لە هەرێم دادگای تایبەت بە دادگایكردنی چەکدارانى داعش پێکدەهێنرێت

کوردستان

17/06/2021‌ 620 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ئەنجومەنی دادوەری هەرێم رایگەیاند، ئامادەكارییەکان بۆ دامەزراندنی دادگای تایبەت بە دادگایکردنى چەکدارانى داعش بەردەوامەو ئێستا پرۆژە یاساكەی لە پەرلەمانی كوردستانە.

ئەنجومەنی دادوەری هەرێم لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە: كۆنسوڵخانه‌ی گشتی به‌ریتانیا له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌ سه‌رۆكایه‌تی مێل سمارت جێگری كۆنسولی به‌ریتانی له‌ هه‌رێم، سەردانی ئەنجومەنی دادوەری كردووە، لە كۆبونەوەیەكدا باس لە به‌رده‌ومیدان به‌ كردنه‌وه‌ی خول و وركشۆپی تایبه‌ت به‌ دادوه‌ران و ئه‌ندامانی داواكاری گشتی و لێكۆڵه‌ره‌وانی دادوه‌ری له‌ قۆناغه‌كانی لێكۆڵینه‌وه‌و دادگاییكردنی كه‌یسه‌كانی تایبه‌ت به‌ تیرۆر كراوە.

لە كۆبونەوەكەدا، ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ریی هەرێم، دەربڕیوە بۆ به‌رده‌وامیی هه‌ماهه‌نگی و هاوكاری له‌ كردنه‌وه‌ی وركشۆپی تایبه‌ت بە مه‌شق و راهێنان له‌ كه‌یسه‌كانی تیرۆر.

بەپێی ڕاگەیەنراوەكە، دامه‌زراندنی دادگایه‌كی تایبه‌ت به‌ دادگاییكردنی تاوانبارانی داعش له‌ هه‌رێمی كوردستان بەشێكی تری كۆبونەوەكەبووە، كه‌ ئێستا یاساكه‌ له‌ په‌رله‌مانه‌و له‌ژێر دیراسه‌و گفتوگۆدایه‌ له‌نێوان لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كاندا.

وەك لە ڕاگەیەنراوەكەدا اماژەی پێكراوە، جێگری كۆنسوڵی گشتی به‌ریتانیا له‌ هه‌رێمی كوردستان رایگەیاندووە، كۆنسوڵخانه‌ی به‌ریتانیا به‌رده‌وام ده‌بێت له‌ كردنه‌وه‌ی خول و وركشۆپی تایبه‌ت به‌ كه‌یسه‌كانی تیرۆر و له‌و رووه‌شه‌وه‌ پلان و به‌رنامه‌یان هه‌یه‌ له‌ داهاتوودا به‌رده‌وامی به‌و‌ خولانه‌‌ بده‌ن.

دامەزراندنی دادگایه‌كی تایبه‌ت به‌ دادگاییكردنی تاوانبارانی داعش له‌ هه‌رێمی كوردستان، خواستی ئەمریكا و بەریتانیایە و بۆ ئەو مەبەستە كونسوڵخانەی ئەو دو وڵاتە بۆ قسەكردن لەسەر ئەو پرۆسە سەردانی ئەنجومەنی دادوەرییان كردووە.