نزیکەی لە70%ى دانیشتوانی عێراق گەنجن‌و تێکڕای تەمەنیش هەڵکشاوە

عیراق

16/06/2021‌ 1065 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

به‌گوێره‌ى ئه‌و زانیاریانه‌ى وه‌زاره‌تى پلاندانانى عێراق ئاشكرایكردوه‌، نزیکەی لە70%ى دانیشتوانی عێراق گەنجن‌و تێکڕای تەمەنیش هەڵکشاوە، وه‌زیرى پلاندانانیش ده‌ڵێت:"لە68%ى دانیشتوان لەخوار تەمەنی 30 ساڵییەوەیە، لەکاتێکدا ڕێژەی منداڵانی خوار تەمەن پێنج ساڵان لە40%ی دانیشتوان پێکدەهێنێت".


وەزارەتی پلاندانانی عێراق لەوۆرک شۆپێکدا کە بەهەماهەنگی لەگەڵ سندوقی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ دانیشتووان بۆ ڕاگەیاندنی ڕاپۆرتێک سەبارەت بەدۆخی دانیشتوانی عێراق سازیکردبوو ئاشكرایكرد، تێکڕای تەمەنی دانیشتوانی عێراق هەڵکشاوەو نزیکەی لە70%ى دانیشتوانیش لەگەنجان پێکهاتون.

خالید بتال وەزیری پلاندانانی عێراق باس لەوەده‌كات، لە68%ى دانیشتوانی عێراق لەخوار تەمەنی 30 ساڵییەوەیە، لەکاتێکدا ڕێژەی منداڵانی خوار تەمەن پێنج ساڵان لە40%ی دانیشتوان پێکدەهێنێت، هەروەک ڕێژەی دانیشتوان کە لەتەمەنی کارکردندان (15-64 ساڵ) لە57%ى دانیشتوانەو کەسانی بەساڵاچوو، واتە لەسەروو 65 ساڵی تەنها لە3%ى دانیشتووان پێکدەهێنێت.

بتال وتیشى:"تێکڕای تەمەنی دانیشتوانی عێراق هەڵکشاوە، بەشێوەیەک تێکڕای تەمەنی پیاوان 72 ساڵ‌و تێکڕای تەمەنی ئافرەتان 76 ساڵە".

جەختیشیکرده‌وه‌، دانیشتوانی وڵات بەخێراییەکی گەورە زیاد دەکات، ئەمەش وایکردووە حکومەت لەدابینکردنی پێداویستی دانیشتوان لەڕوی ڕەخساندنی دەرفەتی کارو باشکردنی کوالێتی ژیان، بەتایبەت بۆ گەنجان دەستەوەستان بێت.

لای خۆیشییەوە، ڕیتا کۆڵۆمبیا نوێنەری سندوقی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ نیشتەجێکردن باسی لەوەکردووە، ڕاپۆرتی دۆخی دانیشتوان لەعێراق هەنگاوی یەکەمە بەرەو سیاسەتی پەرەپێدان لەعێراقدا.

ئاماژەی بەوەشکردووە، زیاتر لە60%ی دانیشتوانی عێراق لەگەنجانن، ئەمەش مانای وایە کە زۆرینەی دانیشتوان دەتوانن بەشداریی لەپرۆسەی پەرەپێدانی ئابووری وڵاتدا بکەن.