شارپرێس:
بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق ئەمڕۆ چوارشەممە لەکۆشکی سەلام لەبەغدا پێشوازیکرد لە ژمارەیەک لە کچانی ئێزدی رزگاربووی دەستی تیرۆریستانی داعش.
بەپێی راگەیەنراوەکەى سەرۆکایەتى کۆمار لە دیدارەکەدا سەرۆک کۆمار گوێی لە روونکردنەوەیەکی ورد گرتووە سەبارەت بەو کێشانەی کە رووبەڕووی کچان و ژیانی رزگاربووی دەستی داعش دەبێتەوە، بۆ ئەو مەبەستە سەرۆک کۆماری عێراق جەختیکردەوە لەپێویستی خستنەگەری گشت ھەوڵەکان لە پێناو قهرهبووكردنهوه و جێبەجێکردنی داوا رەواکانی کچان و ژیانی رزگاربووی دەستی داعش، ھەروەھا بە گرنگییەوە باسی لەئازایەتی کچان و ژیانی رزگاربوو کرد لەبەرامبەر تاوانە قیزەوەنەکانی داعش و تیرۆر کە دژی ھەموو بەهاکانی مرۆڤایەتییە.
لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا سەرۆک کۆمار جەختیکردەوە لەگرنگی جێبەجێکردنی یاسای رزگاربووانی ئێزیدی و تەواوی پێکهاتەکانی دیکە و دەستەبەرکردنی مافە رەواکانی قوربانیان و قەرەبووکردنەوەی زیان لێکەوتووانی دەستی تیرۆر لە رووی ماددی و مەعنەوی و دابینكردنی ژیانێكی باشتر و دووباره تێكهڵبوونهوهیان بهكۆمەڵگه.
بەرهەم ساڵح جەختیشکردەوە لە گرنگی یەکخستنی ھەموو ھەوڵەکان بەئاڕاستەی گەڕاندنەوەی ئاوارەکان بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان لە شەنگال، ھاوکات دووپاتیکردەوە لەگرنگی ھەماھەنگی نیشتمانی و نێودەوڵەتی بۆ ئاشکراکردنی چارەنووسی سەرجەم رفێندراوان و بێ سهروشوێنان.
لای خۆیانەوە شاندی کچانی رزگاربووی ئێزیدی ستایشی هەوڵەکانی سەرۆک کۆمارییان کرد، بۆ ئەو رۆڵە گرنگ و کارایەیی کە بینی لە تێپەڕاندنی یاسای رزگاربووانی ئێزدی، هەروەها بۆ بەدواداچوونی بەردەوامی لە سەرەتای ئەو دۆسێیە تا دەرچوونی یاساکە و بەدواداچوون بۆ دۆخی گشتی شەنگال.