شارپرێس:
بەرێوەبەرایەتی پۆلیسی راپەڕین رایگەیاند، لە ٢١ی نیساندا هاوڵاتییەک بە ناوی (س، خ، پ) لە دایکبووی ساڵی ١٩٨٨ی، دانیشتوی حاجیاوا/دابان لە نزیک ماڵەکەی خۆی درایەبەر دەستڕێژی گوللـە و بەوهۆیەوە گیانی لەدەستدا و رێکاری یاسایی گیرایەبەر و دۆسیەی لێکۆڵینەوە کرایەوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، دواتر لەسەر ئەو رووداوە دوو تۆمەتبار دەستگیرکران، کە یەکێکیان خێزانی کوژراوەکە و ئەوەی تریان خەسوی کوژراوەکە بوو و بەپێی ماددەی ٤٠٦ لە یاسایی سزادانی عێراقی راگیران.
پۆلیسی راپەڕین رونیکردوەتەوە کە دوای بەدواداچوون و کۆکردنەوەی زانیاری و سوود وەرگرتن لە کامێراکانی چاودێریکردن، تۆمەتباری سەرەکی رووداوەکە بەناوی (س، ئـ، ئـ) دەسگیرکرا و بەپێی ماددەی ٤٠٦ و بەبڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوە راگیرا.
هاوکات ئەوەشیخستووەتەڕوو کە بەڵگەی تەواو کۆکرایەوە لە دژی تۆمەتباری سەرەکی (س، ئـ، ئـ) بەڵام لەسەرەتادا نکۆڵی دەکرد و دوای لێکۆڵینەوەی زیاتر و وردەکاری زیاتر و خستنەڕووی بەڵگەی زیاتر، تۆمەتبارەکە لە ئێستا دانی ناوە بەتاوانەکەیدا.
بەوتەى پۆلیسی راپەرین لە ئێستادا تۆمەتبار (س، ئـ، ئـ) لە بەردەم پۆلیس و دادگا دانی نا بەتاوانەکەیداناوە و دەڵێت، "لەگەڵ خێزانی کوژراوەکەدا رێککەوتووە، کە لە بەرامبەر بڕی ٢٢ هەزار و ٧٠٠ دۆلاردا مێردەکەی بۆ بکوژێت."
٢١ی نیسانی ئەمساڵ لە ناحیەی حاجیاوای سەر بە ئیدراەى راپەڕین گەنجێکی تەمەن ٣٣ ساڵ لەبەردەم ماڵەکەی خۆیدا دەستڕێژی گولـلەی لێکرا و گیانی لەدەستدا.