بزوتنه‌وه‌ى تاڵیبان هۆشداریی به‌توركیا ده‌دات ئه‌گه‌رى پێكدادانى سه‌خت هه‌یه‌

جیهان

17/07/2021‌ 1510 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەدوای کشانەوەی هێزەکانی ناتۆ لەئەفغانستان‌و بڕیاره‌كه‌ى تورکیا بۆ پاراستنی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی حامید کاره‌زای لەکابوڵی پایتەختى ئه‌و وڵاته‌، بزوتنه‌وه‌ى تاڵیبان هۆشداریداوه‌و وتویه‌تى، ڕێگە بەبونی سەربازیی تورکی لەسەر خاکی ئەو وڵاتە نادات، میدیاى ڕوسیش ده‌ڵێت:"پێشبینى پێكدادانێكى توند له‌نێوان توركیاو بزوتنه‌وه‌ى تاڵیباندا ده‌كرێت".


ڕۆژنامەی (مۆسکۆفکسی کۆسمۆلیتس)ی ڕوسی ڕاپۆرتێکی لەسەر ئەو بابەتە ئامادەکردوە کە بەپێی ئەوە ڕوبەڕوبونەوەی سەربازیی لەنێوان تورکیاو بزوتنەوەی تاڵیبان مسۆگەرە.

لەبابەتەکەی ڕۆژنامە ڕوسییەکەدا هاتوە، "تورکیا ڕۆڵێکی گرنگ لەسەر دیمەنی سیاسیی ئەفغانستان دەگێڕێت، جێگیرکردنی سیستەمی بەرگری ئاسمانی تورکی لەفڕۆکەخانەی کابوڵ یەکەم هەنگاوی ئەو وڵاتەیە بەرەو فراوانکردنی هەژمونی تورکیا لەناوچەکەدا".

لەبەرامبەریشدا بزوتنەوەی تاڵیبان کە ڕوبەرێکی گەورەی خاکی ئەفغانستانی کۆنترۆڵکردوە، ڕایگەیاندوە، "ڕێگە بەبونی سەربازیی تورکی لەسەر خاکی ئەو وڵاتە ناده‌ین".

هاوكات ڕۆژنامەی مۆسکۆڤسکی کۆمسۆمۆلیتسی ڕوسى لێدوانێكى یوری لامین پسپۆڕی سەربازیی ڕوسیی بڵاوكردۆته‌وه‌ كه‌ وتویه‌تى:"لەبارەی ئەگەری ڕێککەوتنی تورکیاو تاڵیبان بۆئەوەی هێزە سەربازییەکانی تورکیا لەئەفغانستان بمێنێتەوە، تاڵیبان بەتوندی دژی مانەوەی هێزە بیانییەکانە لەوڵاته‌كه‌یدا، لەبەرئەوەی ئەمریکییەکان ساڵی ڕابردوو لەکاتی ڕێککەوتنیان لەگەڵ تاڵیبان بەڵێنی ئەوەیانداوە کە سەرجەم هێزەکان نەوەک هەر تەنها هێزەکانی ئەمریکا، دەبێت لەئەفغانستان بکشێنەوە، تورکیاش هاوپەیمانی ئەمریکایە بۆیە مانەوەیان بەداگیرکاری هەژماردەکەن".

وتوشیه‌تى:"لەسەر ئەو بنەمایە تاڵیبان پارێزگاری لەمافی خۆی بۆ بەرگریکردن دەپارێزێت‌و ناشتوانرێت تێڕوانینی تورکیاو بزوتنەوەکە لەیەکتر نزیکبکرێتەوە، لەنوێترین بەیاننامەشیاندا تاڵیبان دەڵێت دەبێت سەرجەم هێزەکانی تورکیا لەفڕۆکەخانەی کابوڵ بڕۆنەدەرەوە، هەربۆیە تاوەکو ماوەی مانەوەی هێزەکانی تورکیا لەئەفغانستان زیاتر بکێشێت، ئەگەری ڕودانی شەڕو ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌ى توند لەنێوانیاندا زیاتر دەبێت".