پارێزگاری دهۆک نووسینەکەى لەسەر وتەکانى کونسوڵی یەکێتى ئەوروپا دەسڕێتەوە

کوردستان

17/06/2021‌ 1211 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

پارێزگاری دهۆک نووسینکەى لەسەر وتەکانى باڵیۆزی یەکێتى ئەوروپا دەسڕێتەوە کە بەناوى ئەوەوە رایگەیاندبوو دهۆک باشترین پارێزگاى عێراقە لە ئازادی رادەربڕیندا.

ئەمڕۆ عەلی تەتەر پارێزگارى دهۆک پێشوازیکردوە لە کونسوڵی یەکێتى ئەوروپا، دوای کۆبوونەوەکە عەلی تەتەر لە لاپەڕەی خۆى لە فەیسبووک بڵاویکردەوە کە کونسوڵی یەکێتى ئەوروپا رایگەیاندوە، پارێزگاى دهۆک باشترین پارێزگای عێراقە لە ئازادى رادەربڕیندا.

دوای چەند کاتژمێرێک لەو نوسیینە پارێزگارى دهۆک نوسینکەى ئیدت کردوەو ئەو بەشەى سڕیوەتەوە کە بەناوی کونسوڵی یەکێتى ئەوروپاوە نوسییویەتى، بەوەش پێدەچێت لەسەر داواى کونسوڵی یەکێتى و بەهۆى نیگەرانى ناوبراوەوە ئەو نوسینەى سڕیوەتەوە.

هاوکات چالاکوانێکی بادینان لەسەر پۆستێکی پارێزگاری دهۆک نامەیەک ئاراستەی یەکێتی ئەوروپا دەکات و ئەویش بەو جۆرە وەلامی دەداتەوە، دوای چەند خولەکێک پارێزگار بڵاوکراوەکەی دەستکاریی دەکات، بە قسەی کونسولی یەکێتی ئەوروپا بێت لەژێر فشاری ئەواندا دەستکاریی بڵاوکراوکەیان کردوە.

لەوەڵامى ئەو چالاکوانەشدا کونسوڵی یەکێتى ئەوروپا رایگەیاندوە، پارێزگا ڕاگەیەندراوە ناڕونەکەیان چاک دەکەنەوە، چاوەڕێی بڵاوکراوەی نوێ بن

دەقی نوسینی یەكەمی عەلی تەرتەر پارێزگاری دهۆك :
دگەل بەرێز “فێسنت پومپیو” کۆنسلێ ئيکەتیا ئەورۆپا ل هەرێما کوردستانێ مە باس ل رەوشا مرۆڤایەتی یا پەنابەروئاواران، رەوشا دەڤەرێن سنۆری یێن پارێزگەها دهۆکێ، ئاریشێن هشکەسالیێ کو دەڤەر ڤەگرتی، پێکڤەژیانا خەلکێ دەڤەرێ و ئازادیا بیرۆبوچون و رادەربرینێ ب خۆشحالی ڤە کۆنسلێ ئێکەتیا ئەورۆپا گوتەمە:دهۆک باشترین پارێزگەها هەرێما کوردستانێ و عیراقێ یە بۆ ئازادیا رادەربرینێ، ئەم ژی شانازیێ ب هاولاتیێن پارێزگەها دهۆکێ دکەین و سۆپاس هەلۆیست و هاریکاریێن مرۆڤایەتی یێن بەردەوامێن ئێکەتیا ئەوروپا.


دەقی نوسینی دووەمی پارێزگاری دهۆك پاش سڕینەوەی قسەکان:
دگەل بەرێز “فێسنت پومپیو” کۆنسلێ ئيکەتیا ئەورۆپا ل هەرێما کوردستانێ مە باس ل رەوشا مرۆڤایەتی یا پەنابەرو ئاواران، رەوشا دەڤەرێن سنۆری یێن پارێزگەها دهۆکێ، ئاریشێن هشکەسالیێ کو دەڤەر ڤەگرتی، پێکڤەژیانا خەلکێ دەڤەرێ و ئازادیا بیرۆبوچون و رادەربرینێ کر.

نامەی نێوان چالاکەکەی بادینان و کونسوڵی یەکێتی ئەوروپا...
سڵاو بەڕێز کونسوڵ... 
لە دیدارەکەتدا لەگەڵ عەلی تەتەری پارێزگاری دهۆک وتوتە دهۆک باشترین پارێزگای عێراقە بۆ ئازادی ڕادەربڕین، تا ئێستا لە هیچ شوێنێکی فەڕمییەوە ئەو قسەیەمان نەبینیوە، دەتوانی بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ یان هەر جۆرێکی تر ڕونکردنەوە بدەیت ؟


وەڵام بۆ چالاکوانەکەی بادینان.. 

پارێزگا ڕاگەیەندراوە ناڕونەکەیان چاک دەکەنەوە، چاوەڕێی بڵاوکراوەی نوێ بن.