شارپرێس:
ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییە جیهانییەکان ئاشکرایدەکەن، توێژەرو زانایان دەستیانکردوە بەتاقیکردنەوەی تەکنیکێکی نوێ کە بەپێی ئەوە ئۆتۆمبێلە کارەباییەکان لەکاتی ڕۆیشتنیان خۆیان پاتری ئۆتۆمبێلەکە بارگاوی دەکەنەوەو پێویستیان بەڕاگرتن نابێت.
بەپێی ڕاپۆرتێکی پێگەی "ئینگاجێت"ی تایبەتمەند بەهەواڵە تەکنیکییەکان، زاناکان لەئێستادا تاقیکردنەوە بۆجۆرێک لەکۆنکرێتو چیمەنتۆی بەموگناتیسکراو دەکەن کە دەکرێت لەگەڵ قیری ڕێگای ئۆتۆمبێلە کارەباییەکان تێکەڵبکرێت، بەو شێوەیە لەکاتی ڕۆیشتنی ئۆتۆمبێلەکەدا وزەی لێوە وەردەگرێت.
باس لەوەشکراوە، بەشێوەیەکی کردارەکی ئەو جۆرە چیمەنتۆ بەموگنیاتسکراوە لەویلایەتی ئیندیانای ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا وەک ڕێگایەک بۆ کەمکردنەوەی خەرجییەکان لەسیستەمە جیاوازەکانی بونیادنان بەکاردەهێنرێتو وەک بژاردەیەکی نمونەیی بۆ بەکارهێنانی سەلامەتو پاکی وزە هەژماردەکرێت.
پڕۆژەکە کە لەلایەن دامەزراوەی زانستی نەتەوەیی زانکۆی بۆردۆو کۆمپانیای ماگمێنتی ئەڵمانییەوە پارەیان بۆ تەرخانکراوە، بەسێ قۆناغدا تێدەپەڕێت، یەکەمیان چیمەنتۆکە لەتاقیگە تاقیدەکرێتەوە، پاشان لەسەر ڕێگەیەک تاقیدەکرێتەوە کە نزیکەی چارەکە میلێک دورە، دواتر لەسەر ڕێگای گشتی تاقیدەکرێتەوە.
پسپۆڕان جەخت لەوەدەکەنەوە، ئەو چیمەنتۆ بەموگناتیسکراوە بەوە جیادەکرێنەوە کە توانایەکی گەورەی هەیەو بەرگەی هەموو جۆرە کردەوەیەکی تێکدان دەگرێت، جگەلەوەی دەتوانێت ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرە کارەباییە گەورەکانیش بارگاوی بکاتەوە.
و: ئاکۆ ئاڵی