بایدن: رێگە بە رووسیا نادەین جارێکى دیکە هێرشی ئەلیکترۆنی بکاتەوە سەر ئەمریکا

جیهان

16/06/2021‌ 313 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

سەرۆکى ئەمریکا جەختیکردەوە، سیاسەتى خۆی و وڵاتەکەى دژایەتیکردنى رووسیا نییە، بەڵکو کارکردنە بۆ پاراستنى ئەمریکا، ئەوەشی بە راشکاوی بۆ پۆتین روونکردوەتەوە.

جۆ بایدن سەرۆکى ئەمریکا لەدوایی کۆبوونەوەى لەگەڵ ڤلادیمێر پۆتین سەرۆکى روسیا رایگەیاند، دیالۆگ و کۆبوونەوەى ئێمە سەرەتایەکى گرنگە بۆ کەمکردنەوەى گرژیییەکان و چارەسەرکردنى کێشە کەڵکەبووەکانى چەند ساڵى رابردوو.

ئاماژەى بەوەشکرد، کارکردنى ئەمریکاو رووسیا بەیەکەوە کاریگەریەکى باشى دەبێت بۆ چارەسەرکردنى کیشەکانى دیکەش کە لەنێوان هەردوو وڵاتدا هەیە.

بایدن روونیکردەوە، لەگەڵ پۆتین باسى لە هێرشە ئەلیکترۆنییەکان کردوە کە دەبێت ئەو هێرشانە لەسەر دامەزراوەکانى وڵاتەکەی کۆتایی بێتو باسیان لەوە کردوە کە چۆن ئەو هێرشانە رابگرن.

هەروەها ئەوەشى باسکرد، لەبارەى سوریا دەبێت یارمەتییە مرۆییەکان بۆ خەڵکى سوریا زیاد بکرێت و دەبێت کێشەی سوریا چارەسەر بکرێت، دەشڵێت"پۆتین وتى بۆچی ئەوەندە جەخت لەسەر سوریا دەکەنەوە، وتم لەبەر ئەوەى کە قەیرانى مرۆیی لەو وڵاتەدا روو دەدات".

لەبارەى ئێرانیشەوە سەرۆکى ئەمریکا وتى، ناکرێت و رێگە نادرێت ئێران ببێتە خاوەنى چەکى ئەتۆمى کە لەگەڵ پۆتین باسیان لەوبارەیەوە کردوە.

هەروەها سەرۆکى ئەمریکا دووپاتیکردەوە، چارەسەرکردنی ئەو کێشانە ئەرکى هاوبەشى هەردوو وڵاتە بۆ ئەوەى جیهان بە ئاشتى بمێنێتەوە، بۆیە جەختیکردەوە کە کارکردنى پێکەوەییان زۆر گرنگە.

هاوکات جۆ بایدن جەختیکردەوە کۆبوونەوەکەیان زۆر باش بوو بەبێ هیچ گرژییەک و توند قسەکردنێک کۆتایی هات.