خانەنشینانی کوردستان: ئەنجومەنى وەزیران و وەزارەتى دارایی بەرپرسیارن لەمردنى خانەنیشینان لەسەرەی موچەدا

کوردستان

13/07/2021‌ 1390 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

یەکێتى خانەنشینانى کوردستان لقی سلێمانى نیگەرانى خۆیان لە شێوازی دابەشکردنى مووچەى خانەنشینان دەردەبڕن و رایدەگەیەنن کە ئەم شێوازی دابەشکردنەی مووچە هەڵەیەو پێویستە میکانیزمێکى مۆدێرن بگرنەبەر.

لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیدا یەکێتى خانەنشینانى لقی سلێمانى نیگەرانى خۆیان لە گیان لەدەستدانى خانەنشینێک لەسەرەى وەرگرتنى مووچەدا رادەگەیەنن و دەڵێن، مردنى خانەنشیان لەسەرەی مووچەدا ئەنجومەنى وەزیران و وەزارەتى دارایی لێی بەرپرسن.

ئاماژە بەوەش دەکەن کە لە ئەنجامى بێ باکى و رەچاو نەکردنى میکانیزمێکى گونجاو بۆ دابەشکردنى مووچە بۆیە بەو جۆرە کەسانێکی خانەنشین لەسەرەى مووچە وەرگرتن و لە گەرمەى هاویندا گیان لەدەستدەدەن.

هەروەها یەکێتی خانەنشینانى کوردستان ئەوەش دەخەنەروو کە لە سایەى خەمساردى دەسەڵات  کە تائیستا دەربەستى ئەم چینە ماندووە نەبووە، چیتر بەم میکانیزمە سواوە پاداشتى ئەم چینە ماندووەی کۆمەڵگە نەدەنەوەو قەرەبووی خانەنیشان بکرێتەوە، دەشڵێن، ئەنجومەنى وەزیران و وەزارەتى دارایی بە بەرپرس دەزانین لەو دۆخەى خانەنشیانی تێدایە.

هاوکات یەکێتی خانەنشیانى کوردستان داواش دەکەن بەبپێی یاسای ژمارە ٩ی پەرلەمانى عێراق لە هەرێم جێبەجێبکرێت و مووچەکانیان لەگەڵ بەغدا هاوتا بکرێتەوە.