نیشانە سەرەکییەکانی كۆرۆنا گۆڕانکاریان بەسەرداهات

تەندروستی

17/06/2021‌ 1506 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

زاناکانی کۆلێژی کینگز لەشانشینی بەریتانیا دەڵێن، بەهۆی دەرکەوتنی زنجیرەی نوێی ڤایرۆسی کۆرۆنا، نیشانە سەرەکییەکانی نەخۆشییەکە گۆڕانکاریان بەسەرداهاتووە.


ئەو زانایانە ئاماژەیان بەوەکردووە، نیشانە نوێکانی توشبون بەڤایرۆسی کۆرۆنا بریتین لە: ئاو لەلووت هاتن، هەوکردنی قوڕگ، نیوەلاسەرئێشە، ڕشانەوە، ئازاری سک، سەرلەگێژەوەهاتن، ئازاری جومگەکان‌و لەدەستدانی هەستی بیستنن.

لەوبارەیەوە تیم سپێکتۆر مامۆستای ڤایرۆسناسی جینی بەڕۆژنامەی "میرەر"ی بەریتانی وتووە، "ڕەنگە کەسێک تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنابێت‌و پێشیوابێت توشی سەرمابردن یان یەکێک لەپەتا وەرزییەکان بووە، بۆیە بێ ترس دەچێتە ئاهەنگ‌و شوێنە گشتییەکان‌و نەخۆشییەکەش بۆ کەسانی تر دەگوازێتەوە".

هەروەک لەماوەی ڕابردودا، ئیدارەی تەندروستیی گشتیی لەبەریتانیا باسی لەوەکردبوو، زنجیرەی هیندی ڤایرۆسی کۆڕۆنا بەڕێژەی لە60% لەشێوەکانی تری ڤایرۆسی کۆرۆنا خێراتر بڵاودەبێتەوە.

هەرچی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانییە ڕایگەیاندووە، شێوە گۆڕاوەکەی ڤایرۆسی کۆڕۆنای هیندی توانایەکی گەورەی گواستنەوەی هەیەو بەرگریشی بەرامبەر بەو دژە تەنانە هەیە کە پێشتر بەهۆی چاکبوونەوە لەنەخۆشییەکە لەجەستەی کەسەکاندا درووستبووە.

و: ئاکۆ ئاڵی