شارپرێس:
بەڕێوەبەری گشتیی شەھیدان‌و ئەنفالكراوانی ھەولێر ڕایده‌گه‌یه‌نێت، بەھۆی چاكسازییەوە ئەوانەی بەنایاسایی بەشەھید تۆماركراون، ھەمویان لادەبرێن‌و ته‌نها له‌هه‌ولێر تائێستا شه‌ش هه‌زار كه‌س كه موچه‌ى شه‌هیدانه‌یان وه‌رگرتوه لابراون.
داماو محەمەد بەڕێوەبەری گشتیی شەھیدان‌و ئەنفالكراوانی ھەولێر به‌زارى كرمانجى ڕاگه‌یاندوه، دوای دەرچونی یاسای چاكسازیی، كار بۆ پێداچونەوەی مەلەفی ھەموو شەھیدو زیندانییەكی سیاسی دەكەن، بەردەوام چاكسازیی‌و پاكسازی لەلیستی شەھیدان‌و زیندانیانی سیاسی‌دا دەكرێت.
وتوشیه‌تى:"پلانوایە ھیچ كەسێك لەدەرەوەی یاسا لەنێو لیستی شەھیداندا نەمێنێت، چونكە ئەگەر پێشتر خەڵكێك بەھەر ھۆكارێك ناوی بەشەھید تۆماركرابێت، دوای لێكۆڵینەوە ناوەكەی لادەبرێت، ئەمەیش بەردەوام ھەبوەو پێداچونەوە بەلیستی شەھیداندا كراوە".
بەڕێوەبەری گشتیی شەھیدان‌و ئەنفالكراوانی ھەولێر ئه‌وه‌شده‌خاته‌ڕوو، كاتی خۆی كە دەزگای شەھید بوە وەزارەت، تەنها لەسنوری بەڕێوەبەرایەتیی شه‌هیدانى هه‌ولێر 18ھەزار كەس وەك شەھید تۆماركرابون، بەڵام ئێستا تەنها 12 ھەزار كەس وەك كەسوكاری شەھید موچە وەردەگرن، ئەوەش دوای پاكسازی لەلیستی شەھیدان.
داماو باس له‌وه‌شده‌كات، "پێشنیازكراوە بۆ چارەسەركردنی پرسی شەھیدانی شەڕی داعش، چونكە تائێستا ئەوان موچەیان لەلای وەزارەتی پێشمەرگەیەو نه‌خراوه‌ته‌سه‌ر وه‌زاره‌تى شه‌هیدان".
یاساى چاكسازیى له‌لایه‌ن په‌رله‌مانى كوردستانه‌وه په‌سه‌ندكراوه‌و به‌پێى یاساكه پێداچونه‌وه به‌دۆسیه‌ى سه‌رجه‌م فه‌رمانبه‌ران‌و خانه‌نشین‌و شه‌هیدو ئه‌نفالكراواندا ده‌كرێت‌و ئه‌وانه‌ى شایسته نه‌بن له‌وه‌رگرتنى موچه بێبه‌شده‌كرێن.
ئ.ق