وەزارەتى كارەبا پێدانی کارەبا بە کەرتی تایبەت یەکلایی دەکاتەوە

کوردستان

13/07/2021‌ 1980 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس
وەزیری كارەبای حكومەتی هەرێم رایگەیاند، پێدانی کارەبا بە کەرتی تایبەت، بەتایبەتی بەشی دابەشکردن قۆناغی باشی بڕیوە و لە کۆتا ساتەکانی بڕیاردان دایە، کە یەکێ لە خواستەکان بۆ چارەسەر کردنی کێشەی کارەبا بووە.

 بەپێی هەواڵێكی پێگەی وەزارەتی كارەبا، ئەمڕۆ، کەمال محمدساڵح وەزیری کارەبا، بارودۆخی کارەبای پارێزگای دهۆک و ئیدارەی گەرمیانی لەگەڵ بەڕێوەبەرانی کارەبای هەردو ناوچەكەتاوتوێ کردەوە، وەك لە هەواڵەكەدا هاتووە: پێوەری زیرەک توانیویەتی بەشێکی زۆری کارەبا کۆنترۆڵ بکات، بەتایبەتی لە بواری دەستنیشانکردنی جۆری سەرپێچییەکان و کەمکردنەوەی بارزۆری لەسەر کارەبا، کە لە ماوەی شەش مانگدا، لە %49 بۆ 38% دابەزیوە.

لە بارەی پێدانی كارەبا بە كەرتی تایبەت ئاماژەی بەوەكردوە، كە پێدانی کارەبا بە کەرتی تایبەت، بەتایبەتی بەشی دابەشکردن قوناخی باشی بڕیوە و لە کۆتا ساتەکانی بڕیاردان دایە، کە یەکێ لە خواستەکان بۆ چارەسەر کردنی کێشەی کارەبا بووە.

سەبارەت بە كەمبونەوەی داهاتی وەزارەتی كارەبا، كۆبونەوەكە درەنگپێدانی پسوولەی کارەبا بە هاوبەشانی، بە یەکێ لە کەموکورتییەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکانی کارەبا دەستنیشانکردوە، کە بووە هۆی کەمبوونەوەی داهاتی وەزارەت.

ئەوەشخراوەتەڕوو، لە ماوەی هەر سێ مانگێکدا، هەڵسەنگاندن بۆ بەڕێوەبەرایەتییەکان دەکرێت و کەموکورتییەکان دەستنیشان دەکرێن و رێکاری پێویست بەرانبەر کەمتەرخەمییەکانیش دەگرێتە بەر.

وەزارەتی كارەبا دوپاتی دەكاتەوە، بە هاوکاری هێزەکانی ناوخۆ، هەڵمەتێکی فراوانی نەهێشتنی سەرپێچی لە تەواوی پارێزگا، قەزا و ناحیەکان دەستپێدەکات.

هەرێمی کوردستان کارەبای لە تورکیا هاوردە نەکردووە، بەڵکو عێراق بڕە کارەبایەک لە تورکیای کڕیوە کە بە هێڵی گواستنەوەی کارەبا هەرێم تێپەڕ دەبێت و بەهۆیەوە کێشەی ڤۆلتە و بارزۆری لەسەر توڕی گواستنەوەی هەرێمێش چارەسەر دەبێت.

کوژاندنەوەی پێوەری زیرەک بە هۆی زۆر بەکارهێنانی کارەبا لە لایەن هاوبەشانەوە لە 45 خولەکەوە بۆ 20 خولەکێک کەم دەکرێتەوە.
س.س