شارپرێس:
گۆڤاری (سكرین وه‌تش) فه‌ره‌نسی كه تایبه‌ته به لێكۆڵینه‌وه
ستراتیژییه‌كان و سه‌نته‌ری (گڵوباڵ وه‌تش ئه‌نه‌ڵایز) ده‌ریده‌كات ئه‌وه‌ی ئاشكرا
كردووه كه دانوستانی نهێنی له نێوان پاریس و واشنتۆن له ئارادایه سه‌باره‌ت
به گریمانه‌كانی ئاماده‌گی فه‌ره‌نسا بۆ بڵاوه‌پێكردنی هێزه‌كانی له عێراق و به
تایبه‌تیش هێزی ئاسمانی.
سه‌نته‌ری ناوبراو ده‌ڵێت ئامانجی ئه‌م هه‌نگاوه‌ی پاریس ته‌نها به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی
داعش نییه له‌وه‌ی دووباره بگه‌ڕێته‌وه سه‌ر گۆره‌پانی عێراق، به‌ڵكو بۆ ئه‌وه‌شه
ئه‌و بۆشاییه پڕ بكاته‌وه كه ئه‌مریكا له دوای كێشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی له عێراق
جێی دێڵێت، هه‌روه‌ها بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی میلیشیاكانی نزیك له ئێرانه له‌وه‌ی
باڵاده‌ستی ته‌واوی خۆیان به‌سه‌ر حكومه‌تی عێراقدا بسه‌پێنن، دوا ئامانجیش
سنورداركردنی چاوچنۆكی ده‌وڵه‌تی توركیایه له باكوری عێراق و هه‌رێمی كوردستان.
گۆڤاره‌كه له‌سه‌ر زاری هه‌ندێك له ڕاوێژكارانی به‌رگری وه‌زاره‌تی
ده‌ره‌وه‌ی فه‌ره‌نساوه ده‌ڵێت ئه‌و ڕاوێژكارانه وای ده‌بینن كه كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی
ئه‌مریكا له عێراق هه‌لێكی باشه بۆ پاریس بۆ بره‌ودان به په‌یوه‌ندییه سه‌ربازییه‌كانی
له‌گه‌ڵ به‌غدا، تایبه‌تریش خێراكردنی ته‌واوكردنی مامه‌ڵه‌ی فرۆشتنی فڕۆكه‌ی
ڕافال كه مسته‌فا كازمی به په‌سه‌ندی ده‌زانێت و كار بۆ ئه‌وه‌ش ده‌كات بڕه
پاره‌ی پێویستی بۆ دابین بكات.
لای هه‌مووانیش ڕوون و ئاشكرایه كه ماكڕۆنی سه‌رۆكی فه‌ڕه‌نسا به
توندی دژایه‌تی ده‌ستتێوه‌ردانی توركیا و ئێران ده‌كات له عێراقدا و پێشتریش دژ
به ده‌ستتێوه‌ردانه سه‌ربازییه‌كانی ئه‌نقه‌ره له هه‌رێمی كوردستان هاتۆته‌ده‌نگ.
چاودێرانیش پێیان وایه كه به‌م دواییانه فه‌ره‌نسا بۆ هێنانه‌دی
ئه‌و ئامانجانه‌ی له‌سه‌ره‌وه باسكران هه‌نگاوی ناوه و له هه‌رێمی كوردستادا
كاری بۆ پراكتیزه‌كردنی ئه‌و پلانه‌ی كردووه تاوه‌كو به‌ر به پێشڕه‌وویه‌كانی ئه‌نقه‌ره
بگرێت له هه‌رێمه‌كه كه جێگه‌ی دڵه‌ڕاوكێ و مه‌ترسییه‌كی گه‌وره‌یه بۆ پاریس.
پێشتریش له مانگی مارسی ڕابردوو ئیمانوێل ماكڕۆنی سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا
و نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له به‌غدا چاویان به یه‌كتری كه‌وتووه.
حكومه‌تی فه‌ڕه‌نسا زۆر به توندی دژایه‌تی ده‌ستتێوه‌ردانه‌كانی
توركیا ده‌كات له باكوری عێراق و ئه‌و پاساوه‌ی توركیای قبوڵ نییه كه بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی
پارتی كرێكارانی كوردستان ده‌ستتێوه‌ردان له كاروباری هه‌رێمه‌كه‌دا ده‌كات، ته‌نانه‌ت
پاریس له سوریاش دژ به ده‌ستتێوه‌ردانی ئه‌نقه‌ره‌یه و به توندی دژایه‌تی ده‌كات
و پێشی وایه ئه‌و كاره‌ی توركیا ته‌نیا بۆ پشتیوانییه له چه‌ند لایه‌نێكی
توندڕه‌وو.
پاریس باوه‌ڕی وایه كه ئه‌و هه‌ڵمه‌ته سه‌ربازییانه‌ی هێزه‌كانی
توركیا له باكوری عێراق و سوریا ئه‌نجامیان ده‌دات بێ پاساوه و ئامانجه‌كه‌ی
زاڵبوون به‌سه‌ر ئه‌و ناوچانه‌دا كه ده‌وڵه‌مه‌نده به نه‌وت و ئاو.
له لایه‌كی دیكه‌شه‌وه له كۆتایی ئه‌م مانگه‌دا ماكڕۆن به‌شداری
له كۆنگره‌یه‌كی هه‌رێمی ده‌كات كه به‌غدا میوانداری ده‌كات و ده‌وڵه‌تانی ده‌وروبه‌ری
عێراقیش وه‌ك سعودیه وتوركیا و ئێران بانگهێشتكراون هه‌روه‌ك وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی
عێراق ڕایگه‌یاندووه.
به‌غدا له ڕێگه‌ی كردنه‌وه‌ی ده‌رگای وه‌به‌رهێنانه‌وه گه‌ره‌كیه‌تی
په‌یوه‌ندییه ئابوورییه‌كانی له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تانی ده‌وروبه‌ردا به‌هێز بكات، به
تایبه‌تیش ئه‌نجامدانی پڕۆژه‌ی جۆراوجۆر له‌و ناوچانه‌ی پێشتر له بنده‌ستی داعشدا
بوون.
ڕۆژی دووشه‌ممه‌ی ڕابردووش سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی
عێراق به‌یاننامه‌یه‌كی ده‌ركردووه و تیایدا هاتووه كه له دوای په‌یوه‌ندییه‌كی
ته‌له‌فۆنی نێوان مسته‌فا كازمی و ماكڕۆندا كازمی ڕایگه‌یاندووه كه فه‌ره‌نسا
هاوبه‌شێكی ڕاسته‌قینه‌ی عێراقه، ماكڕۆنیش لای خۆیه‌وه پشتیوانی ته‌واوی وڵاته‌كه‌ی
بۆ به‌غدا ده‌ربڕیووه و ستایشی دبلۆماسییه‌تی هاوسه‌نگی عێراقی كردووه.
ئه‌و سه‌ردانه‌ی كه وا بڕیاره ئیمانوێل ماكڕۆنی سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا
بۆ عێراق ئه‌نجامی بدات دووه‌م سه‌ردانیه‌تی له‌م ساڵدا.
له
لایه‌كی دیكه‌شه‌وه و له چه‌ند بوارێكی
جۆراوجۆردا په‌یوه‌ندییه‌كای نێوان ماكڕۆن و ئه‌ردۆغان له‌وپه‌ری بارگرژیدایه، هه‌وڵه‌كانی
توركیاش بۆ هێوركردنه‌وه‌ی دۆخه‌كه و خۆپارێزی له سه‌پاندنی سزا چاوه‌ڕوانكراوه‌كانی
ئه‌وروپا سه‌ركه‌وتوو نه‌بوون و پاریسیش سه‌رتۆپی ئه‌و ده‌وڵه‌ته ئه‌وروپیانه‌ی
گرتووه كه دژایه‌تی توركیا ده‌كه‌ن.
پێگه‌ی ئه‌له‌كترۆنی : ئه‌حوال توركیا
وه‌رگێڕان: لوقمان حاجی قادر