بە لێدانێکى توند ئەمریکا لە بەرامبەر چیندا دۆڕا

ڕاپۆرت

20/08/2021‌ 3645 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ململانێى نێوان دوو مەزنترین زلهێزى ئابورى لە جیهان (ئەمریکا و چین)، ململانێیەکى ئابورییە، ململانێیە بۆ دەست بەسەراگرتنى کانە خاوەکان و کانزا دەگمەنەکان؛ ئەو کانزایانەى لە پیشەسازییەکانى ئایندەدا بەکاردێن، ئەو وڵاتەى ببێتە خاوەنى ئەو ماددە خاوانە، دەبێتە خاوەنى دوا رۆژى ئابورى.

کەواتە، کێ چۆتە نێو ئەفغانسان بۆ ئەو شتانە؟ 
هەمووان لە میانى (وێنەى ریش و عەمامەکانى بزوتنەوەى تاڵیبان) ەوە تەماشاى بابەتى ئەفغانستان دەکەن... دیارە بابەتەکە زۆر لەمە قوڵترەو، و زیاتر بابەتێکى ئابورییە؛ هەرچى ئەو ماددەو کانزا دەگمەنانەى لە خاکى ئەفغانستاندایە، بە نهێنى ماوەتەوە؟ 

ململانێیەکە بەم شێوەیەى لاى خوارەوەیە: 
یەکەم: ئەفغانستان خاوەنى گەورەترین یەدەگى کانزاى (لیسیۆم)ە، ئەو کانزایەى لە پیشەسازى دروست کردنى پاترى ئۆتۆمبیلى کارەباییدا بنەڕەتى دەبێت؛ واتە ئۆتومبیلەکانى ئاییندە. 

نرخى ئەم کانزایە لە ساڵى ٢٠١٥ دا بۆ هەر تۆنێک (٦٥٠٠ دۆلار) بوەو بەردەوام لە زیادبونیشدا بوە، رەنگە لە ماوەیەکى کورتتدا (٢٠٠٠٠ هەزار دۆلار) تێپەڕێنێ. ئەوەى ئەم کانزایەى هەبێ و حوکمى پێوە بکات، حوکم بە ئاییندەى بازرگانى ئۆتومبیلەوە دەکات لە ئایندەدا. دیارە تاوەکو ئێستا یەدەگى ئەم جۆرە کانزایە وەبەرهێنانى تێدا نەکراوە.

دووەم: ئەفغانستان خاوەنى یەدەگێکى زۆرى کانزاى (برلیۆم)ە، کە بە شێوەیەکى بنەڕەتى لە پیشەسازى ئەلیکترۆنى و دروست کردنى فرۆکەى خێرا و رۆکێتدا بەکاردەهێنرێت، سەرەڕاى بەکارهێنانى لە دروست کردنى مانگى دەستکرد و کەشتى ئاسمانی و چەندین پیشەسازى دیکەى ئایندەیی. شایانى باسە ئەم جۆرە کانزایە بە نرخ ناپێورێ و بەبەراوکردن لەگەڵ کانزاکانى دیکەدا نرخەکەى دەگاتە ژمارەیەکى پێوانەیی. 

سێیەم: ئەفغانستان بە دووەم گەورەترین یەدەگى جیهانى دادەنرێت لە کانزاى (مس)دا، ئەم کانزایەش لەسەرجەم پرۆسە پیشەسازیەکاندا بە کەرەستەیەکى بنەڕەتى دادەنرێت و نرخى تۆنێکى مەترى لەم ساڵدا گەیشتۆتە (١٣٠٠ دۆلار)، پێشبینى ئەوەش دەکرێت نرخى تۆنێک لە ساڵى ٢٠٢٥ دا بگاتە (٢٠٠٠٠ دۆلار). 

لێرەدا تێبینى ئەوە دەکرێت، زۆربەى شرۆڤەکاران هەوڵى ئەوە دەدەن باز بەسەر رەهەندى ئابوریدا بدەن لە جەنگى ئەفغانستان، و تەنها ئاماژە بە ریش و عەمامەکانى تاڵیبان بکەن. 

چین دراوسێى ئەفغانستانەو ڕاڕەوێکى سنوورى بەناوى (واخان) پێکیانەوە دەبەستێتەوە لەو پەڕى باکورى رۆژهەڵاتى ئەفغانستانەوە. 

ولاتى چینى لەسەر خۆو پێگەیشتوو، ئەمانە دەقۆزێتەوەو وەبەرهێنان لە کانە سەرەتاییەکانى ئەفغانستاندا ئەنجام دەدات، چین زۆر تینوى ئەو کانزا دەگمەنانەیە؛ کە لە سنورەکەیەوە زۆر دوور نییە و کەمترە لە (٢٠٠٠کلم)، هێڵە ئاسنینەکانى دەخاتە کار بۆ گواستنەوەى شەمەندەفەرەکانى و ئەو کانزا دەگمەنانە دەگوازێتەوە؛ کە هەمان هیڵى ئاسنینى رێگاى حەریرە. 

بۆ ئەوەى بازرگانێکى سەرکەوتوو بی، پێویستە سیاسیەکى لێهاتوش بیت، نەوەک کەسێکى کاوبۆیی چەک بەشان بیت. 

لەسەر پەتى رووداوەکان (چین سەردەکەوێ و ئەمریکا دەکەوێ)

مجيد الناشي ... ئەندازیارى راوێژکار.. شارەزاى پێشوو لە نەتەوە یەکگرتوەکان.. شارەزاى پسپۆڕ لە بوارى وزە.
وەرگێڕان : حلمى رەسول رەزا