توركیا دەیەوێت کۆنترۆڵی سیاسەت و بازاڕ و کشتوکاڵی عێراق بکات

عیراق

17/06/2021‌ 506 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
شارەزایەکی بواری قەیرانە ئاویەکان ڕایدەگەیەنێت؛ تورکیا 22 بەنداو دروستدەكات، چوار بەنداوی لەسەر ڕووباری فورات و ئەوانیتری لەسەر ڕووباری دیجلە دروستکردووە و دەشڵێت: پرۆژەکانی تورکیا ئاسایی نین و تەنها بۆ گلدانەوەی ئاو نین، بەڵکو فرە مەبەستن، دەیەوێت لەڕێگەی گلدانەوەی ئاوەوە، کۆنترۆڵی سیاسەت و بازاڕ و کشتوکاڵی عێراق بکات.

دکتۆر عەبدولموتەلیب ڕەفعەت، شارەزا لەبواری قەیرانی ئاو بە دەنگی ئەمەریکای رایگەیاندوە، پرۆژەی گاپ کە لەلایەن تورکیاوە بونیاتنراوە، لە 22 بەنداو پێکدێت، چوار بەنداوی لەسەر سەرچاوەی ڕووباری فورات و ئەوانیتری لەسەر سەرچاوەی ڕووباری دیجلە دروستکردووە، کە 19 وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبای لێ بەرهەمهێناوە.

ئەو شارەزایە روونیشیکردەوە، تورکیا سەرقاڵی دروستکردنی نزیکەی سێ بەنداوی ترە لەسنوری فیشخاپور، کە ئەو پرۆژانەش تا چوارساڵی تر تەواو دەبن، ئەمە جگە لەوەی لەسەر سەرچاوەی ئاوی زێی گەورەش، دیزاینی دروستکردنی شەش بەنداوی تری کێشاوە، ئەمانە عێراق دەخەنە مەترسی گەورەوە، عێراق ڕووبەڕووی گرفتی ئاسایشی نەتەوەیی و خۆراک و ئاوی دەکاتەوە. 

عەبدولموتەلیب ڕەفعەت كە پرۆژەکانی تورکیا ئاسایی نین و تەنها بۆ گلدانەوەی ئاو نین، بەڵکو فرە مەبەستن، دەیەوێت لەڕێگەی گلدانەوەی ئاوەوە، کۆنترۆڵی سیاسەت و بازاڕ و کشتوکاڵی عێراق بکات

لەبارەی ئەو پرۆژانەی ئێران لەسەر سەرچاوە ئاویەکانی هەرێم و عێراق دروستیکردوون عەبدولموتەلیب ڕەفعەت دەڵێت: ئێران دوو پرۆژەی گەورەی لەناوچە سنوریەکانی نێوان هەرێم و وڵاتەکەی بۆ گلدانەوەی ئاو دروستکردووە، یەکێک لەو پرۆژانە پرۆژەی ئاوی گەرمەسێرە، کە لەسەر سەرچاوەی ڕووباری سیروان دروستیکردووە و پێکهاتووە لە 13 بەنداو، ئەو بەنداوانە توانای گلدانەوەی یەک ملیار و نیو مەتر سێجا ئاویان هەیە، کاتێکیش ئەو بەنداوانە سەرڕێژ دەبن، بەڕاستەوخۆ ئاوەکە نایەتە ناو عێراق و هەرێم، بەڵکو ئێران بەنداوی تری بچوکی دروستکردووە و ئاوەکە دەڕژێتە نێو ئەو بەنداوانە.

هەروزوە ئێران لەڕێگەی تونێلی نەوسودەوە ئاوی نێو بەنداوە دروستکراوەکانی ئێران کاتێک سەر ڕێژدەبن، لە کرماشانەوە بۆ ئەهواز دەگوێزێتەوە،کە تیرەی تونێلی نەوسود 9 مەترە و توانای گواستنەوەی نزیکەی یەک ملیار و نیو مەتر سێجا ئاوی هەیە.

ئەو شارەزایەی بواری قەیرانی ئاو وتیشی: ئێران سود لەو ئاوە دەبینێت بۆ بەئاویکردنی نزیکەی 100 هەزار هێکتار زەوی، ئەمەش کاریگەری تەواوی لەسەر کەمبوونەوەی ڕووباری سیروان هەبووە."

دکتۆر عەبدولموتەلیب ڕەفعەت، ئەوەش دەخاتەڕوو ئاسایشی عێراق لە ئایندەدا دەكەوێتە مەترسیەوە و پێیوایە عێراق دەتوانێت کۆمەڵێک ڕێگەبگرێتە بەر بۆ بەرگرتن بەقەیرانی ئاو، وەك دەستبردنە بۆ ڕێگەی دبلۆماسی و ڕێککەوتنی نوێ لەگەڵ ئێران و تورکیا، ڕەنگە ئەمە ئەنجامی نەبێت، بەڵام ڕێگەی دووەم سکاڵا تۆمارکردنە لەسەریان، چونکە ئەو ڕووبارانە نێودەوڵەتین و پشکی هاوڵاتیانی عێراقیان تێدایە، کارتی تریش هەیە عێراق بەکاری بهێنێت، بەڵام پێی ناکرێت، چونکە بووەتە جێبەجێکاری ئەجێندای ئەو وڵاتانە.