مانچستەر یونایتد رۆناڵدۆ و هالاند بە 68 ملیۆن بۆ ئۆڵد ترافۆرد دەگوازێتەوە

وەرزش

29/07/2021‌ 143 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

رۆژنامەی دەیلی ئیكسپرێسی بەریتانی بڵاویكردوەتەوە، یانەی مانچستەر یونایتد بە نیازە بە بڕە پارەیەكی كەم ئیرلینگ هالاندی نەرویجی و كریستیانۆ رۆناڵدۆی پرتوگالی بگوازێتەوە بۆ یاریگای ئۆڵد ترافۆرد.

هالاندی تەمەن 20 ساڵ و یاریزانی یانەی بروسیا دۆرتمۆندی ئەڵمانی بەهۆی ئەو ئاستە بەرزەی پێشكەشی كردووە، چاوی زۆرێك لە یانەكانی بەلای خۆیدا راكێشاوە، بەڵام بروسیا دۆرتمۆند رەتی كردوەتەوە دەستبەرداری ئەو هێرشبەرە ببێت.

رۆناڵدۆی یاریزانی یانەی یۆڤانتۆسی ئیتاڵی تا سالی ئاییندە گرێبەستی لەگەڵ یانەی خانمە بەساڵاچوەكە ماوە و زۆربەی بۆچونەكان دەڵێن بۆ ئەم ساڵیش لەو یانە ئیتاڵییە دەمێنێتەوە.

هالاند وەرزی ئاییندە گرێبەستی لەگەڵ یانە ئەڵمانییەكە كۆتایی پێدێت و یانەكان دەتوانن بە 75 ملیۆن یۆرۆ واتا 68 ملیۆن جونیەی ئیستەرلینی ئەو یاریزانە بەدەست بهێنن.

رۆژنامە بەریتانییەكە نوسیویەتی، یانەی مانچستەر یونایتد بە نیازە بۆ وەرزی ئاییندە بەو بڕە پارەیە گرێبەست لەگەڵ هالاند واژۆ بكات، هەروەها یانەكە دەتوانێت بە گرێبەستێكی خۆڕایی رۆناڵدۆ بۆ یانەی شەیتانە سورەكان بگوازێتەوە.

رەنج رەسول