کازمی هۆشدارى توند دەداتە وەزیرو کاربەدەستانى حکومەتەکەی

عیراق

15/06/2021‌ 645 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

سەرۆکوەزیرانی عێراق هۆشداری دەداتە هەر وەزیرێکی کابینەکەى ئەگەر وەزارەت و پۆستەکەى بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن بەکار بهێنێت.

بەپێی رایگەیەنراوێکى ئەنجومەنى وەزیرانى عێراق ئەمڕۆ سێ شەممە  ئەنجومەنى وەزیران بەسەرۆکایەتى مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیران کۆبووەتەوەو تیایدا رایگەیاندوە، بە هیچ شێوەیەک رێگە نادەین کە وەزارەت و دامەزراوەکانى دەوڵەت بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن بەکاربهێنرێن، ئێمە هەر لەسەرەتاوە وتوومانە ئەو حکومەتە پیشەییەو هەر کەسێک وەزارەتەکان بۆ مەبەستی هەڵبژاردن بەکاربهێنێت رووبەڕووی لێپرسینەوەی توند دەبێتەوە. 

سەرۆک وەزیران ئاماژەى بەوەشکردوە، سکاڵا هەیە لەسەر رێکاری بەشێک لە دەزگاکانی سەر بە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی کە گومانی مەرامی هەڵبژاردنیان لێدەکرێت، لەسەر حیسابی ژیان و گوزەرانى خەڵکى هەژارو بێدەرامەت.

کازمى ئاشکراى کرد هەندێک زانیاری بەدەست گەیشتووە کە کەسانێک لەناو وەزارەتەکان مووچە بۆ خەڵک دەبڕنەوە بۆ بەدەستهێنانى وەلائو دەنگەکانیان، بۆیە لێکۆڵینەوەو بەدواداچوون بۆ ئەمە دەکەن و سزاى توندى ئەو کەسانەش دەدەن کە وەزارەت و دامەزراوەکان بۆ مەرامى هەڵبژاردن بەکاردەهێنن.

هەر بەپێی راگەیەنراوی ئەنجومەنى وەزیران کازمى جەختیکردوەتەوە کە گرنگیی تەواو دەدەن بە دابینکردنی سەبەتەی خۆراک و دابەشکردنی بەسەر چینی هەژاران، کاری لە پێشینەی حکومەتیش سووککردنی باری سەرشانى خەڵکى هەژاران دەبێت.

س.هـ



بەپەلە