لەناویاندا شویت.. ئەو پێنج بەرهەمە خۆراکییە سیستەمی بەرگری جەستە بەهێزدەکەن

تەندروستی

18/07/2021‌ 859 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

پسپۆرێکی بواری خۆراکیی رووسیی لەچاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی مۆسکۆ-٢٤ پێنج بەرهەمی خۆراکیی ئاشکراکردووە کە کاریگەریی گەورەیان هەیە لەسەر بەهێزکردنی سیستەمی بەرگری جەستە.

ئەلێکساندەر میرۆشینکۆڤ، پسپۆڕی بواری خۆراکیی لەچاوپێکەوتنەکەیدا دەڵێت: ئەو بەرهەمە خۆراکیانە ڤیتامین (سی)یان تێدایە، رۆڵیان هەیە لە بەرهەمهێنانی ئەنترۆڤیرۆن و خانە بەرگرییەکان، لەوەشدا مێوژی رەش باشترین بەرهەمە.

میرۆشینکۆڤ هەروەک دەڵێت جەستە بۆبەهێزکردنی سیستەمی بەرگرییەکەی پێویستی بە ڤیتامین (ئەی) هەیە کە لە رێحانەدا هەیە، ئەو ڤیتامینە لە درووستکردنی خانە بەرگرییەکانیشدا رۆڵیان هەیە. بۆئەوەش پسپۆرە رووسییەکە ڕێنماییداوە رۆژانە دوو بۆ سێ چڵ رێحانە بخورێت، هەروەک چۆن کاهووش دەوڵەمەندە بە ڤیتامین (بی) کە یارمەتی نەهێشتنی دڵەراوکێ دەدات و دواجار دەبێتە هۆی بەهێزکردنی سیستەمی بەرگری جەستە.

لەپاڵ ئەمانەدا، بە وتەی میرشینکۆڤ شویت یەکێکە لە خۆراکە هەرە گرنگەکان بۆ بەهێزکردنی سیستەمی بەرگری جەستە، لەبەرئەوەی خەسڵەتی دژە میکرۆبی تێدایە،  هەرچی رۆبیانیشە لەبەرئەوەی رۆڵی هەیە لە درووستکردنی دژە تەنەکان  بۆیە ئەگەر بێت و لەگەڵ شویتی وشککراوە بەیەکەوە بکوڵێنرێت کاریگەرییەکەی زیاتر دەبێت.
ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی
https://arabic.sputniknews.com/science/202107171049592834-5-%D8%A3%D8%B7%D8%B9%D9%85%D8%A9-%D9%85%D8%B9%D8%B2%D8%B2%D8%A9-%D9%84%D9%84%D9%85%D9%86%D8%A7%D8%B9%D8%A9/