ئەمریکا فشار لەسەر لایەنەکانى ڕۆژئاواى کوردستان دروستدەکات

کوردستان

17/06/2021‌ 5187 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ ئاشکرایدەکات، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هانی پارتەکانی ناو ئیدارەی خۆسەر لەڕۆژئاوای کوردستان‌و پارتەکانی سەر بەئەنجومەنی نیشتیمانی کوردی سوریا (ئەنەکەسە) دەدات سەرلەنوێ دەست بەدانوستانەکانیان بکەنەوەو لێڤەگەڕێکی سیاسیی یەکگرتوو بۆ کوردانی سوریا دروستبکەن کە بتوانێت لەدانوستانەکانی تایبەت بەچارەسەرکردنی پرسی سوریا نوێنەرایەتیان بکات.


ڕوانگەکە بەپشتبەستن بەسەرچاوەی ئاگاداری ناو پارتی یەکێتیی دیموکرات (پەیەدە) باسی لەوەکردووە، سەرپەرشتیارانی دۆسیەی کوردی لەئیدارەی ئەمریکا هاوشان لەگەڵ مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات، هەموو هەوڵێکی خۆیان دەخەنەگەڕ بۆئەوەی زەمینەیەکی سیاسیی لەبار بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان بڕەخسێنن.

لەکۆتاییەکانی ساڵی رابردوو، دوای چەند گەڕێکی دانوستان، بەهۆی جێبەجێنەکردنی داواکارییەکانی ئەنەکەسە لەلایەن پارتی یەکێتی دیموکرات کە پارتی دەسەڵاتداری ناو هێزەکانی سوریای دیموکراتە، دانوستانی لایەنە کوردییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان ڕاگیران.

داواکارییەکانی ئەنەکەسەش بریتیبوون لەهەموارکردنەوەی گرێبەستی کۆمەڵایەتیی ڕۆژئاوای کوردستان (دەستور)، هەڵوەشاندنەوەی بەسەربازگرتنی زۆرەملێ، ڕێگەدان بەگەڕانەوەی هێزەکانی ڕۆژ بۆ ناوچەکانی ڕۆژئاوای کوردستان، دەستکاریکردنی سیستەمی پەروەردەو یەکلاییکردنەوەی چارەنوسی دەستگیرکراوەکانی پارتەکانی سەر بەئەوان.

لەبەرامبەر ئەو داواکاریانەدا، پارتی یەکێتیی دیموکرات ڕازیی نییە هێزەکانی ڕۆژی سەر بەئەنەکەسە بگەڕێنەوە ناوچەکانی ڕۆژئاوای کوردستان‌و ڕۆڵیان لەبڕیاری سیاسیی‌و ئەمنیی ناوچەکەدا هەبێت، بەوپێیەی ئەو هێزانە بە داردەست‌و بەکرێگیراوی تورکیا هەژماردەکات‌و دەڵێت: لەشەڕەکانی داگیرکردنی ناوچەکانی ڕۆژئاوای کوردستان، هاوکاری سوپای تورکیاو گروپە چەکدارییە سورییەکانیان کردووە.

لای خۆیەوە، فەیسەڵ یوسف ڕێکخەری گشتیی بزوتنەوەی چاکسازی کوردی‌و ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتی ئەنەکەسە دەڵێت:"ئەمریکییەکان هەوڵی جدیی دەدەن بۆئەوەی ئاستەنگەکان تیپەڕێنن‌و لەماوەی چەند مانگی داهاتوودا دانوستانەکان دەستپێبکەنەوە.

دەشڵێت:"ئەنەکەسە پێیوایە دەکرێت بەگەرەنتی ئەمریکییەکان‌و بەڵێندانی مەزڵوم عەبدی بەوەی ئەوەی لەسەری ڕێکدەکەوین لایەنی بەرامبەر جێبەجێی دەکات، دەست بەدانوستانەکان بکرێتەوە، بەڵام هێشتا هیچ وادەیەک بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانی لایەنە کوردییەکانی ڕۆژئاوا دیارینەکراوە".