شارپرێس:
پزیشکێکی پسپۆڕی بواری نەخۆشییەکانی دڵو لولەکانی خوێن لەڕوسیا دەڵێت هەر ئازارێک کە بەرئەنجامی ڕوداوێک نەبوو، ئەوە ئاماژەیە بۆ بونی ناتەواویی لەیەکێک لەئەندامەکانی جەستەی کەسەکەدا، بۆیە لەکاتی درێژەکێشانیدا پێویستە سەردانی پزیشکی پسپۆڕ بکات.
دکتۆر ڤلادیمێر پۆدخۆمۆتنیکۆڤ بەئاژانسی نۆڤۆستی ڕوسی وتوە، "زۆر گرنگە لەکاتی دەرکەوتنی ئازار لەبەشێک لەبەشەکانی جەستەدا لەکاتی پێویستدا سەردانی پزیشک بکرێت، لەبەرئەوەی ڕەنگە هەر دواخستنێک مەترسیی لەسەر گیانی کەسەكه دروست بکات، ئەوەک ئەوەی لەکاتی ڕودانی جەڵتەی دڵدا ڕودەدات.
ئەو پزیشکە دەڵێت:"ئەگەرهاتو لەپڕ ئازارێکی توند لەبەشی سەرەوەی سک دروستبوو، دواتر بڵاوببێتەوە بۆ قۆڵی چەپ یان ناوچەی نیوەی شانی چەپ، کە ئارەقکردنەوەیەکی ساردی لەگەڵدا بێت، ئەوە ئاماژەیە بۆ ڕودانی جەڵتەی دڵو پێویستە زۆر بەخێرایی بخرێتە ژێر چاودێری پزیشکییەوە، لەبەرئەوەی لەو حاڵەتەدا هەموو خولەکێک بەهای خۆی هەیە.
پۆدخۆمۆتنیکۆڤ هەروەک دەڵێت:"ئازاری سک یەکێکە لەئازارە هەرە مەترسیدارەکان، لەبەرئەوەی لەزۆربەی حاڵەتەکاندا ئاماژەیە بۆ بونی هەوکردنی توندی پەنکریاس یان هەوکردنی زراوو برینی گەدە".
جگەلەوەی پزیشکە ڕوسییەکە ڕێنماییداوە بەوەی لەکاتی هەستکردنی بەردەوام بەتینوێتیو وشکبونەوەی دەمو زوو زوو چون بۆ سەرئاو مانای وایە کەسەکە پێویستی بەوەیە بەخێرایی سەردانی پزیشک بکاتو هۆکاری حاڵەتەکە دەستنیشانبکات.
و: ئاکۆ ئاڵی