ئایندەی ئەفغانستان دوای هاتنەوەی تاڵەبان

مەلەفی تایبەت

14/08/2021‌ 1154 جار خوێندراوه‌ته‌وه

 

نووسینی: خاتوو ئەزیباخان* وەڕگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: فازیل شەوڕۆ ـ دوبلن

ئیمڕۆ ، دوای هەرەس هێنانی هێزی حکوومەتی ئەفغانی بەرانبەر شاڵاوەکانی بزووتنەوەی تاڵەبان، کەس بە حاڵی ئەفغانستان نەبێ. جا هەواڵی پلانی واشنتۆن بۆ کێشانەوەی دیپلۆماتکارەکانی لە کابوڵ دوای دوو دەیە، ‌‌هێندەی دێ پاشەری خەڵکەکەی شکاند و ئاڵۆزییەکانی ئاڵۆزتر کرد.

دوای ئەوەی چەکدارانی تاڵەبان دەستیان بەسەر زۆربەی شار و گوندەکانی ئەفغانستان داگرت و هێزەکانی سوپا و ئاسایشی حکوومەت تێکشکان، چەند پرسیارێک هەڵدەتۆقێن، کە وەڵاودانەوەیان، ڕاڤەی بارودۆخەکەی ئێستا دەکات: ئیستڕاتیژییەتی تاڵەبان چییە؟ تاڵەبان، هێچ وەختێ لە قسەی خۆی پەشێمان نەبووتەوە و نەیشاردۆتەوە کە دەڵێ، دەمانەوەی ئیمارەتی ئیسلامی جارێکی دیکە لەوە وڵاتە دابمەزرێنینەوە کە لە نێوان ساڵانی (١٩٩٦ – ٢٠٠١) فەرمانڕەوای ئەفغانستانیان دەکرد.

هەمیشە لە نێوخۆیاندا مشتومڕ و نەخشە و پلانیان هەبووە کە بە گفتووگۆ، یان بە شەڕ، یان بە هەردووکیان، ئەو خەونە بهێننە دی. لە کۆتاییدا، گەیشتنەوە ئەو قەناعەتە کە هێزی چەکداری کورتترین ڕێگەیە، بۆیە دەستیان کرد بە داگیرکردنی ویلایەت و ناوچەکان یەک لە دوای یەک لە هەموو ئەفغانستاندا. جا بۆ هاسانکاریی جێبەجێکردنی ئەو نەخشەیە، دەبێ لە پێشدا، ئەمەرکا ئەو وڵاتە بەجێبهێلێ، ڕیککەوتنێک مۆر کراوە لە نێوانیان، کە تاڵەبان لە ئەفغانستان دەست لە هێزی و پیاوانی ئەمەریکا نەوەشێنێ و بە هیچ جۆرێک لە دەرەوەشدا حەقیان بەسەر ئەمەریکاوە نەبێ و هەرچی بەندکراوی وانیش هەیە لە لای حکوومەتی ئەفغانی دەبێ ئازاد بکرێن. هەر بەڕاستیش ئەمریکا لە حکوومەتی ئەفغانی توند کرد کە دەبێ، بەبێ شەرت و شرووت بەندکراوەکانی ئازاد بکات. ئەویش وای کردو، زۆریش لەو بەندکراوە ئازادکراوانە چوونەوە نێو ڕیزەکانی تاڵەبان. ئێستا، دوای دەستکەوتووەکانی، تاڵەبان فرمان لەسەر حکوومەت دەکات کە دەبێ یان داواکارییەکانیان جێبەجی بکات یان بەبێ هیچ شەرت و مەرجێک خۆ بەدەستەوە بدات. ئەگەر حکوومەت ئەو داواکارییانەی تاڵەبان قبوڵ نەکات، بۆی هەیە بەرەوە کابوڵ بکەوێتە ڕێ و بە زەبری هێز داگیری بکات.

ئەدی سوپاکەی ئەفغانی چی لێبەسەر هات؟ گومانی تێدانییە، کە لە ئایندەی نزیکدا، دەیان کتێب و مەحازەرە لەسەر وەڵامی ئەو پرسیارە ئامادە دەکرێن و بۆ ساڵەها دەبێتە کڕۆکی بابەت و شڕۆڤە. بەڵام بەڕاست هەڵە کووشندەکانی هێزی ئاسایشی ئەفغانی چی بوون؟ هۆییەکان زۆرن، لە سەرووی هەموویانەوە: گەندەڵی و نەبوونی ئیرادەی شەڕ و بەرەنگاربوونە داوی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا، ئەمەش بۆ چەند ساڵێکی دیکەش هەر وا دەبێ. هەمیشە قونسوڵخانەکانی ئەمەریکا، ڕاپۆڕتیان دەدا بە واشنتۆن کە گەندەڵی و گەلەندەڵکاریی بە شێوەیەک لە نێو سوپای ئەفغانی تەشەنەی کردووە باس ناکرێ. ئیشی سەرکردە سەربازییەکان، هەر ئەوە بوو مووچە بۆ هێزەکانیان ببڕنەوە و ئەو چەک و شتوومەکە سەربازییەی ئەمەریکا دەیدانێ، لە بازاڕی ڕەشدا بیان فرۆشنەوە. بەردەوام لە بارەی ژمارەی سەرباز و هێزەکانیان درۆیان لەگەڵ ئەمەریکا دەکرد.

جگە لەوەی، هێزەکانی حکوومەت هەموو پشت و ئیرادە و ورەی خۆی بە هێزی ئاسمانی ئەمەریکاوە بەستبوو و تەنانەت لە چاککردنەوە و چەخماخسازیی چەک و چۆڵەکانیشیاندا. ئەوەی قوڕەکەی خەستتر کردبوو ئەوەبوو، لە نێو سوپای ئەفغانی بە قەراری قەتعی سەرکردەیەک نەبووە دەستڕۆیشت و خاوەن ئیرادە و دەسەڵات بێ. چەند پیرەمێردێکی سەربازیی بێ هێز و بێ لیاقە و بێوەج، خۆیان لە کۆشکی کۆماری بە عەردیدادابوو، خۆشیان یەکتریان لەکن بە قیمەت و شەئن و شکۆ نەبوو، ئەوەندەی لە نێوخۆیاندا خەریکی شەڕە دنووکی سیاسی بوون نیو ئەوەندە خەریکی شەڕی چەکداریی گۆڕەپانەکان نەبوون. هەموو هیوای حکوومەتی ئەفغانی ئەو هێزە کۆماندۆزە بوو کە ئەمەریکا مەشق و ڕاهێنانی پێکردبوون. لێ ئەوانیش لە بەرەی شەڕی فیعلیدا شکستیان هێناو بێ دەسەڵات دەرچوون. ئێستا وڵات بەرەو کوێ؟ لە واقیعدا ئێستا، وڵات، لەژێر دەسەڵاتی تاڵەباندایە، حکوومەت تەنها (٣) ولایەتی بەدەستەوە ماوە. خوێندنەوەکانیش وا نیشان دەدەن، کە پایتەخت هێزی چەکداری و لۆجستیی دەیفاعکردنی لە خۆی نەبێ. دواین هەواڵ، باس لە نزیک بوونەوە و پێشڕەوی تاڵەبان دەکەن لە میحوەری باکوور و باشووری پایەتەخدا و ئەمەریکاش دەیەوێ زۆر لە حکوومەت بکات لەگەڵ تاڵەبان پێک بێ جا بەهەر نرخ و قیمەتێک بی. بەڵام هەموو شتەکان ئێستا بەدەست تاڵەبانەوەیە. ١٣/٨/٢٠٢١ *

خاتووئەزیباخان (Aizbah Khan) هەڵگری بڕوانامەی ماستەرە لە ڕشتەی پيوەندییە جەماوەرەییەکاندا، خاتوونێکی ڕۆژنامەوانی ناسراوە، بەوە ناوبانگی دەرکردووە کە هەمیشە دەست بۆ بابەتی ناوازەدەبات کە هەموو کەس درکی پێناکات، ئێستا ئەو بۆ ماڵپەڕی (بۆڵ نیوز) لە شاری کەراچی ــ پاکستان کاردەکات.