میلیشیاكانی عێراق شاری بەغدا كۆنترۆڵده‌كه‌ن

عیراق

28/07/2021‌ 2653 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەدوای لێدوانی بەرپرسانی عێراق‌و ئەمریکییەکان بەوەی تاکۆتایی ئەمساڵ سەرجەم هێزە شەڕکەرەکانی ئەمریکا لەعێراق دەکشێنەوەو ئەرکی هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا لەعێراق ته‌نها بۆ ڕاوێژکاریی سەربازیی بەهێزە ئەمنییەکانی عێراق دەگۆڕێت، لەوبارەیەوە (BBC) ڕاپۆرتێکی لەسەر مەترسییەکانی ئەو کشانەوەیە باسکردوە بەشێوەیەک ڕەنگە میلیشیا چەکدارییەکانی سەر بەئێران کۆنترۆڵی بەغدای پایتەختی عێراق بکەن.


بی بی سی لەو ڕاپۆرتەیدا کە لەژێر ناوی "کشانەوەی ئەمریکا لەعێراق لەخزمەتی ئێراندایە" دەڵێت:"مەترسی گەورە لەدوای کشانەوەی هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا خۆی لەداعشدا نابینێتەوە، بەڵکو مەترسییە گەورەکە پەیوەستە بەمیلیشیا چەکدارییە شیعییەکانی سەر بەئێران کە ڕەنگە بەغدا بخەنە ژێر کۆنترۆڵی خۆیانەوە".

ئاژانسە بەریتانییەکە دەشڵێت:"بڕیاری پاشەکشەکردنی هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا لەعێراق هاوکاتە لەگەڵ بونی کەشێکی سیاسیی ناسەقامگیر کە تەنانەت بۆئەو عێراقیانەشی کە خواستی گۆڕانکاریی‌و بەدەستهێنانەوەی سەروەری عێراقیان هەیە نائومێدکەرانەیە".

بی بی سی ئاماژەی بەوەشکردوە، دەرچونی ئەمریکا لەعێراق پێشئەوەی گەرەنتی چارەسەرکردنی ئەو هۆکارە سەرەکیانە بکرێت کە بونەتە هۆی سەرهەڵدانی داعش جێگای نیگەرانییە، لەکاتێکدا ئێرانییەکان ئەوە وەک هەنگاوێکی دروست وێنا دەکەن.

ڕونیشیکردۆتەوە، هێزە ئەمنییەکانی عێراق توانای ئەوەیان هەیە بەبێ هاوکاری هێزەکانی ئەمریکا جڵەوی هێرش‌و پەلامارەکانی داعش بکەن‌و مەترسییەکانیان بڕەوێننەوە، بەڵام قورسە پێشبینی ئەنجامەکانی کۆنترۆڵکردنی پۆستە حکومییە سەرەکییەکانی عێراق لەلایەن میلیشیا ئێرانییەکانەوە بۆ ئایندەی عێراق بکرێت.

و: ئاکۆ ئاڵی

بەپەلە