به‌رپرسێكى پارتی هێرشێکی توند دەکاتەسەر پەکەکە

کوردستان

04/08/2021‌ 1373 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بەرپرسێکی باڵای پارتی دیموكراتى كوردستان لەشنگال ئۆباڵی ئەو بێسەرەوبەرەیی‌و ناسەقامگیرییەی لەشنگال‌و ده‌وروبه‌رى هەیە دەخاتە ئەستۆی هێزەکانی سەر بەپارتی کرێکارانی کوردستان (په‌كه‌كه‌)و دەشڵێت:"بێ دەرچونی ئەو هێزانە، ناتوانرێت کێشەکانی شنگال چارەسەربکرێن".


قادر قاچاخ بەرپرسی لقی شنگالی پارتی لەلێدوانێکدا به‌پێگەی "بەغداد ئەلیوم"ی وتوە، "چارەسەرکردنی دۆخی شڵەژاوی شنگال‌و گێڕانەوەی ئاوارەکان بۆسەر ماڵ‌و حاڵی خۆیان تەنها لەڕێگای جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی شنگال لەنێوان حکومەتی هەرێم‌و بەغداوە دەبێت، کەبەپێی ئەوە دەبێت سەرجەم گروپە چەکدارییەکانی سەر بەپەکەکە ناوچەکە چۆڵبکەن".

بەرپرسەکەی پارتی لەبەشێکی تری قسەکانیدا هێرشی توندیکردۆتەسەر پارتی کرێکارانی کوردستان‌و تۆمەتباریکردون بەوەی، دۆخی شنگال دەشێوێنن‌و گەنجان‌و کچان دەڕفێنن‌و لەچیای قەندیل دەیانکەن بەگەریلا.

دەشڵێت:"پەکەکە ڕێگە بەگەڕانەوەی ئاوارەکان بۆسەر ماڵ‌و حاڵی خۆیان نادات‌و دەیەوێت لەو ڕێگایەوە لەهەڵبژاردنی داهاتودا لەبەرژەوەندی هێزەکانی نزیک لەخۆی ساختەکاریی بکات".

9ی تشرینی یەکەمی ساڵی ڕابردوو، حکومەتی بەغداو حکومەتی هەرێم لەسەر بەڕێوەبردنی قەزای شنگال ڕێککەوتن کە بەپێی ئەوە دۆسیەی ئەمنی شارەکە ڕادەستی پۆلیسی فیدراڵی دەکرێت‌و ئاسانکاریی بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆسەر زێدی خۆیان دەکرێت.

لەیەکێک لەخاڵەکانی ڕێککەوتنەکەدا باس لەوەکراوە، دەبێت سەرجەم گروپە چەکدارییەکانی سەر بەپەکەکەو حه‌شدى شه‌عبى لەناوچەکە بکشێنەوە، بەڵام هێشتا هیچ بڕگەیەکی ڕێککەوتنەکە جێبەجێنەکراوە.

لێدوانى به‌رپرسه‌كه‌ى پارتى له‌كاتێكدایه‌، پارتى كرێكارانى كوردستان به‌فه‌رمى كشانه‌وه‌ى گه‌ریلاكانى له‌شنگال ڕاگه‌یاندوه‌و به‌رده‌وامیش جه‌ختده‌كاته‌وه‌ له‌سه‌رئه‌وه‌ى، هیچ گه‌ریلایه‌كى له‌و قه‌زایه‌ بونى نییه‌.