بۆ دەرکردنی هێزەکانی تورکیا لەعێراق، پێشنیازێکی کاریگەر دەدرێتە حکومەتی بەغدا

کوردستان

18/06/2021‌ 1148 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
پسپۆڕێکی ئابووریی عێراقیی دەڵێت عێراق چەندین ئامرازی جۆراوجۆری بۆ بەرپەرچدانەوە و کۆتاییهێنان بە سەرپێچییەکانی تورکیا  لەبەردەستدایە، لەوانە بۆ دەرکردنی هێزە سەربازییەکانی تورکیا لەناو خاکی عیراقدا.

عەلی ئەفەندی پسپۆڕی ئابووریی عێراقیی لەلێدوانێکدا بە پێگەی "مەعلوومە"ی راگەیاندووە کە عێراق چەکێکی ئابووری بەهێزی بۆ پەرپەرچدانەوە و کۆتاییهێنان بە زیادەڕەوییەکانی تورکیا لەبەردەستدایە، روونیشی کردۆتەوە کە لەدوای لاوازبوونی بەهای لیرەی تورکی بەرانبەر بە دۆلاری ئەمەریکی، ئێستا ئەو وڵاتە عێراق وەک دەروازەیەک بۆ دەستکەوتنی دۆلار بەکاردەهێنێت.

بە وتەی ئەفەندی ئەگەر بێت و عێراق هاوردەکردن لە تورکیا رابگرێت و مامەڵەی بازرگانیی لەگەڵ ئەو وڵاتەدا نەکات، ئەوە تورکیا مانگانە زیانی ١٠ ملیار دۆلاری بەردەکەوێت، بەوەش بەهای دراوی تورکی ئەوەندەی تر لاواز دەبێت و نیوەی یەدەگی دۆلاریشی لەدەست دەچێت، ئەوکات ئەنقەرە ناچار دەبێت ملکەچی مەرجەکانی عێراق ببێت.

لەبەشێکی تری قسەکانیدا ئەو پسپۆرە ئابوورییەی عێراق ئاماژەی بۆئەوەکردووە کە ئەردۆغان کۆپی بچووککراوەی سەرۆکی ڕژێمی لەناوچووی عێراقەوە و خەونەکانی بەرەو هەمان چارەنووسی دەبەن، باسی لەوەشکردووە کە ئەردۆغان جگە لە زمانی هێزی ئابووریی لەهیچی تر تێناگات، بۆیە دەبێت وا لە تورکیا بکرێت بەرانبەر بە بەکارهێنانی چەکی ئاو، قەرەبووی عێراق بکاتەوە.

پێشتر خاوەنکارانی تورکیا هۆشداریاندابوو لەوەی ئەگەر بێت و سەرەڕۆییەکانی تورکیا لەناو خاکی عێراق بەردەوام بێت، ئەوە بازرگانی نێوان تورکیا و عێراق مەترسیی دەکەوێتەسەر و زیانی گەورە ە ئابووریی تورکیا دەکەوێت، بەشێوەیەک رەنگە تورکیا بچێتە ڕیزی ئەو وڵاتانەی داوای کۆمەکی دارایی دەکەن.
ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی


بەپەلە