میسر.. دۆزینەوەی کەشتییەکی جەنگی کە مێژوەکەی بۆ پێش زایین دەگەڕێتەوە

هەمەڕەنگ

22/07/2021‌ 1252 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

وەزارەتی گەشتوگوزاری میسر ڕایگەیاند، لەکەنارەوەکانی کەنداوی ئەبی قیر لەئەسکەندەرییە پاشماوەی کەشتییەکی جەنگی تێکشکاویان دۆزیوەتەوە کە بۆ سەدەی چوارەمی پێش زایین دەگەڕێتەوە.

وەزارەتەکە چەند وێنەیەکی دۆزینەوە شوێنەوارییەکەی بڵاوکردۆتەوە کە نێردەی هاوبەشی میسری‌و فەڕەنسی سەر بەپەیمانگای ئەوروپایی بۆ شوێنەوار بۆ پاشماوە نقومبوەکانى دۆزیویەتییەوە، ئێستا تیمەکە لەشاری ژێر ئاو کەوتوی هیراکلیۆن کاردەکەن.

پێگەی "ئەخبار سینا" لەزاری مستەفا وەزیری ئەمینداری گشتیی ئەنجومەنی باڵای شوێنەواری میسرەوە گواستویەتییەوە، "ئەو کەشتییەی لەناوچەکەدا دۆزراوەتەوە بۆسەدەی چوارەمی پێش زایین دەگەڕێتەوە، وابڕیاربووە کەشتییەکە لەو کەناڵە ئاوییەدا لەنگەربگرێت کە بەرەو ڕوی پەرستگای ئامون چوه‌، بەڵام بەهۆی هەرەسهێنانی پەرەستگاکەوە نقوم بوەو لەسەدەی دوەمی پێش زاییندا پارچەی گەورە گەورەی بەسەدا کەوتوە".

بەوتەی وەزیره‌ میسریه‌كه‌، ڕوداوەکە بەهۆی بومەلەرزەیەکی بەهێزو وێرانکەوە ڕویداوە.

باس لەوەشکراوە، کەشتییەکە چەند مه‌ترێک لەژێر قوڕی پتەودا دۆزراوەتەوەو لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکانیش دەڵێت: درێژی کەشتییەکە 25 مەتره‌.

و: ئاکۆ ئاڵی