وڵاتێکی هەمیشە نا ئارام... هەموو شتێک دەربارەی ئەفغانستان

ڕاپۆرت

19/08/2021‌ 2044 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

من ڕاڤیارم، ئەو وڵاتەتان پێدەناسێنم کە لە ئێستادا گەرمترین بابەتی ڕۆژەڤی میدیا جیهانیەو ناوەندە سیاسی و ئەکادیمیەکانە.

وڵاتێک کە لە ماوەی یەک هەفتەی ڕابردودا زۆرترین قسەو باسی لەبارەوەکراوەو زۆرترین بابەتی میدیایی و نوستن و وتار و لێکۆڵینەوەی لەباوەرە ئامادەکراوە.


ئەفغانستان، وڵاتی هەمیشە نائارام...

ئەفغانستان ناوە فەڕمیەکەی کۆماری ئەفغانستانی ئیسلامیە، دەوڵەتێکی  داخراوە، لە ئاسیای ناوەڕاستدایە، دەکەوێتە باشووری وڵاتەکانی تاجیکستان و ئۆزبەکستان و تورکمانستان، ئێران لە رۆژئاوایەتی و ۆژهەڵاتیشی چینە.

ناوی وڵاتەکەیان لە ئەفغان هاتووە، گروپێکی نەتەوەیی و رەگەزین، لە سەر ئەو خاكە نیشتەجێبوون کە ئێستا وڵاتی ئەفغانستانە.
لە ڕوی پێگەی ستراتیژیەوە ڕێگەی بەستنەوەی رۆژهەڵات و رۆژئاوا و باشووری ئاسیایە پێکەوە، لەسەردەمی ئەسکەندەری گەورەدا لەژێردەستی رۆمانیەکاندا بوو، دواتر لە هەڵمەتی فتوحاتدا کەوتۆتە ژیر فەرمانرەوایی ئیسلامی، مەغۆلەکانیش توانیویانە داگیری بکەن.

رەگەزی ئەفغانیەکان وەک ئاری ناسێندراوە کە بە  برای کورد و فارس و تاجیکیەکان دەناسرێن..
لە سەدەی هەژدەدا خێڵی پشتۆن دەرکەوتوون، بوونە بنەڕەتی دامەزراندنی مێژووی نوێی ئەفغانستان، ئەحمەد شا دوڕانی بە دامەزرێنەری دادەنرێت لە ساڵی ١٧٠٩ دا و لە قەندەهار دەسەڵاتی گرتۆتە دەست و حوکمی کردووە، ساڵی ١٧٤٧ شانیشنی دوڕانیەکانی دامەزراندووە، ساڵی ١٧٧٦ پایتەختی گواستەوە بۆ کابووڵ، هەر لەو کاتەوە دەکەوێتە ناو گەمە سیاسیەکانی رووسیا و ئینگلیزەوە، تا ساڵی ١٩١٩ سەربەخۆی خۆی لە ئینگلیز وەردەگرێتەوە

لە دەیەی حەوتەمی سەدەی بیستەوە ئەفغانستان بە ئەزموونێکی خراپدا تێپەڕی، ئەویش شەڕی ناوخۆی ئەفغانستان بوو لە ساڵی ١٩٧٩ کەوتەوە دەستی وڵاتە دەرەکیەکان وەک سۆڤیەت و ساڵی ٢٠٠١یش ئەمریکا بە بیانوی لە ناوبردنی تیرۆر داگیری کرد.

رووبەری ئەم وڵاتە ٦٥٢ هەزار و ٢٣٠ کیلۆمەترە، سەرچاوەی سروشتی دەوڵوەمەنی هەیە کە دەبێتە یارمەتیدەرێکی باشی ئابوری وڵاتەکە..
پێکهاتەی بەرزی و نزمیەکەشی جیاوازی هەیە، شاخ و بیابان و دۆڵ و دەشت لەخۆ دەگرێت، دەکرێت بە سێ ناوچەی سەرەکیەوە، دەشتاییەکانی باکوور و شاخەکانی ناوەڕاست سێ یەکی وڵاتەکەی پێکهێناوە

لە رووی ئیدایەوە ئەفغانستان پێکهاتووە لە ٣٤ ولایەت کە هەر ویلاتێک لە چەن پارێزگایەک پێکدێت، هەمووی پایتەختی خۆی هەیە و کارگێڕی و پارێزگاری خۆی هەیە، پارێزگاکان دابەش دەکرێت بەسەر ٣٩٨ ناوچەی بچووکتر، ئەوانیش لە چەندین شار و گوند پێکهاتوون، هەموو پارچەیەکی کارگێڕی حاکمێکی خۆی هەیە کە لەلایەن سەرۆکی وڵاتەوە دادەمەزرێن.

ژمارەی دانیشتوانەکی ئەفغانستان ٣٤ملیۆن و ١٢٤ هەزار و ٨١١ کەسە، ٣ ملیۆن و ٢٨٩ هەزار کەس لە کابوڵی پایتەخت دەژی کە گەورەترین ولایەتی وڵاتەکەیە، قەندەهار دووەم گەورەترین ولایەتە و نیو میلۆن کەسی تێدا دەژی.

لە ساڵی ٢٠٠١1ەوە ئەمریکا پارتی دەسەڵاتداری تالیبانی لەو وڵاتە رامالی و حوکمێکی نوێی لەو وڵاتە لە ژێر چاودێری خۆیدا پێکهێنا،.

لەماوەی ٢٠ ساڵی رابردوودا ئەمریکا ٨٩ ملیار دۆلاری لە سووپای ئەفغانستاندا خەرج کردووە، راهێنانی پێکردوون و چەک و ئۆتۆمبێل و تانکی سەربازی بۆ دابینکردوون، بە فەڕمی ٣٠٠ هەزار کەس لە ریزەکانی سووپای ئەفغانستاندا چەکدار بوون.

ئەمریکا لە دەوحەی پایتەختی قەتەر بە رێککەوتن لەگەڵ تالیبان وازی لە پاراستنی ئەفغانستان هێنا بەو مەرجەی داڵدەی تیرۆر دژی بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا نەدات، رێککەوتنەکە لەلایەن دۆناڵد ترامپ سەرۆکی پێشووی ئەمریکا واژوو کرا

چاودێرانی سیاسی و ئابووری پشت لێکردنی ئەمریکا بۆ دەسەڵاتدارانی ئەفغانستان دەگێڕنەوە بۆ بوونی گەندەڵی و بەڕێوەبردنێکی خراپی وڵاتەکەیان، لە بواری سەربازیدا رۆژنامەکان بڵاویان کردۆتەوە لە کۆی ٣٠٠ هەزار کەس ٥٠ هەزار چەکداری راستی بوونیان هەبووە ئەوەی تری تەنها بە شێوەی وەهمی و کورد وتەنی بندیوار بون و تەنها ناویان هەبوە.

لە ١٥ی ئابی ٢٠٢١ و بە شێوەیەکی نا ئاسایی و بە بێ شەر و بەرگری کۆتایی بە حوکمی ئەو وڵاتە هات وفەرمانرەواکانی حوکمیان بۆ بزوتنەوەی تالیبان بە جێهێشت.
ئەمە ئەو وڵاتەبوو کە چەند رۆژێکە زۆرترین قسەو باسی لەبارەوە کراوەو چاودێران لە چاوەروانیی روداوەکانی دوای شکستی دەسەلاتدارەکانی وڵاتەکەدا ماونەتەوە.