە.

ئەگەریش بە زۆر بیانبەینە دەرەوەی ئەشكەوتەوە و بیانخەینە بەردەم خۆرەتاوەکەوە، ئەوا زیاتر ئازار دەکێشن و هەوڵیش دەدەن را بکەن، چونکە ناتوانن هەروا بە ئاسانی خۆیان لەسەر ئەم رەوشە نوێیە بگونجێنن.

ئەوان پێش ئەوەی هەقیقەتی جیهانی نوێ ببینین،  دەبێت بە هێواشیی لەسەر واقیعە نوێیەکە خۆیان بگونجێنن، سەرەتا بە ئاسانی دەتوانن تەنها تارمایی شتەکان ببینن و لەسەریشیان رابێن، پاشانیش بەئاسانی دەتوانن وێنەی مرۆڤ و درەختەکان لەسەر ئاوەکە ببینن، هەروەک چۆن  ئێمە وێنەی خۆمان لەبەرامبەر ئاوێنەدا دەبینینەوە.

پاشانیش دەتوانن هەموو شتەکانی تر وەکو خۆیان   ببینین، درەختەکان، رووبارەکان، باڵندەکان، شتی تریش.  دەتوانن سەریان بەرز بکەنەوە و تەماشای رۆشنایی ئەستێرەو مانگ بکەن، لە کۆتاییشدا دەتوانن بە رۆژی رووناک سەیری خۆرەتاو بکەن، لێرەشەوە ئیتر بە تەواوەتی  هەموو شتەکان ببینن و چاوەکانیان بە رووناکی تێکنەچن.

درککردن بە هەقیقەت
سێبەرەکانی کە لە سەر دیوارەکە بوون، هەقیقەتیان دەشاردەوەو هەقیقەتی راستەقینە نەبوو، وەکو ئەو وێنەیەی کە لە  گۆڤار و درامای تیڤییەکان و فیلمە سینەماکاندا هەیە. بەهەمان شێوەش ئێمە زۆر مەزهەب و هزر هەیە رووی راستەقینەیان نابینین، بەڵکو تەنها سێبەرەکانیان دەبینین، ئەمەش بەهۆی لایەنگرییمان بۆیان و هەروەها بەهۆی بوونی کۆتوبەندی نەریتەکانمان.

تێگەیشتنەکانمان بۆ چاکە و خراپە، یەخسیری پەروەردە ئاینییەکەمانە. جیاوازییە رەگەزیی و ئاینیی و ئێتنییەکان، رەگوریشەی دەگەڕێتەوە بۆ پەروەردە هەڵەکەمان  لەسەردەمی منداڵیدا.

بۆ ئازادبوون لەو کۆت و زنجیرانە و دەرچوون بۆ جیهانی دەرەوە، پەروەدە و فێرکردنێکی باش  هاوکاریمان دەکات، بەداخەوە هەمووشمـان لەمەدا هەژارین. هەروەکو چۆن زیندانەکان لەسەر ئەوە راهاتوون کە سەرەتا تارماییەکان ببینین، بۆیە دەبێت بە هێواشی خۆیان لەسەر بینینی رۆشنایی رابهێنن و بەیەکجاریش ناتوانن ئەوە بکەن.

کاتێک زیندانییەک  کە ئازاد بووەو بیەوێت بگەڕێتەوە بۆ ئەشكەوتەکە بۆئەوەی هاوڕێکانی رزگار بکات و رێگەی راستییان پێ پیشان بدات، ئەوا لەلایەن هاوڕێکانییەوە رووبەروی بەرەنگاری دەبێتەوە، چونکە ئەو کەسە دەیەوێت لەو وەهمەی کە ئەوان لەسەری راهاتوون و باوەڕیان پێیەتی، بێبەشیان بکات، ئەمەش زۆرجار ژیانی ئەو کەسە  دەخاتە مەترسییەوە، چونکە پێدەچێت هەوڵی کوشتنی بدەن.

ئازادکردنی زیندانییەکان لەو تاریکیی و درۆ و ناڕاستییەی کە تێیدا دەژین، لەگەڵئەوەشدا کە ئەمە وەکو  گەشتێکی  قورس و دژوارە بۆ ناو رووناکیی و گەرمی هەقیقەت، بەڵام ئەمە ببووە  مەرام و ئامانجی سەرەکی زۆربەی فەیلەسوف و بیرمەند و پێشەوایانی جیهان لە مێژوودا. دیارە  لەمەدا ئەفلاتون  مەبەستی تەنها  دەستەواژەیەکی وێژەیی و خەیاڵێکی شاعیری نییە، بەڵکو زیاتر مەبەستی فکرەکەیە.

دوو جیهانی جیاواز
ئەفلاتون  جیاوازی دەکرد لە نێوان ئەو جیهانەی کە بەهۆی هەستەکانمانەوە هەستی پێدەکەین و ناوی لێناوە « جیهانی هەستپێکراو»، لەگەڵ جیهانێکی مەعقوڵ کە ناویلێناوە « جیهانی بەها باڵاکان»  هزرە نەگۆڕە ئەزەلییەکان.  ئامانجی سەرەکیشی لەم تێزە ئەوە بوو، رەتدانەوەو دژایەتییکردنی فەیلەسووفە سەفساتییەکان بوو، چونکە ئەوان پێیان وابوو کە مەعریفە شتێکی جێگیر نییە و هەمیشە لە گۆڕاندایە و  تەنها پشت بە هەستەکانی مرۆڤ دەبەستێت  کە ئەویش لە گۆڕانی بەردەوامدایە.

ئەو شتانەی کە ئێمە هەستی پێدەکەین و لەدەوروپشتمانن، لە سیما تایبەتییەکانیاندا  جیاوازن، بەڵام لەهەمانکاتیشدا هەندێک شتی هاوبەشیشیان لە نێوانیاندا هەیە. بۆ نموونە راستە زەید» لە « عەبید»  لە یەکتری جیاوازن، بەڵام لەهەمانکاتیشدا کۆمەڵێک شتی ئینسانی پێکەوە گرێیان دەداتەوەو هاوبەشن لەگەڵ یەکتریی.  ئەمەش مرۆڤایەتییە، ئەو شتێکی نەگۆڕە، هەرچەندە  ئەو شتێکیشە کە هەستی پێناکەیت.

ئەمەش ماکی مرۆڤە کە تەنها لە رێگەی عەقڵەوە دەتوانیت هەستی پێبکەیت و بوونی بناسیتەوە. مرۆڤ شتێکە لەناودەچێت و جەستە و رەوشی داراییشی لە گۆڕانی بەردەوامدایە، بەڵام  ئینسانییەتی یان « بەها باڵەکانی، « وەکو خۆی دەمێنێتەوە و شتێکی ئەزەلییە و ناگۆڕێت و لەناوناچێت.  لە هەمانکاتیشدا هەمووشتێکی ناو جیهانی هەستپێکراو « بەهای باڵا» ی خۆی هەیە لەناو جیهانی مەعقوڵدا، هەروەها شتە جوانەکان بەهای باڵای خۆیان هەیە لەناو جوانناسیدا، بەهەمانشێوە بەهای باڵا هەیە بۆ فەزیلەت و خێر و چاکە، ئەمانە بوونی هەقیقین.   دەتوانین بەمشێوەیە روونیبکەینەوە، بۆ نموونە  گوڵ لەناودەچێت و نامێنێت، بەڵام جوانی گوڵەکان دەمێنێتەوەو ئەوەش بوونی هەقیقییە.   

ئەفلاتون تیۆری مەعریفەی خۆی لەسەر بنەمای « بەها باڵاکان» بنیاتناوە. ئەو پێی وایە کە بوونی هەقیقی  واتە بوونی « بەها باڵاکان» بەڵام بوونی هەستپێکراو، هەستێکی ساختە و درۆیە.

مەعریفەی هەقیقیی
مەعریفەی هەقیقیی کە دەکرێت پشتی پێببەستین، لە رێگەی عەقڵەوە دەستمان دەکەوێت، بەڵام مەعریفەی هەستپێکراو، تەنها دەمانگەیەنێتە وەهم و ساختە، چونکە ئەمان پشت بە هەست دەبەستن کە ئەوانیش سنوورێکی دیارییکراویان هەیە لە توانا و هەمیشەش لە گۆڕاندان و لەناودەچن.  ئەزموونیش، تەنها بەرەو گومان و باوەڕبوون دەمانبات، کە ئەمەش ناتوانێت بگاتە ئاستی مەعریفەی هەقیقی.

کاتێک بە چاوەکانمان تیشکێکی بچووک لە ئاسمانەوە دەبینین، واهەست دەکەین کە ئەوە تەنها ئەستێرەیەکە، بەڵام ئەگەر بە تەلیسکۆپێکی نوێ سەیری بکەین، دەبینین کە ئەو تیشکە بریتییە لە کۆمەڵێک ئەستێرە کە زۆر لە ئێمەوە دوورن و ژمارەیان دەگاتە سەدان ملیۆن  ئەستێرە.

کاتێکیش بە چاوەکانمان سەیری تەنها دڵۆپێک باران دەکەین، وا هەست دەکەین کە ئەمە زۆر پاکە و بۆ خواردنەوە دەشێت، بەڵام ئەگەر ئەم دڵۆپە بخینە ژێر مایکرۆسکۆپێکەوە، ئەوا هەزاران گیانلەبەری زیندووی تێدا دەبیننەوە، کە دەجووڵێن و مەلە دەکەن و زاوزێ دەکەن و  بەدوای نێچیری خۆیاندا دەگەڕێن، کاتێک سەیریان دەکەیت،  جیهانێکی ترە لە گیانلەبەران و زیندەوەران.

ئەمەش مانای وایە کە بۆچوونەکانی  ئەفلاتون لەبارەی هەستەکانەوە راست دەرچوون. ئەمەش رێگەیەکی گریمانەییە بۆ زانینی تارمایی مەعریفەی هەقیقیەت، بەڵام ناتوانێت بمانگەیەنێتە خودی هەقیقەت.

پاشان ئەفلاتون مەعریفەی  « ئەپستیمۆلۆژیا» ی بۆ چوار بەش دابەشکرد کە ئەوانیش بریتین لە 1ـ هەستکردن، مانای  بینین و گریمانەکردن، کە ئەمەش مانای هەستکردنە بە  جەستە و تارماییی شتەکان.
2ـ    گومانکردن، بە مانای  باوەڕ بوون.  کە ئەمەش دەبێتەهۆی  دروستبوونی دوودڵی، کە ئەویش بەرەو ئەوەمان دەبات کە ئێمە بەدوای زانستدا بگەڕێین.
3ـ    بەڵگەهێنانەوە و  تێگەیشتن، کە لەمەشدا پشت بە رێچکەی ماتماتیکی ببەستێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان.
4ـ    عەقڵانییەت، ئەمەش مانای هەستکردنە بە ماک و کرۆکی شتەکان، کە ئەمەش دوایین پلەی مەعریفەیە.

ئەگەر هەستە گۆڕاوەکان ببنە هۆکارێك بۆ مەعریفەی هەقیقەت، ئەوا  دەبێت بەدوای ئەڵتەرناتیفێک بگەڕێین بۆئەوەی پشتی پێببەستینن بۆ بوونی « بەها باڵاکان»  مرۆڤیش کاتێک دەتوانێت بگاتە « بەها باڵاکان» کە تێکەڵی بوونی  بێت.

بۆیە ئەفلاتون  پێی وایە کە مرۆڤ  نەفسێکی موجەردە و  لە جیهانی « بەها باڵاکان» دا دەژی، پێش ئەوەی دابەزێتە ناو جیهانی هەستپێکراو. مرۆڤ لە ژیانی پێشوویدا  دەیتوانی درک بە زانین و مەعریفەی « بەها باڵاکان» بکات، هەربۆیە  پێویستە مرۆڤ  هەوڵ بدات ئەو مەعریفەیەی بیربکەوێتە لەبارەی « بەها باڵاکان» کە پێشتر زانیوویەتی یان درکی پێکردووە.  

لەیەکێک لەدانیشتنەکانی لەژێر ناونیشانی « مینو»  کوڕی کۆیلەیەکیان هێنا کە پێشتر هیچ نەیخوێندبوو «نەخوێندەواری بووە،وک.»   ئەو وای لە کوڕەکە کرد کە بابەتێکی ماتماتیکی ئاڵۆز چارەسەر بکات، ئەمەش لە رێگەی وەڵامدانەوەی پرسیارەکانی سوکرات  بە « بەڵێ یان نەخێر».

لەمەوە ئەفلاتون گەیشتە ئەو دەرئەنجامەی  کە ئەو کوڕە پێشتر هەر لەسەرەتاوە وەڵامی پرسیارەکانی زانیوە، بەڵام نەیزانیوە کە دەیزانێت. ئەو پێی وابوو کە مەعریفەی هەقیقی لە ناخەوەیە، لە « نەفس» . مرۆڤ  ئەو شتانەی لەبیردەچێتەوە کە دەیزانێت، لە تەواوی ژیانیدا مرۆڤ  لەناو ناخی خۆیدا دەگەڕێت بە دوای ئەو مەعریفەیەی کە پێویستییەتی.

مەعریفە لای ئەفلاتون  مانای  کۆکردنەوەی ئەو زانیاریانەیە کەلەناو ناخی مرۆڤدا هەیە، هەرئەمەش دەبێتە سەرچاوەی سەرەکی و ئیلهامبەخشین، بە زانای دەرونناسی نەمساوی ناسراو سیگمۆند فرۆیدا کە  چەمکی « عەقڵی ناوخۆی» ی داهێنا.

میتۆدی مەعریفە
میتۆدی مەعریفەی ئەفلاتون، پشت بە تیۆری « ئەنترۆپۆلۆژیا» دەبەستێت،  ئەمەش پێی وایە کە نەفسی مرۆڤ بوونێکی سەربەخۆیی هەیە و لە جەستەی  جیایە. بەستنەوەی « رۆح، جیهانی باڵا» بە جەستەوە دەبێتە هۆکاری سەرەکی بۆ هەموو خراپە و رەزیلەیەک. وەهم و بەدگومانیی و نەزانینی مەعریفەی هەقیقی، هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ  کۆنتڕۆڵکردنی هەستەکان لەلایەن رۆحەوە.

کرۆکی مرۆڤ بریتیە لەو رۆحە موجەردەی کە لەناو جیهانی « بەهای باڵا» دا دەژی، پێش ئەوەی  بێتەوە خوارەوە بۆ ناو جیهانی هەستپێکرا و بەستنەوەی بە جەستەوە.

جەستە بریتییە لە دیوارێکی گەورە کە رێگە لە رۆح دەگرێت بۆئەوەی  نەگاتە مەعریفەی راستەقینە، هەروەها رێگریشی لێدەکات کە فەزیلەت بەدەستبهێنێت.

ئەفلاتون رۆح بەسەر چەند ئاستێکی جیاوازدا دابەش دەکات کە ئەوانیش  بریتین لە : رۆحی غەریزەیی، رۆحی شەڕەنگێزیی، رۆحی عەقڵانییەت. مرۆڤی چاکەخواز ئەو مرۆڤەیە کە دەتوانێت باڵانسێک لەنێوان رۆحە جیاوازەکاندا دروستبکات، بەشێوەیەک کە هیچ کامیان  سنووری ئاستی ئەوی تریان نەبەزێنێت.

ئەخلاق
ئەفلاتون فەزیلەت بە مەعریفە دەبەستێتەوە، ئەو کەسەی کە کارێکی شەڕەنگێزی دەکات، ئەو کارە دەکات چونکە نازانێت، یان بە واتایەکی تر سەرچاوەی شەڕەنگێزی» جەهلە». ئەمەش مانای ئەوەیە کە تەنها عەقڵ سەرچاوەی  ئەخلاقە. هەربۆیە تێڕامان» تأمل» و فەرامۆشکردنی جەستە، رێگایەکە  بۆ گەیشتن بە مەعریفەی هەقیقەت و ئەخلاقی جوان.

سیستمی دیموکراسیی و حوکمی زۆرینە
لەپاش شکستی ئەسیناییەکان لە جەنگیان لە دژی ئەسپارتە و سەرکوتکردنی ئەو شۆڕشەی کە سوکراتییەکان» هەوادارانی سوکرات» رابەرێتیان دەکرد، جارێکی تر سیستمی دیموکراسی دەگەڕێتەوە بۆ ئەسینا، دواتریش سوکرات دەستگیردەکرێت و حوکمی ژەهرخواردنی دەردەکرێت.

لەپاش لە سێدارەدانی سوکرات ، ئەفلاتون لە ترسی دەستگیرکردنی لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە، ئەسینا بەجێدەهێڵێت و رادەکات، لەو کاتەدا تەمەنی 28 ساڵ بووە. هەربۆیە لەوکاتەدا گەیشتە ئەو قەناعەتەی کە  سیستمی دیموکراسیی و حوکمی زۆرینە، هۆکاری سەرەکی بوون بۆ کوشتنی سوکرات، هەروەها هۆکاری هەموو ئەو کارەسات و بەڵایانە بوون، کە بەسەر ئەسینا هاتووە.پاش گەڕان بە وڵاتان و خوێندنەوەی فەلسەفەیان و چوونە ژێر کاریگەرییان، لە تەمەنی چل ساڵیدا گەڕایەوە بۆ ئەسینا.

ئەفلاتون پێی وایە زۆرینەی خەڵکی، ناتوانن درک بە بەرژەوەندیی باڵای دەوڵەت و بەرژەوەندیی هاووڵاتیان بکەن، ئەمەش لەبەرئەوەی کە زۆرینەی خەڵکی لە رووی مەشق و راهێنان و خوێندن و حیکمەتی باش بۆ گەیشتن بە مەعریفەی هەقیقەت و جیاکردنەوە لە نا هەقیقی « ناڕاستیی»  لاوازن. زۆرینەی خەڵکی تەنها گرنگی بە بەرژوەندیی تایبەتی خۆیان و هەست و خواستە راستەوخۆکانیان دەدەن. تەنهاش سۆزە لاوازەکانیان دەیانجووڵێنێت، هەرئەمەش  وا دەکات کە تاک ببێتە قوربانییەکی ئاسان بۆ دیماگۆگیەت.

لە سایەی دیموکراسیی و حوکمی زۆرینەدا، خەڵکانی شەڕەنگێز، رابەرێتی خەڵکی کوێر دەکەن، هێزە زاڵم و خراپەکان، خۆیان دەبەستنەوە بە کاروانی جەهل و دەبەنگیی. زۆرینەی خەڵکی کاتێک گوێیان لە دەنگی دەهۆڵێک دەبێت، یەکسەر بە بێ عەقڵ و بیرکردنەوە دوای هەموو شتێک دەکەون کە روو دەدات. بەڵام ئایا هەمانشت لە وڵاتانی عەرەبی روونادات؟!

ئەفلاتون و سیستمی حوکمڕانیی
ئەفلاتون متمانەی بە سیستمی دیموکراسی نەما بوو. هەربۆیە دواتر تیۆری « پادشای فەیلەسوف» یان فەیلەسوفی پادشای داهێنا، یان دیکتاتۆرێکی عادل هەروەکو ئیمام محەمەد عەبدە ناوی لێناوە.

پادشای فەیلەسوف، مەعریفەی هەقیقەتی بە دادوەری هەیە و  دەشتوانێت چاکسازیی لە شێوازی حوکمڕانی بکات. هەتا وەکو پادشایەکی فەیلەسوف یان فەیلەسوفێک نەبێتە پادشاو  حاکم،  کۆمەڵگەی دادوەر دروست نابێت، ئەفلاتونیش تەواوی ژیانی بۆ ئەم مەسەلەیە تەرخان کردووەو کاری بۆ کردووە. ئەفلاتون دەوڵەت لە کۆمارەکەیدا، وەکو « تاک»  دادەنێت و سەیری دەکات، هەروەک چۆن تاک « مرۆڤ» لە سێ بەش پێکهاتووە کە ئەوانیش: جەستە، سۆزەکان،عەقڵ. دەوڵەتیش لە سێ بەش» چین» پێکهاتووە، کە ئەوانیش  بریتین لە :

چینی بەرهەمهێن، کە ئەوانیش زۆرینەی کۆمەڵگە پێکدەهێنن. چینی سەربازەکان، چینی حوکمڕان یان پاسەوانەکان، کە لەمانیشەوە فەیلەسوف یان حاکم بەرهەم دێت. پاشان لە کتێبەکەیدا باسی چۆنێتی هەڵبژاردنی چینی حوکمڕان لەناو چینەکانی تردا دەکات، هەروەها چۆن دەبێت ئەو چینە بۆ ماوەی چەندین ساڵ مەشق و راهێنانیان پێبکرێت، هەتاوەکو  لە رووی رۆحیی و نەفسییەوە بگاتە ئاستی « کامڵبوونی تەواوەتیی».

کاتێک ئەو کەسانە دەگەنە تەمەنی پەنچا ساڵی، پاشئەوەی کە هەموو مەشق و راهێنانەکان بە سەرکەوتوویی تەواو دەکەن، ئەوا دواتر بۆیان هەیە کە ببنە ئەندامی چینی حوکمڕان یان پاسەوان.

ئەم چینە بۆیان نییە کە خاوەنی هیچ جۆرە سامانێک بن، هەروەها  بۆیان نییە کە ژن بهێنن و خێزان دروست بکەن، هەروەها نابێت ئاڵتون و زیو و سامانیان هەبێت.  بە کۆمەڵ دەژین و وەکو سەربازەکانیش پێکەوە نان دەخۆن، ژیانی سێکیش تەنها بۆ باشترینیان دەبێت کە لە رووی جەستەیی و عەقڵییەوە لە هەموویان باشترن، ئەمەش تەنها  بە ئامانجی  لەدایکبوونی باشترین جۆری منداڵی زیرەک و ژیر.» واتە تەنها ئامانج لە کردەی سێكسیی و  جووتبوون، لەدایکبوونی  باشترین  و زیرەکترین منداڵە،و.ک».

ئەو منداڵانەش دەبێت لە خێزانەکانیان جیابکرێنەوە و بەپێی سیستمێکی تایبەتی پەروەردە بکرێن، کە ئامانج لێی ئامادەکردنیانە بۆ ئەوەی لە داهاتوودا کاتێک گەورە دەبن، ببنە فەیلەسوف و حاکمی وڵات.  لەبەرامبەردا چینەکانی تری کۆمەڵگە، بۆیان هەیە ژیانی ئاسایی بژین و  ژنبهێنن و خێزان دروستبکەن و مافی موڵکداریی و میراتگیریان هەبێت.

کۆمارەکەی ئەفلاتون، کۆمارێکی دیموکراسی نییە، تاک لە سایەی   دەوڵەتێکی دیکتاتۆریدا دەژیی و ئەو دەوڵەتەش بە شێوەیەکی شمولی مافی  پەروەردەکردن و چاودێریکردنی هاووڵاتیانی هەیە ، ئەفلاتون پێی وابوو کە ئەم جۆرە حوکمڕانییە و کۆمارەکەی لەسەر بنەمای مەعریفەی راستەقینە بنیاتنناوە. لەسەر بنەمای دادوەریی رەها» مگلق» دروست بووە.  ئەفلاتون کۆمارەکەی لەسەر بنەمای  رەگەزپەرستیی یان هێز یان سامان بۆ چینێکی دیاریکراو دروست نەکردبوو، هەروەک چۆن لە سیستمی کۆمۆنیستیدا هەیە، هەروەها لەسەر بنەمای تاکیش دروستی نەکردبوو، هەورەکو چۆن فاشیزم باوەڕی پێیەتی. ئەفلاتون کۆمارەکەی لەسەر بنەمای مەعریفەی هەقیقی دروستکردبوو. پاشتریش ئەو دەوڵەتە  مافی دەسەڵاتی رەهای هەیە، چونکە ئەمە لەبەرژەوەندیی تاکە» هاووڵاتییە».

بەڵام با لێرەدا ئیستێک بکەین و بپرسین، ئایا هەموو حاکمێکی ملهوڕ و دیکتاتۆرێک کە خاوەنی دەسەڵاتی رەهایە، ئەویش پێیوانییە کە تەنها ئەو دەزانێت مەعریفەی راستیی چییە، هەرئەمەش دەبێتە بیانوو بۆ دەسەڵاتە دیکاتۆرییەکەی بەسەر گەلەکەیەوە؟

ئایا هەقیقەتێکی رەها بوونی هەیە وەکو ئەفلاتون دەڵێت؟  لەکاتێکدا هیچ هێڵێکی راستەوخۆ لەنێوان دوو خاڵدا نییە، چونکە تیۆری رێژەیی گشتی پێیوایە هیچ هێڵێکی راستەوخۆ نییە بەهۆی چەمانەوەی بۆشایی، ئەوەی کە تەنها هەیە، بوونی دوو کەوانەیە. لەلایەکی ترەوە چ گرەنتییەک هەیە کە چینی حوکمڕان یان چینی پاسەوانەکان کە وەکو ئەفلاتون ناوی لێناون، تووشی گەندەڵیی و خراپی بەکارهێنانی دەسەڵات نابن.

پاشان ئەی کێ چاودێریی پاسەوانەکان بکات؟ کێش بۆی هەیە لێپرسینەوە و لێپێچینەوە لەگەڵ پاسەوانەکاندا بکات، کاتێک گەندەڵیی یان رێگەیان هەڵە کرد؟ پاشان ئەی چۆن دەتوانین لایبەرین، کاتێک کە دەستیان کرد بە دزین و تاڵانیی و چەوساندنەوە و زوڵمکردن لە خەڵکیی وپاشانیش نەوەکانیان کرد بە جێگرەوەی خۆیان و دەسەڵاتی دیکتاتۆری خۆیان رادەستی منداڵەکانین کرد.

بەڵام ئاخۆ ئەمە خەوشێک نییە لە فیکری ئەفلاتون؟ هەربۆیە فەیلەسوفی مەزنی بەریتانی « ئەلفرید نۆرس وایهید  دەڵێت: مێژووی فەلسەفە تەنها بریتییە لە قسەکردن و شرۆڤەکردن و سەرنجدان لە کتێبی کۆماری ئەفلاتون.

سەرچاوە:
محمد زكریا توفیق. افلاتون. سایتی الحوار المتمدن. www.ahewar.org