مەترسیه‌كى گه‌وره‌ ئاشكراده‌كرێت

عیراق

16/06/2021‌ 3793 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ڕێکخراوی پزیشکانی بێسنوور بەپشتبەستن بەهۆشداریی پزیشکانی عێراقی مه‌ترسیه‌كى گه‌وره‌ ئاشكراده‌كات‌و ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "بەهۆی کەمی بەدەمەوەچونی خەڵک بۆ خۆکوتان بەڤاکسینی کۆرۆناو بەردەوامی توشبونی خەڵک بەنەخۆشییەکەو کەمی ڕێکارە خۆپارێزییەکان، مەترسیی هەیە عێراق ببێتە مۆڵگەی شێوە گۆڕاوەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا".


لەڕاپۆرتی ڕێکخراوی پزیشکانی بێسنووردا هاتووە، بەپێی داتاکانی پێگەی "کۆڤید ڤاکس"ی تایبەتمەند بەداتای ئەوکەسانەی لەجیهاندا خۆیان دەکوتن، تائێستا تەنها له‌4%ی هاوڵاتیانی عێراقی دژی ڤایرۆسی کۆڕۆنا خۆیان کوتاوە.

پسپۆڕان دەڵێن:"بەهۆی کەمی کوترانی هاوڵاتیانەوە، ڕەنگە عێراق ببێتە مۆڵگەی شێوە گۆڕاوەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا، بەو واتایەی عێراق مەترسیی ئەوەی لەسەرە کە تووشی ڤێرژنە مەترسیدارەکانی ڤایرۆسی کۆڕۆنا ببێت، بەوەش وڵاتانی ناوچەکەو جیهان تووشی مەترسییەکە بکاتەوە".

ڕێکخراوەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، عێراق لەناو وڵاتانی جیهاندا لەڕووی کوتانی هاوڵاتیانییەوە زۆر لەدواوەیە، بەشێوەیەک ئەو وڵاتە بۆئەوەى بگاتە دروستکردنی بەرگری بەکۆمەڵ، پێویستی بە 62 ملیۆن ژەمە ڤاکسین هەیە، بەڵام ئەگەر بەو شێوەیەی ئێستا هاوڵاتیان بکوترێن، ئەوە تاوەکو ساڵی 2075 ناتوانێت لە70%ى هاوڵاتییەکانی بکوتێت.