شارپرێس:
میلیشیا چەکدارییەکانی عێراق ژمارەیەک فڕۆکەی درۆنی دورمەودایان نمایشکرد کە دەتوانن لەناو وڵاتانی تریشدا ئامانجەکانیان بپێكن، ڕۆژنامەیەکى جیهانییش نوسیویەتى:"مەترسی ئەوە ههیه ئەو گروپانە بەهۆی بونی ئەو جۆرە تەکنەلۆژیایەوە ، ئاژاوەیەکی هەرێمی دروست بکەن کە سەرچاوەکەی لەعێراقەوەبێت".
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی "زە ناشیۆناڵ"، چەند گروپێکی چەکداریی کە ڕایانگەیاندوە سەر بەهێزەکانی حەشدی شەعبین، لەگرتەیەکی ڤیدیۆییدا چەند فڕۆکەیەکی بێفرۆکەوانی جۆری "سەمەد"ی ئێرانیان نمایشکرد، کە بەوە جیادەکرێنەوە دەتوانن مەودایەکی دور ببڕن کە دەگاتە نزیکەی ههزار کیلۆمەتر، ئەوەش هەمان ئەو درۆنانەیە کە حوسییەکانی یەمەن دژ بەسعودییە بەکاریدەهێنن.
ڕۆژنامهكه لەزاری پسپۆڕانی سەربازییەوە گواستویەتییەوە، ئەو جۆرە فڕۆکە بێفڕۆکەوانانە لەمساڵدا لانیکەم بۆ سێ هێرش بۆسەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لەعێراق بەکارهاتوون، ئەویش لەدوای ئەوەی ئێران ئەو گروپانەی فێری چۆنێتی بەکارهێنانی ئەو تەکنەلۆژیا نوێیە کرد.
ئەو پسپۆڕانە ئاماژەیان بەوەکردووە، پێدانی تەکنەلۆژیای پێشکەوتووی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بەو گرووپە عێراقیانە هێشتا سنوردارە، بەڵام ئەگەربێتو ئەو دۆسیەیە پشتگوێبخرێت، ئەوە ئاژاوەو بێسەرەوبەرەییەک لەناوچەکەدا دروستدەکات، بەتایبەت کە لەو نمایشەدا بابەتەکە لەپرسێکی نهێنییەوە بوو بەبابەتێکی ئاشکرا .
ڕۆژنامەکە جەختیکردۆتەوە، حکومەتی عێراق هێشتا نەیتوانیوە هیچ ڕێکارێک دژ بەو میلیشیایانە بگرێتەبەر کە بەردەوام هێرشدەکەنەسەر بنکەکانی سەر بەهێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی.
و: ئاکۆ ئاڵی