لە شمشێری خەلافەتەوە بۆ درۆنی کۆمار مێژوو و ڕۆڵێ درۆنەکان لە ململانێکانی تورکیادا

مەلەفی تایبەت

29/07/2021‌ 1799 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

عەدنان ئەحمەد/ توێژەر لە سەنتەری لێکۆڵینەوەی ئایندەیی

بەرایی
جیهان لە کۆتایی سەدەی بیستەمدا هەنگاوێکی گەورەی نا، ئەویش پێشخستنی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان بوو. هەر چەندە درۆنەکان مێژوویەکی کۆنتریان هەیە، بەڵام هەشتا و نەوەدەکانی سەدەی بیست سەرەتای قۆناغێکی نوێ بوو لە جیهانی درۆنەکاندا، ئیتر فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان بوون بە چەکی یەکلاکردنەوەی جەنگ و پێکدادانە گەورەکان، سوپاکان بەبێ ئەوەی سەربازەکانیان بنێرنە بەرەکانی جەنگ، توانییان جەنگەکان لە بەرژەوەندیی خۆیان کۆتایی پێ بهێنن. جیهانی هەنووکە لە قۆناغی چوارەمی شۆڕشی پیشەسازیدایە، پێشکەوتنەکان لە هەر کاتێک خێراترن و گۆڕانکارییەکانیش وردترن. پیشەسازیی فڕۆکە بێفرۆکەوانەکان یەکێکن لە پێشکەوتنەکانی ئەم قۆناغە. تورکیا یەکێک لەو وڵاتانەیە لە پێشخستنی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان قۆناغی گەورە و وردی بڕیوە، لەم بوارەشدا هەوڵی داوە لە ئاستی جیهاندا کێبڕکێ لەگەڵ وڵاتە هەرە پێشکەوتووەکان بکات و دەرەئەنجامەکانیش دەریدەخەن کە لە بواری فڕۆکەی بێفڕۆکەواندا پێش دراوسێکانی کەوتووە، بەتایبەت ئێران و لە ئێستاشدا دەیەوێت شان لە شانی ئیسرائیل بدات، لە کاتێکدا تا ١٥ ساڵ لەمەوپێش پشتی بە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئەم وڵاتە دەبەست. تورکیا کە ئامانجی ئەوەیە پارێزگاری لە هەژموون و پێگە سەربازییەکەی بکات و ببێت بە هێزی تاک و تەنیای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەردەوامە لە پێشخستنی درۆنەکانی و جگە لەوەی بووە بە سەرچاوەیەکی گەورەی داهات، پێگەکەی بەهێزتر و تواناکانی فراوانتر کردووە. بەپێی دەرئەنجامەکان، تورکیا (جگە لە ئیسرائیل) لە هەموو وڵاتەکانی دیکەی ناوچەکە زیاتر توانیویەتی لەگەڵ شۆڕشی چوارەمی پیشەسازیدا هەنگاو بنێت و دوا نەکەوێت. ئەگەر هیچ ڕێگرییەکی گەورە و گەمارۆیەکی قورس ڕووبەڕووی ئەنقەرە نەبێتەوە، چاوەڕوان دەکرێت تا چەند ساڵی داهاتوو تورکیا وەک پێشەنگی بواری فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان بمێنێتەوە.

سەرهەڵدانی درۆنەکان
یەکەم هێرشی درۆن كە لە جیهاندا تۆمار کرابێت ساڵی ١٨٤٩ بووە، لەم ساڵەدا ئیمپڕاتۆریەتی نەمسا تەقەمەنیی لە باڵۆنە هەواییەکان دەبەست و بەسەر شاری ڤینیسیادا بەری دەدانەوە، لەگەڵ ئەوەی ئەم کارە بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان نەکراوە و باڵۆن بەکار هێنراوە، بەڵام بە یەکەم هێرشی درۆن دادەنرێت لە مێژوودا. بە هۆی ئەوەی باڵۆنەکان کۆنترۆڵنەکراو بوون و وزەی با کاریگەریی لەسەر ئاراستەکەیان هەبووە، ژمارەیەکی زۆریان ئامانجەکانیان نەدەپێکا. لە ساڵی ١٨٩٩دا لە “کۆنفڕانسی ئاشتیی لاهای”، بۆردوومانکردن بە باڵۆن بە نایاسایی دانرا، بەڵام لە ساڵانی داهاتوودا بە ڕێگای دیکە بۆردوومان بەردەوامیی پێ درا کە بەشێکە لە مێژووی درۆنەکان. لە ساڵانی دواتردا ئەمەریکا بە هەلیکۆپتەر مووشەکی ئاراستەی کەشتییەکانی سوپای ڕووسیا دەکرد و دواتریش و لە جەنگی ڤێتنامدا دەست كرا بە تاقیکردنەوەی بەکارهێنانی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان. لە سەرەتای ساڵی (٢٠١٠)شەوە قۆناغێکی نوێ لە جیهانی درۆنەکاندا دەستی پێ کرد و پێشکەوتنێکی تەکنۆلۆجیی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی(1).
یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی بەکارهێنانی درۆنەکان و گەشەپێدانیان، ئەوە بوو کە سوپاکانی جیهان لە شەڕەکاندا و بە هۆی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکانیانەوە ژمارەیەکی زۆر فڕۆکەوانیان لەدەست دەدا، ئەم مەترسییە بە هۆی دروستکردنی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانەوە ڕەوییەوە. فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان لەلایەن کەسێکەوە و لە شوێنێکی پارێزراوەوە کۆنترۆڵ دەکرێت و ژیانی فڕۆکەوان لە مەترسیدا نییە، هەر کەوتنەخوارەوەیەکی فڕۆکەکەش هیچ زیانێک بە کەسی کۆنترۆڵکار ناگەیەنێت. مانەوەی درۆنەکان بۆ ماوەیەکی زۆر لە ئاسماندا، یەکێکی دیکەیە لە سوودە هەرە گەورە و بەرچاوەکان، چونکە فڕۆکە ئاساییەکان ناتوانن ماوەیەکی درێژ لە ئاسماندا بمێننەوە. بەشێک لە درۆنە زۆر پێشکەوتووەکان دەتوانن خۆیان بفڕن و بشگەڕێنەوە فڕۆکەخانە و بەبێ هیچ دەستێوەردانێکی مرۆڤ بنیشنەوە، بۆیە لە کاتی پچڕانی پەیوەندیی ناوەندی کۆنترۆڵکردن لەگەڵ درۆنەکەدا، هیچ مەترسییەک لەسەر کەوتنەخوارەوەی درۆنەکە دروست نابێت(2).
دوو جۆری سەرەکیی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هەیە: فڕۆکە بێفڕۆکەوانە ئاساییەکان: کە لە چەندین بواری وەک چاودێریکردن، دۆزینەوە و ئاشکراکردن، گواستنەوەی تایبەت، ڤیدیۆ، دەرمانکردنی کشتوکاڵی و چەندین بواری دیکەی مەدەنی. فڕۆکە شەڕکەرە بێفڕۆکەوانەکان: لە جەنگەکان و بۆ هێرش و پێکانی ئامانجەکان بەکار دەهێنرێن(3).

لە بارووتەوە بۆ درۆن
ئەو کاتەی ئیمپڕاتۆریەتی عوسمانی ڕووخا و دەوڵەتی کۆماریی تورکیا دروست بوو، وڵاتێکی تێكشكاو بوو كە پێویست بوو سەرلەنوێ خۆی بونیاد بنێتەوە. سەرجەم كەرتەكانی وڵات لە قەیراندا بوو و لە بواری پیشەسازیی جەنگی و چەک بەخاوی هەنگاوی دەنا. کۆماری تورکیا تاکوو کۆتایی سەدەی بیستەم پشتی بە وڵاتانی دیکە دەبەست، بەڵام لە کۆتایی هەشتاکان و سەرەتای نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوودا، تورکیا دەستی بە پێشخستنی بواری چەک کرد و بناغەکانی پیشەسازیی چەکی ناوخۆیی دانا. یەکەم هەنگاوی تورکیا بۆ پێشخستنی بواری چەک، گرنگیدان بوو بە دروستکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، لەبەر ئەوەی سەرەتا فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی لە ئەمەریکا و ئیسرائیل دەکڕی؛ هەنگاوەکانی خاو بوون، بەڵام لەگەڵ سەرهەڵدانی کێشەکان لەگەڵ ئەم دوو وڵاتە، ئیتر تورکیا هەنگاوەکانی خێراتر و هەوڵەکانی فراوانتر کرد. لەگەڵ ئەوەی  گەشەدان بە درۆنی ناوخۆیی لەلایەن تورکیاوە لە سەرەتای هەزارەی دووەمەوە هەنگاوی باشی نا، بەڵام دەرگای سەرەکیی ئەم پێشکەوتنە لەنێوان ساڵانی ٢٠٠٨ بۆ ٢٠١٠دا کرایەوە، بەتایبەت کاتێک داواکارییەکانی ئەنقەرە بۆ کڕینی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی “Predator” لە ئەمەریکا ئەنجامی دڵخۆشکەریان نەبوو، ئەو درۆنانەشی لە ئیسرائیلەوە دەهاتن بەمەبەست دوا دەخران، ئەمەش هێندەی دیکە تورکیای خستە سەر ڕێگای بەرهەمهێنانی درۆنە ناوخۆییەکانی(4).

بەدیاریکراوی یەکەم گرووپی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە کۆتایی هەشتاکان و سەرەتای نەوەدەکان لە ئەڵمانیا و دواتر لە ئەمەریکاوە هێنرا، بەڵام هەندێکیان بە هۆی کێشەی تەکنیکییەوە بەکارهێنانیان ڕاگیرا، یەکەم فڕۆکەش خرابێتە ناو سیستمی بەرگریی تورکی لە ساڵی ١٩٩٣دا بوو. لەگەڵ ئەوەی هەر لە سەرەتای نەوەدەکانەوە تورکیا دەستی بە هەوڵەکانی بەرهەمهێنانی درۆنی ناوخۆیی کرد، بەڵام ئەنجامەکەی تاکوو دوای ٢٠١٠ دوا کەوت. تورکیا ساڵی ٢٠٠٥ یەک درۆنی “Heron”ی بە بەهای چوار ملیۆن دۆلار لە ئیسرائیل کڕی، بەڵام دوای سێ ساڵ لە بەکارهێنان؛ گەڕاندیەوە بۆ ئیسرائیل. دواتر و لە ساڵی ٢٠٠٧، سێ درۆنی لە ئیسرائیلەوە بە کرێی ١٥ ملیۆن دۆلار هێنا کە لە جۆری هێرۆن بوون، کە دەیانتوانی ٦ بۆ ٨ کاتژمێر لە ئاسماندا بمێننەوە، بەڵام بە شێوەیەکی چالاک بەکار نەهێنران و هەمووشیان کەوتنە خوارەوە. ساڵانی دواتر تورکیا بە بەهای ١٨٨ ملیۆن دۆلار، ١٠ درۆنی دیکەی لە جۆری هێرۆن لە ئیسرائیل کڕی. یەکێک لە کێشە گەورەکان ئەوە بوو کە کۆنترۆڵی فڕین و نیشتنەوەی هێرۆنەکان لەدەستی ئیسرائیلدا بوو، هەموو ئەو وێنانەشی کە درۆنەکان لە هێزەكانی پەكەكە (گەریلا) دەیگرت؛ دەگەیشتنەوە ئیسرائیلیش، ئەمەش سەرەتای دوورکەوتنەوەی تورکیا بوو لە ئیسرائیل و درۆنەکانی(5).

تورکیا پێشتر و ساڵانی ١٩٩٠، درۆنی هێرۆنی لە ئیسرائیل و “GNAT” لە ئەمەریکا کڕی. دوای ساڵی ٢٠٠٠، کۆنگرێسی ئەمەریکا ڕێگای نەدا ڤێرژنە نوێیەکانی “GNAT” بە تورکیا بفرۆشرێت کە بریتی بوون لە “Predator” و “Repaer”، ئەمەش هانی تورکیای دا دەست بە دروستکردن و گەشەدان بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ناوخۆیی بکاتەوە، تاکوو گەیشت بە بەرهەمهێنانی “Bayraktar TB2” و “Anka” کە دوو درۆنی زۆر پەسەندکراو و پێشکەوتووی تورکیان(6).

هۆکاری سەرەکی كە وای کرد تورکیا پەرە بە پیشەسازیی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بدات، ئەو گەمارۆ ئابوورییە بوو کە لە ساڵی (١٩٧٥)ەوە لەلایەن ئەمەریکاوە خرابووە سەری، جگە لەوەی ئەمەریکا فرۆشتنی فڕۆکەکانی جۆری “Predator” و “Reaper”ی بە تورکیا سنووردار کرد. تورکیا لە ساڵانی ١٩٤٠دا وەک بەرهەمهێنەرێکی چالاکی فڕۆکەی مەدەنی چووە ناو ڕێکخراوی فڕۆکەوانیی مەدەنیی نێودەوڵەتی و ساڵانی دواتر پاشەکشەی کرد، بەڵام لە چەند ساڵی ڕابردوودا بە بەرهەمهێنانی فڕۆکە بێفڕۆکەوانە بەهێزەکانی، توانیی سەرنجی هەموو جیهان بەلای خۆیدا ڕابکێشێت .گێتینگەر پسپۆڕی بواری درۆنەکان دەڵێت: لەنێو نەوەی نوێی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکاندا تورکیا پێگەی خۆی هەیە، ئەمە لە کاتێکدایە لە ئێستادا ٩٥ وڵاتی جیهان دەستیان بە دروستکردن و گەشەپێدانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کردووە و ٦٠ وڵاتیش نزیکەی ٢٦٧ جۆر فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان بەرهەم هێناوە. گوینتای شیمشەک پسپۆڕی بواری فڕۆکەوانی دەڵێت: لە ڕووی پڕۆگرام و مۆدێلی بەکارهێنانەوە، تورکیا لە لیستی پێنج وڵاتی پێشکەوتووی بەرهەمهێنەری فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکاندایە. بەپێی توێژینەوەکانی دامەزراوەی “Drone Wars” کە بارەگاکەی لە بەریتانیایە، تورکیا لەو وڵاتانەیە کە لە بواری فڕۆکەی بێفڕۆکەواندا لە ئاستێکی زۆردا پشت بە خۆی دەبەستێت. پێگەی “The Intercept” لە بابەتێکیدا بە ناوی “سەردەمی دووەمی درۆن، تورکیا چۆن لەبەردەم ئەمەریکادا وەستا و بوو بە هێزێکی بکوژ و شەڕکەری درۆن”، باسی ئەوە دەکات تورکیا لە ئاستی جیهاندا لە بەکارهێنانی درۆنە هێرشبەرەکانیدا ڕکابەریی ئەمەریکا و بەریتانیا دەکات(7).

کۆمپانیای بایراکتار ساڵی ٢٠١٥ لە بارەی فڕۆکەی “Bayraktar TB2” ڕایگەیاند، ئەم فڕۆکەیە توانای هەڵگرتن و گواستنەوەی ٢٥٠ کیلۆگرام کەلوپەل و مووشەکی هەیە. ساڵی ٢٠١٦، فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی “Anka” توانای گواستنەوەی شمەک و مووشەکی نەبوو، بەڵام ساڵی ٢٠١٧ و لە ڤێرژنە نوێیەکەدا توانرا مووشەکی لێ ببەسترێت و توانای هەڵگرتنی چەکی بگەیەنرێتە ٢٠٠ کیلۆگرام. هەردوو درۆنەکەی تورکیا مووشەکی بەرهەمهێنراوی کۆمپانیای “Roketsan” بەکار دەهێنن و دەتوانرێت لە هەر ناوچەیەکدا بەکار بهێنرێت کە مانگە دەستکردەکانی “TÜRKSAT”  پێی بگەن .سەرەڕای ئەوەی درۆنەکانی تورکیا دروستکراوی ناوخۆیین، بەڵام هەندێک پارچەی بەشە گرنگ و ئاڵۆزەکانی، بۆ نموونە ماتۆڕەکەی، لە دەرەوەی وڵاتەوە دەهێنرێت، بۆیە کەرتی پیشەسازیی تورکی لە هەوڵی بەردەوامدایە تاکوو خۆیان ئەم ماتۆڕانە بەرهەم بهێنن. خاوەن پشکەکانی پیشەسازیی ئاسمانیی تورکیا بریتین لە وەقفی بەهێزکردنی هێزە ئاسمانییەکانی تورکیا، ڕاوێژکاریەتیی پیشەسازیی بەرگری و دەزگای ئاسمانیی تورکی. ساڵی ٢٠١٧، کۆمپانیای ڤێستڵی تورکی مۆدێلێکی درۆنی بە ناوی “Karayel” پێشکەش کرد، کە  توانای هەڵگرتنی ١٢٠ کیلۆگرام چەک و شمەکی هەبوو(8).

پێگەی “Army Technology”، پۆلێنی ١٠ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بەهێزی لە جیهاندا کردووە، لە ڕیزبەندیی دەیەمدا فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئانکای تورکی دانراوە، کە بەرهەمی پیشەسازیی ئاسمانی و فڕۆکەوانیی تورکیایە و دەتوانێت زیاتر لە ٢٤ کاتژمێر لە ئاسماندا بمێنێتەوە و خێراییەکەی ٢١٧ کیلۆمەترە لە کاتژمێرێکدا(9).

درۆنە تورکییەکان لە چاوی فۆکویاماوە
فرانسیس فۆکویاما لە وتارێکیدا باس لە کاریگەرییە گەورە و بەهێزەکانی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان و ڕۆڵیان لە یەکلاکردنەوەی ململانێکانی ئایندە لە جیهاندا دەکات و بەوردییش تیشک دەخاتە سەر پێشکەوتنەکانی تورکیا لەم بوارەدا و بە باسکردنی هێرشەکانی تورکیا لە سووریا و لیبیا، ئاماژە بە بەهێزی، پێشکەوتن و توانای فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا دەکات و ئەوە دەخاتە ڕوو تورکیا لە ڕێگای فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانەوە توانیویەتی هێز و هەژموونی خۆی بەسەر ناوچەکەدا بسەپێنێت و کاریگەریی لەسەر یەکلاکردنەوەی جەنگە گەورەکان هەبێت، ئەمەش کردوویەتی بە هێزێکی دیاری ناوچەکە. فۆکویاما دەڵێت یەکێک لە یاریزانە سەرەکییەکانی ئەم پێشکەوتنەی لە بواری فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان هەیە لە جیهاندا، تورکیایە لە سەردەمی ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆککۆماری وڵات.


فوکویاما لە وتارەکەیدا دەڵێت: من ١٠ ساڵ پێشتر لە ڕۆژنامەی “Financial Times” وتم: “ئەگەر من توانام هەبێت ببمە خاوەن درۆن، ئەوا هەر کەسێکی دیکە دەتوانێت، ئەمەش کاریگەریی گەورەی لەسەر سیاسەتی جیهانی دەبێت.” ئەو سەردەمە وڵاتانی ئەمەریکا و ئیسرائیل بە شێوەیەکی فراوان کۆنترۆڵی تەواوەتیی تەکنەلۆجیای فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان کردبوو، هەر ئەو کاتە باسم لەوە کرد ئەم جۆرە تەکنۆلۆجیایە لە ئایندەدا لە ئاستێکی فراواندا بڵاو دەبێتەوە و تەواوی سروشتی ململانێی نێوان دەوڵەتەکانی جیهان دەگۆڕێت. بەر لە پێشکەوتنی درۆنەکان، فڕۆکەکان لە ئاسمانەوە نەیاندەتوانی ئامانجەکانیان بپێکن و جەنگەکان یەکلا بکەنەوە. بۆ نموونە؛ لە جەنگی ١٩٦٧دا تەنها دوو تانکی میسری لەلایەن فڕۆکەکانی ئیسرائیلەوە تێک شکێنران، چونکە فڕۆکەکان نەیاندەتوانی لە ئاسمانەوە و بەوردی ئامانجەکانیان بپێکن و زۆربەی هێرشەکان هەڕەمەکی بوون(10).

پشتبەخۆبەستن و هەناردە
بەپێی زانیارییەکانی گرووپی شیکاری و لێکۆڵینەوەی سەربەخۆی “Blue Melange”، تاکوو سەرەتای ٢٠٢١ ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانەی ڕادەستی هێزەکانی تورکیا کراون گەیشتوونەتە ١٧٤، ئەمە لە کاتێکدا ساڵێک پێش ئەم ڕێکەوتە ژمارەی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان ١٤٠ دانە بوو، ئەمەش زیادبوونێکی خێرایە. لەم ژمارەیەش ١٢٤ دانەیان لە جۆری “Bayraktar TB2″، ٤٠ دانەیان لە  جۆری “Anka”یە و ١٠ دانەشیان لە جۆری “Heron”ی ئیسرائیلییە. بایراکتار و ئانکای دروستکراوی ناوخۆ لە ئەنجامدانی هێرش و چاودێرییشدا بەکار دەهێنرێن، بەڵام هێرۆنی ئیسرائیلی تەنها بۆ چاودێریکردن بەکار دەهێنرێت. ئیسماعیل ئۆزدەمیر سەرۆکی پیشەسازیی بازرگانیی تورکیا، لە مانگی ئایاری ٢٠٢٠دا ڕایگەیاند سێ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی دیکەی “Bayraktar TB2” ڕادەستی فەرماندەیی گشتیی جەندرمە کراوە، بەم جۆرەش ژمارەی بایراکتارە بەکارهێنراوەکان گەیشتە  ١٠٧(11).

هەناردەی کەرتی فڕۆکەوانی و بەرگریی تورکیا لە ساڵی ٢٠١٩ لەچاو ساڵی پێشووتر ٦,٣٤٪ بەرز بووەوە و گەیشتە دوو ملیار و ٧٤ ملیۆن دۆلار و ئامانجی تورکیاش ئەوەیە لە ساڵی ٢٠٢٣ بەهای هەناردەی چەک بگەیەنێتە ١٠ ملیار دۆلار. بەپێی لێکۆڵینەوەکانی پەیمانگای ستۆکهۆڵم، لەگەڵ ئەوەی هەناردەی چەک لەنێوان ساڵانی ٢٠١٥ بۆ ٢٠١٩؛ ٤٨٪ کەمی کردبوو، بەڵام بەراورد بە ساڵانی نێوان ٢٠٠٩ بۆ ٢٠١٣، هەناردەی چەک لەنێوان ساڵانی ٢٠١٤ بۆ ٢٠١٨، نزیکەی ١٧٠٪ بەرز بووەتەوە. هۆکاری کەمبوونەوەی هەناردە لەنێوان ٢٠١٥ بۆ ٢٠١٩، بە هۆی ئەوەوە بووە کە تورکیا لەو ماوەیەدا هەوڵی داوە گرنگی بە پێشخستنی تەکنۆلۆجیای چەکی تایبەت بە خۆی بدات و هاوردەی چەکەکانیشی لە وڵاتانی دەرەوە دوا کەوتبوو. گێتینگەر پێی وایە هۆکاری ئەوەی وڵاتان ڕوو لە کڕینی درۆنی “Bayraktar TB2” دەکەن، ئەوەیە کە لە درۆنی وڵاتانی دیکە هەرزانتر دەکەوێت، ئەمەش بۆ ئەو وڵاتانەی باری داراییان زۆر باش نییە زۆر گرنگە. یەکێک لەو خاڵانەی بەردەوام بەرپرسانی تورکیا وەک شانازی باسی دەکەن ئەوەیە کە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانیان، بەتایبەتی “Bayraktar TB2″، بەتەواوی دروستکراوی ناوخۆیین، بەڵام دانیەڵ گاتینگەر دەڵێت بەشی هەستەوەریی فڕۆکەکە لە کەنەدا و تەکنۆلۆجیای ئامانجپێکانی مووشەکەکانی فڕۆکەکە لە ئەڵمانیاوە هاوردە دەکرێت، بەڵام ئەمە خاڵی لاواز نییە، چونکە تەنانەت ئەمەریکاش بەشێک لە تەکنۆلۆجیاکانی لە دەرەوە دەهێنێت، بەڵام پێبەستراوەیی تورکیا بە دەرەوە خاڵی لاوازە. سامیۆل براونسوۆرد کە یەکێکە لە توێژەرانی دامەزراوەی کۆمەڵگای مەدەنی “Drone Wars”ی بەریتانی، پێی وایە دروستکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی “Akıncı” پێگەی تورکیای وەک بەرهەمهێنەرێکی درۆنەکان بەهێز کرد و ئاستی هەناردەکردنی چەکی تورکییشی بەرز کردەوە (12).

سەلچوک بایراکتاری لە ئێستادا کەسی یەکەم و دیاری ناو پیشەسازیی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانە لە تورکیا و ڕۆڵی گەورە و دیاری بەرهەمەکەشی کە “Bayraktar TB2” لە جەنگەکانی سووریا، لیبیا و ئازەربایجان هێندەی دیکە ناوبانگەکەی گەورەتر کردووە. بایراکتار دەیەوێت خەونی خەزووری بەدی بهێنێت کە تورکیایەکی خاوەن چەکی درۆنی پێشکەوتووە و پێویستی بە هیچ وڵاتێک نییە، بەتایبەت ئەمەریکا، هەر هەنگاوێکی تورکیاش لەم مەیدانەدا کاریگەریی خراپی لەسەر پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەو وڵاتانە دەبێت کە خۆیان بە ڕکابەری تورکیا دەزانن، لەگەڵ ئەوەشدا دەرگا بۆ ئەنقەرە دەکاتەوە کە بە فرۆشتنی درۆنەکانی پەیوەندیی بەهێز لەگەڵ چەند وڵاتێکدا دابمەزرێنێت. تورکیا وەک چۆن لەبەردەم سەردەمێکی نوێدایە، بە هەمان شێوە لەبەردەم ئەگەری تەنیاکەوتن و گۆشەگیرکردندایە. رالوکا سێرناتۆنی لە دامەزراوەی هزریی “Crnegie Europe”دا دەڵێت: تورکیا لە بازاڕی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکاندا بەخێرایی ڕێگا دەبڕێت و بەردەوام بەهێزتر دەبێت، ئەمەش بەشێکە لە ئامانجی ئەردۆغان کە دەیەوێت وڵاتەکەی بە وڵاتانی دیکەوە پەیوەست نەبێت و خاوەن چەکی خۆیان بن، بەتایبەت کە هەناردەی چەک لە ٢٠٢٠دا گەیشتە دوو ملیار دۆلار، بەڵام ئەم ڕێگایە ئاسان نییە، بەتایبەت دوای ئەوەی کەنەدا ڕایگەیاند بە هۆی ئەگەری بەکارهێنانی ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانەی کە تەکنۆلۆجیای کەنەدیی تێدا بەکار هێنراوە، هەناردەی پارچەکانی ئەم فڕۆکانەی بۆ تورکیا هەڵپەسارد و دواتریش بەتەواوی ڕایگرت(13).

یەکەم فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی جۆری “Bayraktar Mini” لە مانگی تەممووزی ٢٠١٢ بە قەتەر فرۆشرا. گەشەدان بە بایراکتار بەردەوامیی هەبوو، لە هەر ڤێرژنێکی نوێدا ئاستی مانەوەی لە ئاسمان زیاتر و کاریگەرییەکەی بەهێزتر و توانای هەڵگرتنی مووشەک و شمەکی زیاتر دەکرا، تاکوو ساڵی ٢٠١٩ گەیشتە ئەو ئاستەی بتوانێت ٢٧ کاتژمێر لە ئاسماندا بمێنێتەوە. بایراکتار تیبی ٢ لە ساڵی ٢٠١٩ بە ئۆکرانیا و قەتەریش فرۆشرا(14).

تورکیا ھەنگاوێکی گرنگ و مێژوویی ناوە، دوای سەرکەوتنەکانی لە لیبیا و کاراباخ، سەرنجی ھەمووانی بەلای خۆیدا ڕاکێشا، بە ڕێککەوتن لەگەڵ پۆڵۆنیای ئەندامی ناتۆش؛ قۆناغێلی گەورەی بڕی. لە ٢٤ی ئایاری ٢٠٢١، بە ئامادەبوونی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان؛ سەرۆککۆماری تورکیا، ئاندرزێژ سێباستیان دودا؛ سەرۆکی پۆڵۆنیا، واژۆ لەسەر ڕێککەوتنی نێوان ھەردوو وڵات لە بارەی کڕین و فرۆشتنی درۆنەکانی تورکیا کرا. بەپێی ڕێککەوتنەکە، تورکیا ٢٤ دانە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی شەڕکەری جۆری “Bayraktar TB2” بە پۆڵۆنیا دەفرۆشێت، بەم جۆرەش پۆڵۆنیا بوو بە یەکەم ئەندامی ناتۆ و یەکێتیی ئەورووپا کە درۆن لە تورکیا بکڕێت. بەم جۆرە لەدوای ئۆکرانیا، قەتەر و ئازەربایجان، پۆڵۆنیا بوو بە چوارەم وڵات کە تورکیا تەکنۆلۆجیای زۆر بەرزی سەربازیی “درۆن” واتە جۆری “Bayraktar TB2″ی پێ بفرۆشێت، ئەگەرنا جۆری دیکە بە تونسیش فرۆشراوە. ١٦ی تەممووزی ٢٠١٩، تورکیا لە ئاسمانە وشک، گەرم و تەپوتۆزاوییەکەی کوێت فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی “Bayraktar TB2″ی تاقی کردەوە، فڕۆکەکە توانیی بەبێ پچڕان ٢٧ کاتژمێر و سێ چرکە لە ئاسماندا بفڕێت. لە ئێستادا ١٨٠ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی جۆری “Bayraktar TB2″ی تورکی لە ئاسمانەکانی ئۆکرانیا، قەتەر و ئازەربایجاندان، دوای چەند مانگێکی دیکەش ٢٤ فڕۆکەی دیکەش دەچنە ئاسمانی پۆڵۆنیا(15). بەپێی هەندێک سەرچاوەی هەواڵگری و ڕۆژنامەوانی، ئۆکرانیا بەشێک لەو بایراکتارانەی لە تورکیای کڕیوە؛ لە شەڕ و ناکۆکییەکانی هەرێمی خۆبەڕێوەبەریی “Donetsk” لەگەڵ ڕووسیا بەکاری هێناوە(16).

بەپێی هەندێک زانیاری کە لەلایەن هیچ کام لەم دوو وڵاتەوە پشتڕاست نەکراوەتەوە، سعودیە چەند فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی لە تورکیا کڕیوە و چەند سەرچاوەیەکیش باس لەوە دەکەن بۆ کڕینی درۆنە تورکییەکان داواکاریی پێشکەشی ئەنقەرە کردووە(17). بەشێک لە میدیا عەرەبییەکان باس لەوە دەکەن تورکیا چەند فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی بایراکتار تیبی ٢ی بە سعودیە فرۆشتووە تاکوو لە ڕووبەڕووبوونەوەی حوسییەکاندا بەکاری بهێنێت، ئەم هەواڵانەش دوای ئەوە هات لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٠ هەردوو وڵات لە یەکتر نزیک بوونەوە و تا ئاستێکی سنووردار کۆتاییان بە جەنگی ساردی نێوانیان هێنا، هەندێک سەرچاوەش دەڵێن ئەوەی تورکیا بە سعودیەی داوە؛ “VestelKarayel-SU”ە(18). بەشێک لە میدیاکانی تورکیا باس لەوە دەکەن چەند وڵاتێکی ئەورووپی بیریان لە کڕینی بایراکتار لە تورکیا کردووەتەوە و تەنانەت بەریتانیا داوای کڕینی کردووە. بەریتانیا بیری لەوە کردووتەوە لەبریی درۆنە ئەمەریکییەکان کە پارەیەکی زۆریان دەوێت، هەر بایراکتارێک بە ملیۆنێک و ٦٠٠ هەزار یۆرۆ بکڕێت(19).

ترسی ئەمەریکا و درۆنی گرووپەکان لە عێراق
دەستڕاگەیشتنی گرووپە چەکدارەکان بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، نیگەرانیی قووڵی لای ئەمەریکییەکان و سەرجەم ئەو وڵاتانە دروست کردووە کە هێزەکانیان لە ئەفەریقا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدان، چونکە لە چەند مانگی ڕابردوودا بەشێکی هێرشی گرووپە چەکدارەکان لە ڕێگای فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە بووە، وەک ئەوەی لە عێراق و هەرێمی کوردستانیش لە ڕێگای درۆنەوە چەند جارێک هێرش کراوەتە سەر هێزە بیانییەکان و حوسییەکانیش لە یەمەن بەردەوام لە ڕێگای درۆنەوە هێرش دەکەنە سەر دامەزراوە نەوتی و ئەمنییەکانی سعودیە. دوای هێرشە درۆنییەکان بۆ سەریان لە عێراق، کینس ماکێنزی فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمەریکا، لە مانگی نیسانی ئەمساڵدا هۆشداریی لە بەهێزبوونی توانای گرووپە چەکدارەکان لە بواری بەکارهێنانی درۆنەکان دا و ئاماژەی بەوە کرد گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران دەستیان بە بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کردووە و ئەم دەستڕاگەیستنەی گرووپە چەکدارەکانیش مەترسیی لەسەر ئاسایشی ئایندەی جیهان هەیە(20).

بەرپرسە حکومی و سەربازییەکانی عێراقیش لە زیادبوونی توانای گرووپە چەکدارەکان لە بواری بەکارهێنانی درۆنەکان نیگەرانن و دەڵێن کێشەی گەورە ئەوەیە نازانن سروشتی ئەم درۆنانە چۆنە ئەم گرووپە چەکدارانە بەکاریان دەهێنن و ناشزانن کێ کاریان پێ دەکات. زانیارییە بەردەستەکان جۆربەجۆرن، بەڵام ئەوەی لای ئەوان ڕوونە ئەوەیە کە لایەنی دەرەکی لەپشت ئەم بابەتەوەیە. بەشێک لە سەرچاوە عێراقییەکانیش دەڵێن ئەو درۆنانەی گرووپە چەکدارەکان بەکاریان دەهێنن؛ دروستکراوی ئێرانن و بەشێکیشیان جۆری سەرەتایی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئێرانن. ئەوەی نیگەرانییەکانی زۆرتر کردووە بچووکیی ئەم درۆنانە وای کردووە بەئاسانی لەلایەن سیستمی بەرگری و ڕادارەوە نەناسرێنەوە و نەتوانرێت کۆنترۆڵ بکرێن(21).
کاراباخ، لیبیا و سووریا؛ هەلی دەرکەوتن

سەرهەڵدانی شەڕی کاراباخ لەنێوان ئەرمینیا و ئازەربایجان، هەلێکی گەورە بوو بۆ تورکیا تاکوو هێز و کاریگەریی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی بۆ هەموو جیهان بسەلمێنێت. هەموو زانیارییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا ڕۆڵی گەورەیان هەبوو لە یەکلاکردنەوەی جەنگەکەدا(22).

ئیلهام ئالیەڤ سەرۆککۆماری ئازەربایجان، لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی “France 24″، لە ١٥ی تەممووزی ساڵی ڕابردوو، لە وەڵامی ئەو پرسیارەی “چەند فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی شەڕکەری تورکیتان هەیە؟” وتی: “بەشی پێویستمان هەیە. بۆ ئەوەی بە ئامانجەکانمان بگەین، دەبێت ئەو زانیارییە پارێزراو بێت کە چەند دانەمان هەیە و پێمان باش نییە ئاشکرای بکەین.” لە بارەی ئەوەشی درۆنە تورکییەکان چ گۆڕانکارییەکیان بەسەر شەڕەکاندا هێناوە، ئالیەڤ وتی: “بێگومان ئەم فڕۆکانە چەکی زۆر مۆدێرن و پێشکەوتوون، بەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانەی لە تورکیامان کڕیوە، بایی یەک ملیار دۆلار چەکی ئەرمەنستانمان وێران کردووە.” تورکیا یەکێک بوو لە لایەنە سەرەکییەکانی شەڕی لیبیا، ڕاپۆرتە هەواڵگری و ڕۆژنامەوانییەکان باس لەوە دەکەن فڕۆکە بێفڕۆکەوانە شەڕکەرەکانی تورکیا ڕۆڵێکی گرنگیان لە سەرکەوتنەکانی حکومەتی ویفاقی نیشتمانیی لیبیا دژی خەلیفە حەفتەر بینیوە و هەر ئەم بەشدارییەی تورکیاش هێرشەکانی حەفتەری بۆ سەر ناوچەکانی لیبیا ڕاگرت. مارک گارنو وەزیری دەرەوەی کەنەدا ڕایگەیاند ئەو ڕاپۆرتەی لەسەر بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی وڵاتەکەیان لەلایەن تورکیاوە ئامادە کراوە، دەریدەخات تورکیا لە جەنگە ناوچەییەکاندا سوودی خراپی لە فڕۆکەکانیان وەرگرتووە، بۆیە هەناردەی ئەو فڕۆکەیە بۆ تورکیا ڕاگیراوە.


مارک گارنو باسی لەوەش کردبوو پێشتر پەیوەندییان بە مەولوود چاوشئۆغلۆ؛ وەزیری دەرەوەی تورکیاوە کردووە و نیگەرانیی قووڵیان نیشان داوە لە بەکارهێنانی ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانە لەلایەن سوپای ئازەربایجانەوە لە شەڕەکانیدا لە قەیرانی قەرەباغ کە لەلایەن تورکیاوە پێیان دراوە، ئەم هەنگاوەش ناکۆکە لەگەڵ سیاسەتی دەرەوەیان. پێشتر بەشێک لە هەناردە سەربازییەکانی کەنەدا بۆ تورکیا لە پاییزی ساڵی ڕابردوو هەڵپەسێردرابوو، بەڵام ئێستا بەتەواوی فرۆشی ئەو جۆرە فڕۆکە بە تورکیا هەڵوەشاوەتەوە. ئارۆن شتاین بەڕێوەبەری لێکۆڵینەوەکان لە پەیمانگای لێکۆڵینەوە دەرەکییەکان کە بارەگاکەی لە فیلادلفیایە، دەڵێت ڕێککەوتنی کەنەدا و تورکیا بەو جۆرە بووە کە نابێت ئەو چەکانە بە لایەنی سێیەم بدرێن. ئەوەی کەنەدییەکانی نیگەران کرد ئەوە بوو کە هەناردەی کەلوپەلی سەربازیی تورکیا بۆ ئازەربایجان لە ساڵی ڕابردوودا شەش هێندە زیادی کرد و تەنها لە مانگی ئەیلوولدا واتە پێش شەڕی کاراباخ، تورکیا بە بڕی ٧٧ ملیۆن دۆلار چەکی بە ئازەربایجان فرۆشت(23).

تورکیا لە سووریاش بەچڕی درۆنەکانی بەکار هێنا، دوای ئەوەی ٣٤ سەربازی تورکیا لەلایەن ڕژێمی بەشار ئەسەدەوە کوژران، وای کرد تورکیا ئاراستەی درۆنەکانی بکاتە سووریا. بەپێی زانیارییە هەواڵگرییەکان، سەرەڕای ئەوەی ئاسمانی ناوچەکە لەلایەن ڕووسیاوە کۆنترۆڵ کرابوو، بەڵام درۆنە تورکییەکان توانیویانە کەلەبەری سیستمی بەرگریی ڕووسیاش تێبپەڕێنن و گورزی کوشندە لە هێزەکانی دیمەشق بوەشێنن. ئەوەی مایەی سەرنجە، درۆنە تورکییەکان لە شەڕی سووریا، کاراباخ و لیبیاشدا لەو شوێنانەیان داوە کە سیستمی بەرگریی ڕووسیی لێ بووە، ئەمەش وەهای کردووە ڕووسەکان بە چاوێکی دیکەوە لە هێزی ئاسمانی و توانای درۆنەکانی ئەنقەرە بڕوانن(24). لە جەنگی کاراباخیش لەنێوان ئازەربایجان و ئەرمینیا، تورکیا دەستوەردانی سەربازیی کرد. فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا هێرشیان کردە سەر سوپای ئەرمینیا، نزیکەی ٢٠٠ تانک، نۆ زرێپۆش و ١٨٢ یەکەی بەرگرییان تێک شکاند، ئەمەش سوپای ئەرمینیای ناچار کرد لە بەشێکی گەورەی بەرەکانی شەڕ بکشێتەوە و تا ئاستێکی زۆر جەنگەکە لە بەرژەوەندیی ئازەربایجانی هاوپەیمانی یەکلا بکاتەوە(25).

کورد لەژێر درۆنەکانی تورکیادا
تورکیا لە باکوور، ڕۆژئاوا و باشووری کوردستان بەچڕی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی بەکار هێناوە. بەرپرسە سەربازییەکانی تورکیا و میدیای تورکییش ئاماژە بە ڕۆڵی کاریگەری درۆنەکان لە ڕووبەڕووبوونەوەی گەریلاکانی پەکەکەدا دەکەن، ئەمەش ڕۆڵی هەبووە لە کەمکردنەوەی جووڵە و چالاکییەکانی گەریلا لە دژی هێزە ئەمنییەکان و سوپای تورکیا لە باکووری کوردستان، هەر چەند پارتی کرێکارانی کوردستان باس لەوە دەکات لە ناوخۆی تورکیادا چەند جارێک بە درۆن هێرشیان کردووەتەوە سەر بارەگا ئەمنی و سەربازییەکان. هێزە چەکدارەکانی تورکیا لە باشووری ڕۆژهەڵاتی تورکیا (باکووری کوردستان) و هەرێمی کوردستان، دژی گەریلاکانی پەکەکە؛ بایراکتار تیبی ٢ و ئانکای بەکار هێناوە(26). بەپێی لێدوانی ئیسماعل دەمیر؛ ڕاوێژکاری پیشەسازیی بەرگریی تورکیا، تاکوو مانگی ئەیلوولی ٢٠١٧، فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بەشدار بوون لە کوشتنی سێ هەزار گەریلای پارتی کرێکارانی کوردستاندا(27).

تورکیا بە بیانووی لێدان لە گەریلاکانی پەکەکە، لەناو خاکی خۆیدا درۆنەکانی بەکار دەهێنێت، ئەمەش کردوویەتی بە یەکێک لەو وڵاتە دەگمەنانەی کە درۆنەکانی لەناو سنوورەکانی خۆیدا بەکار دەهێنێت و هاوڵاتییەکانی خۆی پێ دەکوژێت، بەڵام تورکیا تاکە وڵات نییە ئەم کارە دەکات و یەکەم وڵات کە بە درۆنەکانی هاوڵاتیی خۆی کوشتبێت، ئەمەریکایە. ئەمەریکا لە ٣٠ی ئەیلوولی ٢٠١١، لە یەمەن بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان سەمیر خانی کوشت کە هاوڵاتییەکی بە ڕەگەز ئەمەریکی و لەدایکبوونی سعودیە بوو(28). پسپۆڕانی بواری چەکی تورکیا دەڵێن یەکێک لە هۆکارەکانی سەرکەوتنی تورکیا لە بواری درۆنەکان ئەوەیە کە ئەم وڵاتە لەناو خاکی خۆیدا و دژ بە پەکەکە بەکاری هێناوە و ئەمەش کردوویەتی بە یەکێک لەو وڵاتە دەگمەنانەی کە درۆنەکانی دژ بە هاوڵاتیانی خۆی بەکار هێناوە و تەنانەت سامیۆل براونسوۆرد دەڵێت تورکیا یەکەم وڵاتە کە درۆنەکانی لەناو خاکی خۆیدا بەکار هێناوە، ئەم هەنگاوەش ڕووبەڕووی ڕەخنەی توندی کردووەتەوە. زۆر جار لەلایەن ڕێکخراوە مرۆییە نێودەوڵەتییەکان و تەنانەت پەرلەمانتارە بەرهەڵستکارەکانی ناو تورکیاشەوە ڕەخنەی ئەوە گیراوە کە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان خەڵکی مەدەنییان کردووەتەوە ئامانج، بەتایبەت لە ڕۆژئاوا و هەرێمی کوردستان(29).

فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا لەو ناوچانەی ڕۆژئاوای کوردستان کە ئۆپەراسیۆنی تێدا ئەنجام داون، بە شێوەیەکی چڕ و کاریگەر فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تێدا بەکار هێناوە. چەند ساڵێکە تورکیا بەکارهێنانی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی لە هەرێمی کوردستان زیاتر کردووە، درۆنەکانی تورکیا لە چەند ئۆپەراسیۆنێکدا چەند بەرپرس و کەسێکی دیاری پەکەکەیان لە هەرێمی کوردستان کردووەتەوە ئامانج، چەند جارێکیش هاوڵاتیانی مەدەنی لە هەرێمی کوردستان بەر هێرشی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان کەوتوون، بەڵام ئەوەی مایەی سەرنجە، فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان بەوردی ئامانجەکان لە هەرێمی کوردستان دەپێکن و تەنانەت دەتوانن ئەو ئۆتۆمبێلە مەدەنییانەش بپێکن کە گەریلایان تێدایە، ئەمەش جگە لە بەهێزیی توانای هەواڵگریی تورکیا لە هەرێم؛ بۆ وردیی درۆنەکان دەگەڕێتەوە.

سیناریۆکان
یەکەم: ناکۆکی و ئاڵۆزییەکانی تورکیا لەگەڵ ئەمەریکا و ئیسرائیل هۆکاری سەرەکی بوون، وایان لە تورکیا کرد ڕوو لە بەرەوپێشبردنی درۆن بکات، ئەم ناکۆکییانە بەردەوامییان هەیە و تورکیا ناتوانێت پشتیان پێ ببەستێت، ئەمەش وەها دەکات لە هەر کاتێک زیاتر سوور بێت لەسەر بەرەوپێشبردنی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی و تەنانەت ڕکابەریکردنیان.

دووەم: ساڵ لەدوای ساڵ داهاتی فرۆشتنی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان بۆ تورکیا زیاتر دەبێت، ئەگەر تورکیا ڕووبەڕووی سزا و گەمارۆ نەکرێتەوە، لە ساڵانی ئایندەدا فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان دەبن بە یەکێک لە دەروازە گەورەکانی داهات بۆ تورکیا.

سێیەم: ئاستی درۆنەکانی تورکیا، وردی و پێشکەوتنیان بەردەوام زیاتر دەبێت، چاوەڕوان دەکرێت لە چەند ساڵێكی دیکەدا درۆنەکانی تورکیا ببنە ڕکابەری سەرەکیی درۆنە پێشکەوتووەکان، بە مەرجێک ئەم هەوڵانە بە سزا و گەمارۆ خاو نەکرێنەوە.

چوارەم: ڕۆڵی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا لە یەکلاکردنەوەی جەنگەکانی لیبیا، کاراباخ و سووریا، پێگە و هەژموونی تورکیای لە ناوچەکەدا بەهێز کردووە، ئەمەش وەها دەکات لە ساڵانی ئایندەدا لە ناکۆکی و یەکلاکردنەوەی کێشە و قەیرانەکانی ناوچەکەدا پێگەی بەهێزتر و دەستڕۆیشتووتری بکات.

پێنجەم: پشتبەخۆبەستنی تورکیا بە درۆنەکانی کاریگەریی دەبێت لەسەر ئاستی پەیوەستییەکانی بە ئەمەریکا و هێزە گەورەکان و سەربەخۆیی لە بڕیارەکانیدا، ئەمەش بۆ دەستوەردان لە جەنگ و ململانێ هەرێمییەکان بۆ تورکیا گرنگ و بۆ وڵاتانی دیکە مایەی نیگەرانییە.

شەشەم: درۆنەکان پێگە و هێزی تورکیایان بەرامبەر گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان چەند هێندەی جاران زیاتر و کاریگەرتر کردووە، تورکیا لە ئێستا و ئایندەدا ئاسانتر، وردتر، بەهێزتر و خێراتر بنکەی گەریلا و بەرپرسەکانی پەکەکە دەكاتە ئامانج، ئەمەش پەکەکە ناچار بە گۆڕینی ستراتیژ، تەکتیک، شوێن، شێواز و تەنانەت ئاراستەی ململانێ و شەڕەکانی لەگەڵ تورکیا دەکات.

حەوتەم: لە ساڵانی داهاتوودا ئەگەر هەیە تورکیا کەمتر هێرشی ئاسمانی بکاتە سەر هەرێمی کوردستان و زیاتر بە درۆنەکان و بەبێ ئامادەبوونی سەرباز شەڕ لە دژی پەکەکە درێژە پێ بدات، بەم جۆرە هەم ژمارەی سەربازە کوژراوەکانی کەم دەکاتەوە، هەم ئامانجی زیاتر دەپێکێت و هەم کەمتر خۆی تووشی ناکۆکی دەکات لەگەڵ هەرێمی کوردستان و عێراق.
سەرچاوەكان:
(1) SİHA nedir? Nasılortayaçıktı?sonerişim tarihi-9-6-2021
https://www.bbc.com/turkce/haberler-turkiye-41275429#anchor1
(2)  SİHA’larnedentercihediliyor? Nasılkullanılıyor?sonerişim tarihi-10-6-2021
https://www.bbc.com/turkce/haberler-turkiye-41275429#anchor2
(3) SİHA nedir? SİHA ve İHA arasındakifarknedir?TürkSİHA’larınınözellikleri- son erişim tarihi-8-6-2021
https://www.ensonhaber.com/gundem/siha-nedir-siha-ve-iha-arasindaki-fark-nedir-turk-sihalarinin-ozellikleri?fbclid=IwAR2tJiretHoKB3spKapqZRItwr8A5pE5l6mezRcCGbULJ_55hvPv21POc70
(4) (Harp tarihivegüçdengesindedeğişiminaktörü: TürkSİHA’ları) son erişim tarihi-14-6-2021
https://www.aa.com.tr/tr/analiz/harp-tarihi-ve-guc-dengesinde-degisimin-aktoru-turk-siha-lari/2209876?fbclid=IwAR21pxLG4VZq7YjkB7Dn9MkSxkkXZ6-3SiUUDhYF660YdlqpxJowz6MRpz4
(5) Türkiye’ningökyüzündekibaşarıimzası: Yerli İHA veSİHA’lar son erişim tarihi-7-6-2021
https://www.trthaber.com/haber/gundem/turkiyenin-gokyuzundeki-basari-imzasi-yerli-iha-ve-sihalar-464449.html?fbclid=IwAR3ZvdsLuprGYaoz_2BtqOSN_-IcgvifeF0PhMNAEkuzAEgaHIwwLceZ3iw
(6) Türkiye’ninSİHA’larınınözelliklerinedir? sonerişim tarihi-14-6-2021
http://www.bbc.com/turkce/haberler-turkiye-41275429#anchor3
(7) İHA ve SİHA üretimindeTürkiyedünyadayükselenbirgüçmü?sonerişim tarihi-19-6-2021
https://www.bbc.com/turkce/haberler-turkiye-54533620?fbclid=IwAR2Vlg9cXMIhXMBm7Y5RPJxJeiPjT9ncCxWVUwEctK7u32nBRXG12MZFhLc
(8) Türkiye’ninSİHA’larınınözelliklerinedir? sonerişimtarihi- 14-6-2021
http://www.bbc.com/turkce/haberler-turkiye-41275429#anchor3
(9) Dünyanıneniyi 10 savaşçıİHA’larıhangileri? sonerişimtarihi- 5-6-2021- 17-6-2021
https://tr.euronews.com/2020/07/04/dunyanin-en-iyi-10-savasci-ihalari-hangileri-ukrayna-siha-bayraktar-akinci-turk-savunma?fbclid=IwAR0wz76Prb5KT6ws3mdfR9JSaFkJd9O8F9h3dsPxUO9ilFdINmZojh3vjaY
(10) Droning On in the Middle East 1-6-2021
https://www.americanpurpose.com/blog/fukuyama/droning-on/
(11) Türkiye’nin SİHA gücü ne kadar? Hangimodellerdekaçtanevar?Çatışmalardahangileritercihediliyor?İştecevapları.sonerişimtarihi- 14-6-2021
https://www.indyturk.com/node/342926/haber/t%C3%BCrkiyenin-si%CC%87ha-g%C3%BCc%C3%BC-ne-kadar-hangi-modellerde-ka%C3%A7-tane-var-%C3%A7at%C4%B1%C5%9Fmalarda

(12)  İHA ve SİHA üretimindeTürkiyedünyadayükselenbirgüçmü?
sonerişim tarihi-19-6-2021
https://www.bbc.com/turkce/haberler-turkiye-54533620?fbclid=IwAR2Vlg9cXMIhXMBm7Y5RPJxJeiPjT9ncCxWVUwEctK7u32nBRXG12MZFhLc
(13) Bloomberg: Erdoğan’ın SİHA üreticisi, Türkiye’ninmüttefiklerinirahatsızediyor.
sonerişimtarihi- 14-6-2021
https://www.bbc.com/turkce/haberler-dunya-56649615?fbclid=IwAR1nei-0k5ww1gD4CroI_nV_hKBJ-WPh3zSDBXrrY1JjO01rEn1U5Fr7sD8
(14) Türkiye’ningökyüzündekibaşarıimzası: Yerli İHA veSİHA’lar. sonerişimtarihi- 16-6-2021
https://www.trthaber.com/haber/gundem/turkiyenin-gokyuzundeki-basari-imzasi-yerli-iha-ve-sihalar-464449.html?fbclid=IwAR3ZvdsLuprGYaoz_2BtqOSN_-IcgvifeF0PhMNAEkuzAEgaHIwwLceZ3iw
(15) Polonyaile SİHA imzalarıatıldı: Türkiyetarihinde ilk. sonerişimtarihi- 12-6-2021

https://www.indyturk.com/node/364166/haber/polonya-ile-si%CC%87ha-imzalar%C4%B1-at%C4%B1ld%C4%B1-t%C3%BCrkiye-tarihinde-ilk
(16) Türkiye’nin SİHA gücü ne kadar? Hangimodellerdekaçtanevar?Çatışmalardahangileritercihediliyor?İştecevapları.sonerişimtarihi- 14-6-2021
https://www.indyturk.com/node/342926/haber/t%C3%BCrkiyenin-si%CC%87ha-g%C3%BCc%C3%BC-ne-kadar-hangi-modellerde-ka%C3%A7-tane-var-%C3%A7at%C4%B1%C5%9Fmalarda
(17) Bloomberg: Erdoğan’ın SİHA üreticisi, Türkiye’ninmüttefiklerinirahatsızediyor. sonerişimtarihi- 14-6-2021
https://www.bbc.com/turkce/haberler-dunya-56649615?fbclid=IwAR1nei-0k5ww1gD4CroI_nV_hKBJ-WPh3zSDBXrrY1JjO01rEn1U5Fr7sD8
(18) مصدران تركيان يوضحان لـ”الحرة” حقيقة مشاركة مسيرات “بيرقدار” في حرب اليمن،  ١٩/٦/٢٠٢١.

https://www.alhurra.com/turkey/2021/03/09/%D9%85%D8%B5%D8%AF%D8%B1%D8%A7%D9%86-%D8%AA%D8%B1%D9%83%D9%8A%D8%A7%D9%86-%D9%8A%D9%88%D8%B6%D8%AD%D8%A7%D9%86-%D9%84%D9%80%D8%A7%D9%84%D8%AD%D8%B1%D8%A9-%D8%AD%D9%82%D9%8A%D9%82%D8%A9-%D9%85%D8%B4%D8%A7%D8%B1%D9%83%D8%A9-%D9%85%D8%B3%D9%8A%D8%B1%D8%A7%D8%AA-%D8%A8%D9%8A%D8%B1%D9%82%D8%AF%D8%A7%D8%B1-%D9%81%D9%8A-%D8%AD%D8%B1%D8%A8-%D8%A7%D9%84%D9%8A%D9%85%D9%86%C2%A0
(19) Dünyatersinedöndü… AvrupaTürkSİHA’larıiçinsırayagirdi.sonerişim tarihi-5-6-2021
https://www.sozcu.com.tr/2021/dunya/dunya-tersine-dondu-avrupa-turk-sihalari-icin-siraya-girdi-6195879/?fbclid=IwAR2yD5cuz9hooIj_qvDoZAdk2xVSar6wimN5oJSn9TLkMryWWtlFizvMavY
(20)  حرب بلا جنود.. الأمن العالمي في خطر بسبب “الدرونز”، ١٥/٦/٢٠٢١.
https://www.skynewsarabia.com/world/1441085-%D8%AD%D8%B1%D8%A8-%D8%A8%D9%84%D8%A7-%D8%AC%D9%86%D9%88%D8%AF-%D8%A7%D9%84%D8%A7%D9%94%D9%85%D9%86-%D8%A7%D9%84%D8%B9%D8%A7%D9%84%D9%85%D9%8A-%D8%AE%D8%B7%D8%B1-%D8%A8%D8%B3%D8%A8%D8%A8-%D8%A7%D9%84%D8%AF%D8%B1%D9%88%D9%86%D8%B2?fbclid=IwAR3y6OHcWyfTkYdJspgSMXZtzUMsJB9iZVRBM4-85LEFzfNQ7E6Y696yiwY
“جهات خارجية” وبحث عن أدلة.. خطر الدرونز يتصاعد في العراق، ١٣/٦/٢٠٢١. (21)
https://www.alhurra.com/iraq/2021/06/08/%D8%AC%D9%87%D8%A7%D8%AA-%D8%AE%D8%A7%D8%B1%D8%AC%D9%8A%D8%A9-%D9%88%D8%A8%D8%AD%D8%AB-%D8%A3%D8%AF%D9%84%D8%A9-%D8%AE%D8%B7%D8%B1-%D8%A7%D9%84%D8%AF%D8%B1%D9%88%D9%86%D8%B2-%D9%8A%D8%AA%D8%B5%D8%A7%D8%B9%D8%AF-%D9%81%D9%8A-%D8%A7%D9%84%D8%B9%D8%B1%D8%A7%D9%82
(22) Wall Street Journal: DüşükmaliyetliTürkSİHA’larıçatışmabölgelerinivejeopolitiğiyenidenşekillendiriyor. sonerişim tarihi-19-6-2021
https://tr.sputniknews.com/abd/202106041044655740-Wall-street-journal-dusuk-maliyetli-turk-sihalari-catisma-bolgelerini-ve-jeopolitigi-yeniden/
(23) İHA ve SİHA üretimindeTürkiyedünyadayükselenbirgüçmü? sonerişim tarihi-19-6-2021
https://www.bbc.com/turkce/haberler-turkiye-54533620?fbclid=IwAR2Vlg9cXMIhXMBm7Y5RPJxJeiPjT9ncCxWVUwEctK7u32nBRXG12MZFhLc
(24) Harp tarihivegüçdengesindedeğişiminaktörü: TürkSİHA’ları. sonerişim tarihi-14-6-2021
https://www.aa.com.tr/tr/analiz/harp-tarihi-ve-guc-dengesinde-degisimin-aktoru-turk-siha-lari/2209876?fbclid=IwAR21pxLG4VZq7YjkB7Dn9MkSxkkXZ6-3SiUUDhYF660YdlqpxJowz6MRpz4
(25) Droning On in the Middle East. 1-6-2021
https://www.americanpurpose.com/blog/fukuyama/droning-on/
(26) Türkiye’nin SİHA gücü ne kadar? Hangimodellerdekaçtanevar?Çatışmalardahangileritercihediliyor?İştecevapları.sonerişimtarihi- 14-6-2021
https://www.indyturk.com/node/342926/haber/t%C3%BCrkiyenin-si%CC%87ha-g%C3%BCc%C3%BC-ne-kadar-hangi-modellerde-ka%C3%A7-tane-var-%C3%A7at%C4%B1%C5%9Fmalarda
(27)Türkiye’ninSİHA’larınınözelliklerinedir? sonerişim tarihi-14-6-2021
http://www.bbc.com/turkce/haberler-turkiye-41275429#anchor3
(28) Dünyadahangiülkelerkullanıyor? sonerişim tarihi-20-6-2021
https://www.bbc.com/turkce/haberler-turkiye-41275429#anchor4
(29) İHA ve SİHA üretimindeTürkiyedünyadayükselenbirgüçmü? sonerişim tarihi-19-6-2021
https://www.bbc.com/turkce/haberler-turkiye-54533620?fbclid=IwAR2Vlg9cXMIhXMBm7Y5RPJxJeiPjT9ncCxWVUwEctK7u32nBRXG12MZFhLc