شارپرێس:
لەدوای تەمەنی 40 ساڵیدا خانەکانی جەستە وەک پێشوتر نامێننو پێویستیان بەوەیە لەپێناو پاراستنی تەندروستیانو بەگەنجی هێشتنەوەیان گرنگییەکی تایبەتیان پێبدرێت، لەو نێوەندەشدا خواردنی تەندروستو پەیڕەوکردنی سیستەمێکی خۆراکیی گونجاو دەستەبەری پاراستنی تەندروستیی مرۆڤ لەدوای ئەو تەمەنە دەکات.
ماریا کارداکۆڤا پسپۆڕی بواری تەندروستییو خۆراکپێدانی بەریتانی لەچاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ئاژانسی "سپۆتنیک"ی ڕوسی، ئەو بەرهەمە خۆراکیانەی دیاریکردوە کە بۆ پیاوان لەدوای تەمەنی 40 ساڵییەوە بەسودە.
کارداکۆڤا دەڵێت:"دەبێت پیاوان لەدوای تەمەنی 40 ساڵییەوە ئەوە لەبەرچاو بگرن کە سەوزەو میوە بەشێوەیەکی بەردەوام لەناو سیستەمی خۆراکیاندابێت"، ڕونیشیکردۆتەوە، "پیاوان لەو تەمەنەدا زۆر بەگرنگییەوە لەخواردنی سەوزە ناڕوانن".
ئەو پسپۆرە بەریتانییە دەڵێت:"دەکرێت پیاوان بەشێوەیەکی بەرچاو ئەگەری توشبونیان بەنەخۆشییەکانی دڵو لولەکانی خوێن کەمبکەنەوە، ئەگەربێتو ڕۆژانە لەسیستەمی خۆراکیاندا بڕێکی زۆر سەوزەو میوەی تێدابێت".
لەبەشێکی تری قسەکانیدا کارداکۆڤا دەڵێت:"مرۆڤ لەو تەمەنەدا زیاتر پێویستی بەچەورییە تەندروستەکانی وەک ئۆمیگا3 دەبێت کە بەزۆری لەماسییە چەورەکانی وەک ماسی سەلەمونو چەرەساتەکانو ئاڤۆکادۆدا دەستدەکەوێت".
و: ئاکۆ ئاڵی