لەگەڕەکەکانی مێجەرسۆنەوە بۆ گەڕەکی دژەتیرۆر

کوردستان

23/07/2021‌ 7490 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ڕووداوەکانی دوای هەشتی تەمموز پەردەی لەڕووی زنجیرەیەک کاری "نایاسایی" هەڵماڵی کە لەماوەی دوو ساڵی ڕابردوو لە سلێمانی بەناوی هێزێکی ئەمنیەوە ئەنجامدراوە، کە دەبوو ئەرکەکەی ڕوبەڕوبونەوەی تیرۆر بێت، بەڵام ئەو ڕووداوانە پرسیاری ئەوەشی وروژاند، ئەو ئاڕاستەیەی ئێستا لەنێو یەکێتی دژی ئەو کارانە وەستاوەتەوە دوو ساڵە بۆ بێدەنگە؟ ئاخۆ چۆن دەبێت زەویی لە شارێکدا دابەشبکرێت و ئاڕاستەیەکی نێو یەکێتی ئاگاداریی نەبێت و دوای دوو ساڵ وەک کارێکی "نایاسایی" ئاشکرایبکات؟ 


لە قەلاچوالانەوە بۆ سلێمانی و گەڕانەوە بۆ قەلاچوالان

پێش ئه‌وه‌ی بنه‌ماڵه‌ی بابانییه‌كان بیر له‌ دروستكردنی شاری سلێمانی بكه‌نه‌وه‌، ئیماره‌ته‌كه‌یان له‌ گوندی (قه‌ڵاچوالان) بوو، له‌گه‌ڵ به‌رفراوانبوونی ئیماره‌ته‌كه‌ جموجوڵی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌و بنیاتنانی شارستانی له‌ ناوچه‌كه‌دا ده‌ستیپێكرد، كێشمه‌كێشی ناوخۆیش له‌نێو بنه‌ماڵه‌ی بابانییه‌كان و ئیماره‌ته‌ كوردییه‌كاندا بۆ كورسی و ده‌سته‌ڵات ئه‌وه‌نده‌ی دیكه‌ مه‌ترسی له‌سه‌ر ناوچه‌كه‌ دروستكردبوو، ئه‌مه‌ش وایكرد مه‌حمود پاشای بابان ساڵی (1781)ی زاینی بیری له‌وه‌ كرده‌وه‌ ناوه‌ندی به‌ڕێوه‌بردنی سیاسی له‌ قه‌ڵاچوالانه‌وه‌ بگوێزێته‌وه‌ بۆ شوێنێكی تر، بۆیه‌ سه‌رای حكومه‌تی له‌نزیك گوندی مه‌ڵكه‌ندی دروستكرد، دواتر ئیبراهیم پاشای بابان له‌ ساڵی (1783)دا فه‌رمانڕه‌وایی ئیماره‌ته‌كه‌ی گرته‌ئه‌ستۆو ده‌ستیكرد به‌ دروستكردنی شاری سلێمانی تا له‌ ساڵی (1784)دا له‌ دروستكردنی شاری سلێمانی كۆتایی هات، له‌هه‌مان ساڵدا بابانییه‌كان پایته‌ختی ئیماره‌ته‌كه‌یان گواسته‌وه‌ سلێمانی.

دوای 237 ساڵ لە گواستنەوەی ناوەندی بڕیار لە قەلاچوالانەوە بۆ سلێمانی، ڕۆژی هەشتی تەمموز مێژوو گەڕایەوە بۆ دواوەوە و ناوەندی بڕیار گەڕایەوە بۆ قەلاچوالان، ئەوەش لەپاش ئەوەی سەرەتای "گۆڕانکارییەکان"ی نێو یەکێتی نیشتمانیی کوردستان بە لابردنی دوو بەرپرسی ئەمنی حزبەکە لە قەلاچوالان دەستیپێکرد.


لەگەڕەکەکانی مێجەرسۆنەوە بۆ گەڕەکی دژەتیرۆر

مێجەرسۆن (ئیلی بانیستەر سەون 1881-1923) ئەفسەری سیاسیی سوپای بەریتانیا و مێژوونوس کاتێک سەردانی شاری سلێمانی کردووە لەبارەی گەڕەکەکانیەوە نوسیویەتی "سلێمانی شه‌ش گه‌ڕه‌كی سه‌ره‌كی تیادایه‌ (كانی ئاسكان، گۆیژه‌، مه‌ڵكه‌ندی، سه‌رشه‌قام، چوارباخ، ده‌رگه‌زێن) گه‌ڕه‌كی جوله‌كانی جارانیش ئێستا خراوه‌ته‌سه‌ر گه‌ڕه‌كی سه‌رشه‌قام.

دوای زیاتر لە سەدەیەک لەو یاداشتەی مێجەرسۆن ئێستا لە شاری سلێمانی گەڕەکی جیاواز هەیە، هەیانە بە سروشتیی خۆی فراوانبووە، هەشیانە بە زەبری چەک و پارە دروستبووە و ناوێکی ڕەمزی بۆ خۆی وەرگرتووە، ئەویش "گەڕەکی دژە تیرۆرە".

دەزگای دژە تیرۆر یەکێکە لەو دەزگایەی کە سەر بە  (ئاژانسی پاراستن و زانیاری/ زانیاری)ھەرێمە، واتا بەرلەوەی دامەزراوەیەکی حزبی بێت، دەبوو دامەزراوەیەکی فەرمی هەرێمی کوردستان بێت، وەک لە ناوەکەیدا دیارە ئەرکی دەزگاکە دژایەتیکردنی تیرۆرە، لە دۆخێکدا ئەگەر مەترسی تیرۆر لەسەر هەرێمی کوردستان هەبێت.

بەڵام لە ساڵانی ڕابردوودا بەتایبەت دوو ساڵی رابردوو، دەزگاکە لە ئەرکی ئەمنیەوە پێیخستە نێو کاری بازرگانیی و بەتایبەت کاری زەوی و زار، لە بەشێک لە گەڕەکەکانی شاری سلێمانی زەوی بەناوی ئەندامەکانیەوە دابەشکرا یاخود کەسانێک بەناوی دەزگای دژەتیرۆر سودمەند بوون لە وەرگرتنی زەوی.

دوو نمونەی دیار هەیە بۆ دابەشکردنی زەوی لەلایەن دژە تیرۆرەوە ئەوانیش دابەشکردنی سەدان پارچە زەوییە لە گەڕەکەکانی بەکرەجۆ و ڕاپەڕینی شاری سلێمانی، تەنانەت کاتێک لە کەسێکی شارەزای گەڕەکی بەکرەجۆ پرسیار دەکەیت گەڕەکی دژە تیرۆر کامەیە؟ بێدودڵی پەنجە بۆ شوێنێک ڕادەکێشێت کە بەشێکی کراوەتە خانوو، بەشێکی دیکەشی هێشتا زەوییە، بەڵام دابەشکراوە.

لە گەڕەکی ڕاپەڕین دۆخەکە ئەگەر لەوەی بەکرەجۆ خراپتر نەبێ باشتر نییە، چونکە کاتێک لە مانگی نیسانی ساڵی ڕابردوو بەهۆی هاتنی یەکەم شەپۆلی کۆرۆنا بۆ هەرێمی کوردستان و ڕاگەیاندنی قەدەغەی هاتووچۆ، خەڵکی سلێمانی بۆ ماوەیەک لە ماڵەکانیان مانەوە، لەو کاتەدا هێزێکی دژەتیرۆر سەدان پارچە زەویی لە گەڕەکی ڕاپەڕینی شاری سلێمانی تەخت و ئامادەکرد و بەخشییە ئەو کەسانەی خۆی دیاریدەکردن، ئەو زەویانە بەشێکیان پێشتر وا دیاریکرابوون کە لەگەڵ فراوانبوونی گەڕەکی ڕاپەڕین بکرێنە پارک، قوتابخانە، مزگەوت و نەخۆشخانە، بەڵام زۆرینەیان لەلایەن دژە تیرۆرەوە دابەشکران.

دابەشکردنی زەوییەکانی ڕاپەڕین بە تەنها زیانی بە موڵکی گشتی نەگەیاند، بەڵکو بووە زیان بۆ خەڵکی ئەو ناوچەیە ئەگەر بیانویستایە خانوو یاخود زەوییەکانیان بفرۆشن، بۆ نمونە بەر لەوەی دژە تیرۆر مامەڵە بە زەوییەکانەوە بکات نرخی پارچەیەک زەوی لە ڕاپەڕین بە گشتی لە 60 هەزار دۆلارەوە دەستیپێدەکرد، بەڵام دوای هاتنە ناوەوەی دژەتیرۆر بۆ دابەشکردنی زەوییەکان، نرخی زەوی و خانوبەرە لەو ناوچەیە بۆ نزیکە 30 هەزار دۆلار دابەزی.



"ئافرەت ھەبوە 100 پارچە زەوی بەناوەوە کراوە"


دابان محەمەد، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی گۆڕان لە نوسینێکدا لەبارەی دابەشکردنی پارچە زەوی لە شاری سلێمانی نوسیویەتی "چەندین ڕێگامان گرتەبەر، وەزارەتی ناوخۆ، دواتر لە ڕێگەی پەرلەمان و ڕاسپاردنی لیژنەی شارەوانی و دواترین جێگری سەرۆکی حکومەت، بەبەڵگەوە دۆسیەی 24 ناوچە و زۆنی سلێمانی، کە ئیفرازی دەیان ھەزار پارچەزەوی و داگیرکاری و تاڵانی ھەزاران دۆنم بوون، ڕادەستیان کراوە، ئافرەت ھەبوە 100 پارچە زەوی بەناوەوە کراوە.

بەوتەی دابان محەمەد "چه‌ندین به‌رپرسى ئه‌منى، سه‌ربازى، حزبى و حكومی، بازرگان و ته‌نانه‌ت ده‌ڵاڵیش بەشداربوون، به‌ ئامێرى پێشكه‌وتو و له‌ ئاسمانه‌وه‌ زه‌وى ئیفراز ده‌کرا، به‌ ده‌غڵ و دانه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ به‌ زه‌وییه‌وه‌ ده‌کرا، به‌ سه‌وزایى و دار و دره‌خته‌وه‌ نه‌خشه‌ى بازرگانى بۆ ده‌کێشرا، فشار له‌ خاوه‌ن زه‌وییه‌ كشتوكاڵیه‌كان ده‌کرا، یان ڕازبن  به‌ پارچه‌ پارچه‌كردن و دابه‌شكردنى  زه‌وییه‌كانیان، یان داگیر ده‌كرا".


دوو بەرپرسی حکومی بانگهێشتی دەباشان دەکرێن

لە پێشهاتێکی نوێدا شەوی ڕابردوو بەڕێوەبەری ناحیەی بەکرەجۆ و سەرۆکی شارەوانی ڕاپەرین بانگهێشتی دەباشان  کراون و تا ئێستاش دەستبەسەرن.

بانگهێشتکردنی ئەو دوو بەرپرسە لەکاتێکدایە لە سنوری دەسەڵاتی ئەواندا زۆرترین زەوی بە ناوی دژە تیرۆرەوە دابەشکراوە، بەڵام تا ئێستا عومەر حەسەن، بەڕێوەبەری شارەوانی بەکرەجۆ بانگهێشتی لێکۆڵینەوە نەکراوە کە زەوییەکان لە سنوری دەسەڵاتی ئەو و بە واژۆی ئەو دابەشکراون، کە بەگوێرەی زانیارییەکانی "شارپرێس" تا پێش ڕووداوەکانی هەشتی تەمموز بەرپرسانی دژە تیرۆر ڕۆژانە سەردانی شارەوانی بەکرەجۆیان دەکرد و چەند کاتژمێرێک لەگەڵ بەڕێوەبەری ئەو شارەوانیە کۆدەبوونەوە.


حکومەت بێدەنگە و حزب دەستی بە جوڵە کردووە

ئەوەی لە پرسی ئەو زەوییانەی سلێمانی بووەتە جێگەی پرسیار تا ئێستا نە وەزارەتی شارەوانیی، نە شارەوانی سلێمانی بە شێوەیەکی فەرمی قسەیان لەسەر ئەو بابەتە نییە، کە هەردوو لایەنەکە بەرپرسی ڕاستەوخۆی بابەتەکەن، هاوکات تا ئێستا نازانرێت چارەنوسی ئەو زەوییانەی بەناوی دژە تیرۆرەوە دابەشکراون چی دەبێت، ئاخۆ بە ڕێککەوتنێکی نوێ و لەبەرامبەر بەدەستهێنانی سۆزی ئەندامانی دژە تیرۆر، چاوپۆشی لەدابەشکردنی ئەو زەوییانە دەکرێت؟ یاخۆد نەخێر ئەوەی بە نایاسایی زەویی پێدراوە، لێی دەسەندرێتەوە.

کابینەی نۆ کە دروشمێکی بریتییە لە ڕوبەڕووبونەوەی کاری نایاسایی، دوور و نزیک باسی لە دابەشکردنی زەویی بەشێوەی نایاسایی لە سلێمانی نەکردووە، ئەوەش گومانی ئەوەی لای هاووڵاتیان دروستکردووە، کە زەوییەکان چۆن دابەشکراون چارەنووسیان هەر بەو شێوەیە دەمێنێتەوە.