شارپرێس:
کریستیان ئەمانپوری خانمە بێژەی بەناوبانگی تۆڕی "سی ئێن ئێن"ی ئەمریکی ڕایگەیاند، تووشی شێرپەنجەی هێلکەدان بووە.
ئەمانپووری تەمەن 63 ساڵ لەڕێگای ستۆدیۆ تایبەتەکەی خۆی لەماڵەکەی خۆی لەشاری لەندەن باسی لەوەکرد، نەشتەرگەرییەکی سەرکەوتووی بۆ لابردنی گرێ شێرپەنجەییەکەی ئەنجامداوە، بەڵام بۆماوەی چەند مانگێک دەبێت چارەسەری کیمیایی وەربگرێت.
ئەمانپوور وەک بەناوبانگترین خانمە بێژەی جیهان، چەند دەیەیەکی لەئامادەکردنی ڕاپۆرتی میدیایی لەسەرتاسەری جیهان بەسەربردووە، لەوەشدا دەیان قەیرانو ململانێی جیهانیی رووماڵ کردووە.
ئەمانپوور هانی ئافرەتانیداوە لەبارەی نەخۆشییەکەوە خۆیان رۆشنبیر بکەنو بەشێوەیەکی بەردەوام پشکنینی پزیشکی ئەنجامبدەن، بۆئەوەش نابێت مەترسییە پزیشکییەکان پشتگوێ بخەنو لەمەترسییەکانی کەمبکەنەوە.
پزیشکان دەڵێن، دەستنیشانکردنی شێرپەنجەی هێلکەدان قورسە، بەوپێیەی نیشانەکانی لەگەڵ کێشە تەندرووستییەکانی تر زۆر لەیەکدەچن.
بەگوێرەی سندوقی جیهانیی بۆ لێکۆڵینەوەکانی شێرپەنجە، شێرپەنجەی هێلکەدان حەوتەم بەربڵاوترین جۆری شێرپەنجەیە لەنێوان ئافرەتاندا.
و: ئاکۆ ئاڵی