شارپرێس:
بافڵ تاڵەبانی، ھاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند، یەکێتی لەگەڵ لێکتێگەیشتن و زمانی گفتوگۆدایە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و رەخساندنی زەمینەی لەبار بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد کە وەڵامدەرەوەی خواستی ھەموولایەک بێت.
ئەم وتانەى بافڵ تاڵەبانى لەمیانى پێشوازیکردنى بوو لە خوان خۆسێ ئیسکۆبار، باڵیۆزی ئیسپانیا لە عێراق و لە دیدرێکدا پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا، پێشھاتە سیاسیەکان و ھەڵبژاردنی داھاتووی عێراق تاوتوێکران و جەخت لە فراوانکردنی ھەماھەنگی و ھاریکاری نێوانیان لەسەرجەم بوارەکان کرایەوە کە خزمەت بە بەرژەوەندییە گشتییەکان بکات.
بافڵ تاڵەبانی رایگەیاندوە، یەکێتی لەگەڵ لێکتێگەیشتن و زمانی گفتوگۆدایە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و رەخساندنی زەمینەی لەبار بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد کە وەڵامدەرەوەی خواستی ھەموولایەک بێت و ھاندەربێت بۆ سەقامگیری زیاتری سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابووری. روونیشیکردەوە وەک یەکێتی و گۆڕان لەچوارچێوەی ھاوپەیمانی کوردستان کاردەکەین بۆ یەکخستنی جیاوازییەکانی نێو ماڵی کورد و دەمانەوێت وەک یەک تیم لە بەغدا داکۆکی لەمافە دەستوورییەکانمان بکەین.
هاوسەرۆکى یەکێتى ئاشکراشیکرد ھاوپەیمانی کوردستان لەپێناو یەکخستنی ھێزەکان، یەکڕیزی نیشتمانی و پارێزگاریکردن لەبەرژەوەندییە باڵاکان دروستبووە. دوای ھەڵبژاردنەکانیش کاری لەپێشینەمان دروستکردنی کۆدەنگی نیشتمانی و بەرەیەکی بەرفراوان دەبێت لەنێوان ھەموو ھێز و لایەنە سیاسییە کوردییەکان.
پەیوەست بەکاروباری ناوخۆیی و رێکخراوەیی، ھاوسەرۆک باسی لەگۆڕانکاری و چاکسازییەکان کرد کە بەئاڕاستەی راستکردنەوەی رێڕەوی حیزبی ئەنجامدراون. دووپاتیشیکردەوە ئێستا یەکێتییەکی نوێ ھەیە و ژیانی سیاسی و رێکخراوەیی لەسەر بنەمایەکی تەندروستی مەدەنی بەڕێوەدەچێت و بەستراتیژێکی نیشتمانییەوە درێژە بەخەبات دەدەین.