گریانی منداڵ کەی پێویستی بە سەردانیکردنی پزیشک هەیە؟

تەندروستی

30/07/2021‌ 236 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

پسپۆڕێکی بواری چارەسەری دەروونیی لەئەڵمانیا دەڵێت گریانی منداڵ بەگشتیی بابەتێکی سرووشتییە، بەڵام هەندێک جار گریانەکە دەگاتە حاڵەتێکی ناسرووشتیی، بۆیە پێویستە سەردانی پزیشکی پێ بکرێت.

سۆزانا هۆمێل خانمە پسپۆڕی بواری چارەسەری دەروونیی ئەڵمانیی دەڵێت: ئەگەر هات و منداڵی ساوا لانیکەم لەماوەی سێ مانگدا رۆژانە سێ کاتژمێر و هەفتانە سێ رۆژ گریا، لەکاتێکدا لەڕووی شیرپێدانی گۆڕینی دایبی و هەڵگرتنەوە هیچ گرفتێکی نەبێت، ئەوە لەوکاتەدا پێویستە سەردانی پزیشکی پێ بکرێت.

هۆمێل هەروەک دەڵێت: زۆر گریانی منداڵی شیرەخۆرە بۆچەند هۆکارێک دەگەڕێتەوە، یەکێکیان لەوانەیە هۆکارێکی ئەندامیی بێت وەک گەڕانەوەی خواردن لەگەدەوە بەرەو سورێنچک کە دەبێتە هۆی سووتانەوەی گەدە، جگە لەوەی پێدانی خواردنی رەق بەر لەتەواوکردنی چوار مانگی و نەبوونی خەو و پشوودانی تەواو هۆکارن بۆ درووستبوونی گریانی زۆری منداڵ.

لەپاڵ ئەوانەدا، رەنگە بوونی گیرانێک لە بڕبرەی پشت یان بێزاریی منداڵ بەرانبەر بە رووناکی و ژاوەژاو و جوڵەکانی بەردەمی هۆکارێک بن بۆ گریانی زۆری منداڵ.
ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی


بەپەلە