دروستکردنى چەند بەنداوێک لە هەرێم دەدرێنە کۆمپانیاکان

ئابوری

17/06/2021‌ 726 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێم رایگەیاند، 60 كۆمپانیای ناوخۆیی و نێودەوڵەتی وەڵامی وەزارەتیان داوەتەوە، بەمەبەستی بەشداریكردن لە دروستكردنی نۆ بەنداوی ستراتیژیی لە هەرێمی كوردستاندا.

 لە بەیاننامەیەكدا وەزارەتی كشتوكاڵ رایگەیاند، بە سەرپەرشتی بێگەرد تاڵەبانی وەزیری كشتوكاڵ و دارا رەشید وەزیری پلاندانان، كۆبوونەوەیەك لەدیوانی وەزارەت بەڕێوەچوو، بەمەبەستی تاوتوێكردنی پڕۆسەی هەنگاوە كردارییەكانی دروستكردنی نۆ بەنداوە ستراتیژییەكانی هەرێم.

ئاماژەی بەوەشكردووە، 60 كۆمپانیای ناوخۆیی‌ و نێودەوڵەتی وەڵامی بانگهێشتنامەی وەزارەتی كشتوكاڵیان داوەتەوە و پرۆپۆزەڵیان ناردووە، بەمەبەستی بەشداریكردن لە بونیادنان و دروستكردنی ئەو نۆ بەنداوە ستراتیژییەی كە راگەیەنراوە، بەپێی رێنمایی و سیستمی (PPP).

وەزارەتەکە ئەوەشى خستەڕوو، بڕیاردرا كە تایبەتمەندییەكانی بەنداوەكان و پێوەرەكانی هونەری و دارایی و بنەماكانی كاری هاوبەشی كۆمپانیاكان و حكومەت دیاری بكرێت و هەنگاوەكان خێراتر بكرێت بۆ بونیادنانی بەنداوەكان و پڕۆژە ئاودێرییەكانی هەرێمی كوردستان.

س.هـ